سنووری سلێمانی، پشتیوانیی لە پڕۆژەی بازرگانی

10:22 - 2024-05-12
ئابووری
177 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە کۆبوونەوەکەی نێوان وەفدی رێکخراوی BBW و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی

ل. ئابووری

رێکخراوی BBW ئەڵمانی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رێکەوتن لەسەر ئەوەی بە هاوبەشی کار بۆ بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی گەنجان بکەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی. 
لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی پێشکەشکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم  پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند و بەرزكردنەوەی ئاستی توانای گەنجان لە پارێزگای سلێمانی رێکخراوی BBW ئەڵمانی بە هاوبەشی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانیی هونەری پێشکەشی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند دەکات.

سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە نوێگەری و داهێناندا هەر بۆیە دەمانەوێت هەنگاوێکی زیاتری بەرەوپێشبردنی کاری ناوخۆ و بەرهەمهێنانی پڕۆژە ناوخۆییەکان زیاد بکەین

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و د. سەلام عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی ژوور پێشوازییان کرد لە (مارتین واڵ) شارەزا لە رێکخراوی BBW ئەڵمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا (مارتین واڵ) شارەزای بەشی هونەری لە رێکخراوی BBW ئەڵمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستپێکردنی کارکردن لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە مەبەستی بەرزركردنەوەی ئاستی توانا مرۆییەكان و كارگێڕی لە بواری  پڕۆژەی بچووک و مامناوەنددا لە پارێزگای سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشدا رێکخراوەکەیان لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کۆدەبێتەوە بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکانیان بن و بتوانن پشتیوانیی هونەری بکەن بۆ چارەسەرکردنیان.
نەوزاد غەفوور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، تایگەیاند: «کارکردنی ریکخراوی BBW ئەڵمانی لەگەڵ ژووری بازرگانی دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ باشکردن و پێشکەوتنی پڕۆژە بچووک و مام ناوەندەکان لە رووی بەرزكردنەوەی توانا مرۆی و كارگێڕییەوە، بە تایبەتیش کە ئێستا ژووری بازرگانی گرنگی تەواو بە پڕۆژە مامناوەند و بچووکەکان دەدات»
راشیگەیاند: «پارێزگای سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە نوێگەری و داهێناندا هەربۆیە دەمانەوێت هەنگاوێکی زیاتری بەروپێشبردنی کاری ناوخۆ و بەرهەمهێنانی پڕۆژە ناوخۆییەکان زیاد بکەین و دەرفەتی کارکردن زیاتر برەخسێنین و گەنجان هانبدەین دەست بە پڕۆژەی خۆیان بکەن».
پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی (مارتین واڵ) شارەزای بەشی هونەری لە ێکخراوی BBW ئەڵمانی، لەناو بینای ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چاوی کەوت بە خاوەنی ژماریەک لە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند تا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کێشانەبێت کە رووبەڕوویان بۆتەوە لە کاتی کارکردنیاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان