سەرۆك کۆمار لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا کۆبۆوە

03:02 - 2024-05-12
کوردستان
445 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەشاری هەولێر لەگەڵ  مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا کۆبۆوە.

لە کۆبونەوەکەدا، دۆخی گشتی و سیاسیی وڵات و پێشهاتەکانی هەرێمی و ناوچەیی و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوە ئەرێنییەکانی ئەمدواییە بۆ چارەسەرکردنی بەشێك لە کێشەکان بەگوێرەی دەستوور و رێکەوتنەکان. هەروەك هاوڕابوون لەسەر پێویستی و گرنگی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵی عیراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
سەرۆك کۆمار گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پێکەوەکارکردن و هاوئاهەنگی بەردەوام لەنێوان هەردوو حکومەتدا لەپێناوی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە و شایستە بۆ هەموو هاووڵاتیانی وڵات.
هەر لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی دیالۆگی بنیاتنەر و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری تەواو بۆ هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران. لەم روەشەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە تێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

# سەرۆك كۆماری عیراق # قوباد تاڵە‌بانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان