پاككردنەوەی بەنداوەكان، رێگایەک بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان

12:15 - 2024-05-12
ژینگە
214 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: ئالان محەمەد جەزا 

لەماوەی رابردوودا دامەزراوەی ڤیم بەهاوكاری شارەوانی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان و كۆمپانیای ئۆرانۆس توانیان لەماوەی پێنج رۆژدا نزیكەی (250) تۆن خۆڵوخاشاک لە دەریاچەكە پاكبكەنەوە کە مەترسیبوون بۆ ژینگە لەكاتێكدا دەریاچەكە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی دەربەندیخانە.
شایەنی باسە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا یەکێک لە دەرگاکانی بەنداوەکە کرایەوە لەبەر زۆر گلدانەوەی ئاو و نزیکیی بەنداوەکە لە سەرڕێژ کردن کە پێنج ساڵ ئەوە رووینەداوە و تائێستا نزیكەی(837.2)ملم باران لە سنوری دەربەندیخان باریوە. 

یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان پاشماوە تەندروستییەكان و ئاوەڕۆی شارەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و شارەزوورە کە دێتەوە ناو دەریاچەكە

لەو بارەیەوە سامان ئیسماعیل محەمەد: بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە گرنگی پاككردنەوەی بەنداوەكان بۆ سروشت و ژینگەی کوردستان و دەربەندیخان وەک یەکێک لە بەنداوە گرنگەکانی هەرێم دواو وتی: ئەركی سەرشانمانە بە بەردەوامی پارێزگاری لە ژینگەی سنوری بەنداوی دەربەندیخان بکەین، بەڵگەش ئەوەیە ساڵانە هەوڵمانداوە ئەو دەریاچەیە بەشێوەیەكی گشتی پاك بكرێتەوە، بەنداوی دەربەندیخان یەكێكە لەو بەنداوانەی لە سەرئاستی هەرێم و عیراقیش بەتایبەت نموونەیین و وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق لەماوەی رابردوودا سەردانی بەنداوی دەربەندیخانی كرد یەكەم  وشەی سەرسامبوونی بوو بە پاكیی بەنداوەکە.
گرنگی پاککردنەوەی بەنداوەکان بۆ ژینگە
ئەو بەڕێوەبەرە لەسەر گرنگی پاككردنەوەی بەنداوەكان بۆ ژینگە و سروشتی كوردستان دەڵێت: بەنداو خۆی چەند مەبەستێك هەیە لە دروستكردنی یەكێك لە مەبەستەكانی گەشتوگوزارە، جا ئەگەر بەنداوەكە خۆی نەتوانێت سیمایەكی جوان ببەخشێ‌ بە شوێنەكان ئەوا واتای وایە ئەركەكەی خۆی جێبەجێنەكردووە، بۆیە زۆر گرنگە بەنداو بە شێوەیەكی جوان پاكبكرێتەوە.
ساڵانە بە چەند قۆناغ بەنداوەكە پاكدەكرێتەوە؟
 ئێمە ساڵانە بەدوو قۆناغ دەست دەكەین بە پاككردنەوەی بەنداوەكان 
قۆناغی یەكەم: كاتێك ئاو دەگاتە ئاستی دەرگاكان كە ئێمە پێیدەڵین دەرگای سپیل وەی لەو كاتەدا دەست دەكەین بەهەڵمەتی یەكەم بۆ پاككردنەوە.
قۆناغی دووەم: بەو شێوەیەی كاتێك ئاو دەگاتە بەرزترین ئاستی پڕبوون، لەو كاتەدا دەست پێدەكەین ساڵیش هەیە خۆمان دەزانین زیاتر ئاوی تێ نایەت دەست دەكەین بە پاككردنەوەی.
ئامێرێك بۆ پاككردنەوەی بەنداوەكان 
بەڕێوەبەری بەنداوەکە باسی لەوە کرد ئامێر هەیە لە جیهاندا بۆ پاککردنەوەی بەنداوەكان وەك دەڕاسە لەناو ئاوەكەدا دەسوڕێتەوە دەست دەكات بە پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ناو بەنداوەكە، چەندین ساڵە هەوڵدەدەین بیكڕین بە هۆی گرانیی نرخی ئامێرەكەوە نەمانتوانیوە دابینی بكەین، ئێستاش لە هەوڵداین دانەیەك بكڕین بۆ بەنداوەكانی كوردستان ئەو كاتە هەربەنداوێك پێویستیبوو بەكاریبهێنێت.  
سامان ئیسماعیل لەسەر پلانی داهاتوویان بۆ پاراستنی بەنداوەکە وتی: ئەوەی لەسەر ئێمەبێت هەوڵدەدەین بە پێی قۆناغەكان هەرچی پاشەڕۆو پلاستیك بێتە بەنداوەكەوە قۆناغ بە قۆناغ پاكیبكەینەوە، زنجیرە تەوافێكمان هەبوو لە كاركەوتبوو چاكمان كردەوە كە ئەوە رێگریی دەكات بگەنە بەنداوەكە لە شوێنێك كۆیان دەكاتەوە و دواتر فڕێدەدرێت.
خزمەتی ژینگەی ناوچەکە بکەن
هاوکات عوسمان عەبدوڵڵا قادر سەرۆكی شارەوانی دەربەندیخان لەبارەی ژینگەی ناوچەکە و پاکردنەوەی بەنداوەکە وتی: ئەو پرۆسەیە ساڵانێكە شارەوانی جێبەجێی دەکات بەهاوكاری كۆمپانیای پاككەرەوەی سنورەكە، بەڵام ئەمساڵ دامەزراوەی ڤیم هاتنە سەرخەت بە كۆمەڵێك كەسەوە دەستخۆشیان لێدەكەین بیرۆکەکە بۆ یارمەتیدانی شارەوانی بوو، ئێمەش گەڵابەمان دابینكرد لەلایەن کۆمپانیای ئۆرانۆس-ەوە خستمانە خزمەتیان، خۆشمان بە بەردەوامی بۆماوەی پێنج رۆژ لەگەڵیاندا بووین بۆ جێبەجێكردنی كارەكە و سوپاسیان دەكەین، پرۆسەكە باشتر لە ساڵانی پێشوو جێبەجێكرا.
لەبارەی هۆکاری پیسبوونی بەنداوەكە وتی: زۆر هۆكار هەیە وەك لایەنی سروشتی كە زۆنێكی فراوان ئاودەڕژێنە زۆنی شارەزوورەوە لەگەڵ شاخەكانی دەوروبەر و بەشێك لە ئێرانیش ئاوڕێژەكەی زۆرە، ئەمساڵیش لافاو زۆر بوو لەبەرئەوە خۆڵ و خاشاكێكی زیاتر لە ساڵانی پێشوو كۆببۆوە.
لایەنێكی تر لە پیسبوونی بەنداوی دەربەندیخان ئەو گەشتیارانەیە كە روودەكەنە ناوچەكە و ئەو گوندانەی نزیكن خۆڵ و خاشاكیان فڕێدەدەنە ناو دەریاچەكەوە، هەروەها راوچییەكان سەرپێچی زۆریان هەیە و پاشماوەكانیان لە ئاوەکەدا جێدەهێڵن.
لایەنێكی تر پاشماوە تەندروستییەكانە و ئاوەڕۆی شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو شارەزوور و دەوروبەری دێتەوە ناو دەریاچەكە.
لەڕاستیدا پێویستە پاككردنەوەی بەنداوەكان هەفتانە و مانگانە بکرێت نەك ئەوەی ساڵانە ئێمە کردوومانە، چونکە بەنداوەكە بە تەواوەتی مەترسی پیسبوونی لەسەرە دەكرێت بە ئامێرێكی ئاسان یان بەچەند بەلەمێك و چەند كرێكارێك ئەو کارە بكەین، بەڵام بەداخەوە شارەوانی دەربەندیخان بوودجەیەکی دیاریکراوی لەبەردەستدا نییە واتا ئێستا نە سێكتەری خزمەتگوزاری لەدەستدایە نە كرێكار نە ئیمكانیات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان