بایەخی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند

10:26 - 2024-05-12
ئابووری
158 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

پڕۆژەی بچووك و مامناوەند پلە و پایەیەكی گرنگی هەیە لە ئابووری وڵاتانی تازە گەشەكردوودا، لە سەرەتای ئەم سەدەیەشەوە، گۆڕانكاریی گرنگ لەو بوارەدا رووی داوە و گرنگیی تایبەتی پێ دەدرێت، لەبەرئەوەی زۆربەی لێكۆڵینەوەكان لە كۆمەڵگە جیاجیاكانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پڕۆژەی بچووك و مامناوەند هاوبەشییەكی بەرچاو دەكەن لە داهاتی نەتەوەییدا و لە رووی دابینكردنی هەلی كاریشەوە، بە تایبەتی لە ریزی گەنجاندا لە ریزی پیشەوەیە لە كۆی سەرجەم بوارەكانی كاركردندا.
لە توێژینەوەیەكی بانكی ناوەندیی عیراقدا هاتووە: ئاسان نییە پێناسەیەكی دیاریكراو بۆ پڕۆژەی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند بكرێت، لەبەرئەوەی دوو دەستەواژە و دوو چەمكن، بە پێی وڵات و كۆمەڵگەی جیاواز واتا و پێناسەیان دەگۆڕێت. لە وڵاتانی تازە گەشەكردوودا ناكۆكی هەیە لەسەر پێناسەی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند و بەشێكی زۆری ئەو ناكۆكییەش پەیوەندی بە سیستمی ئابووری و ئاستی گەشەی ئابووری ئەو وڵاتەوە هەیە.

پسپۆڕان پێیان وایە پڕۆژەی بچووك و مامناوەند یەكێكە لەو هۆكارانەی ئابووریی وڵات بەرەو پشتبەستن بە ئابووریی بازاڕ دەبات، ئەم تایبەتمەندییەش بۆ ئەو وڵاتانە گرنگە كە مەبەستیانە ئابوورییەكەیان بەو ئاراستەیە بەرن


لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك پێوەر و هۆكار هەن، كاریگەرییان لەسەر پێناسە و پۆلێنكردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە هەیە، لەوانەش ئامانجی پڕۆژەكە، جۆری چالاكی، قەبارەی دامەزراوەكە و شێوازی دابەشكردنی كار تیایدا، كە هەر بە پێی ئەو پێوەر و هۆكارانە چەند جۆرێكی پۆلێنكردنیش هەیە.

پۆلێنی یەكەم:
1-
پڕۆژە بچووك و مامناوەند باوەكان: ئەمانە ئەو پڕۆژانەن كە لە رووی ئابوورییەوە لاوازن و ئاستی كارامەیی كرێكارەكانی نزمە و بەرهەمی كەم و بازاڕی لاواز و ئاڵۆزیی زۆر لە كارەكانیاندا هەیە.
2-ئەو پڕۆژە بچووك و مامناوەندانەی بە هۆی ژینگەی بازاڕەوە دێنە كایەوە: ئەمانە لە رووی ئابووری و بازاڕەوە كاران و كرێكاری كارامەیان هەیە و هەوڵیش دەدەن بازاڕی دەرەكی و ناوەكی بۆ خۆیان بدۆزنەوە، نەرمییان تێدا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بازاڕی كار و خواست و خستنەڕوودا.
3-پڕۆژە بچووك و مامناوەندە پێشەنگەكان: ئەم جۆرە پڕۆژانە كەسانی خاوەنكاری لێهاتو و سەركێشیان هەیە و لەو كەسانەن كە وەبەرهێنانی لە كاری نوێ و هێزی مرۆییدا دەكەن، بەوە دەناسرێنەوە كە بە ئاسانی سەركێشی لە وەبەرهێناندا دەكەن.

پۆلێنی دووەم:
1-
پڕۆژەی بەرهەمی پێشەسازی: ئەو جۆرەیە كە ماددەی خام دەگۆڕێت بۆ كاڵایەكی دیاریكراو، بە زیادكردنی زێدەبایی بۆ سەر نرخی ئاوتپوتی ماددە خامەكە.
2-پڕۆژەی خزمەتگوزاریی: بریتییە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریی بە كڕیار.
3-پڕۆژەی بازرگانی: ئەم جۆرەیان پشت بە كڕین و فرۆشتن و دابەشكردنی كاڵا و شمەكی بەرهەمهاتوو دەبەستێ.

پۆلێنی سێیەم: 
1-
پڕۆژەی بچووك: شوێنی جێگیری هەیە و ژمارەی كرێكارەكانی پێنج كەس دەبن.
2-پڕۆژەی زۆر بچووك: شوێنی جێگیری هەیە و ژمارەی كرێكارەكانی دوو كەسن.
3--پڕۆژەی زۆر بچووك: شوێنی جێگیری نییە و زۆربەی كات تەنیا یەك كەس كاری تێدا دەكات.
پۆلێنی چوارەم: ئەم پۆلێنە زیاتر پەیوەندی بە بواری پیشەسازی و كشتوكاڵی و خزمەتگوزاری و پەروەردەوە هەیە، ئەوانیش دەكرێن بە چەند بەشێكەوە:
1-
سەرمایە: هەموو ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە كە پێویستە پڕۆژەكە.
2-ئامێر و پێویستییەكان: سەرجەم ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە كە پێویستن بۆ بەرهەمێهان.
3-كرێكاری: سەرجەم ئەو كرێكارانە دەگرێتەوە كە پێویستن بۆ پڕۆژەكە.
4-كارگێڕی: بەرپرسە لە وەگەڕخستنی پڕۆژەكە بە باشترین شێوە و گەیاندنی بە ئامانجی دیاریكراو.
5-تەكنۆلۆجیا: ئەمەشیان بەشێك دەبێت لە شێواز و رەگەزەكانی بەرهەمهێنان.
بە شێوەیەكی گشتی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە ئابووری و بازاڕی كاردا، چونكە پسپۆڕان پێیان وایە پڕۆژەی بچووك و مامناوەند یەكێكە لەو هۆكارانەی ئابووری وڵات بەرەو پشتبەستن بە ئابووری بازاڕ دەبات، ئەم تایبەتمەندییەش بۆ ئەو وڵاتانە گرنگە كە مەبەستیانە ئابوورییەكەیان بەو ئاراستەیە بەرن.

سەرچاوە: بانكی ناوەندیی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان