پێناسه ‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان . . .

راگەیاندنی نوێ New Media

10:37 - 2024-05-13
کەلتور
198 جار خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا


   
سەرنجی پیشوەخت لەبارەی چەمكی راگەیاندنی نوێ-ەوە، ئەوەیە كە، بەپێی زۆربەی ئەو توێژینەوە زانستییانەی كە لە بواری پسپۆریی راگەیاندندا هەن، بەتایبەتیش توێژینەوە هاوچەرخەكان كە بایەخ بە گەشەكردنی ئامرازەكانی راگەیاندن و شێوازی كاركردن و لایەنی تەكنیكییان و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەركەكانیان  دەدەن، تا ئێستا‌، وەك زۆر چەمكی تر، كۆدەنگی یان رێككەوتنێك لەسەر دیاریكردنی چەمكێكی بێ گرفت و یەكلاكەرەوە بۆ چەمكی راگەیاندنی نوێ، لەئارادا نییە.
جگە لە زۆروزەوەندیی ئەو ناوانەی كە لە دیاردەی راگەیاندنی نوێ نراون و كردویانەتە بابەتێكی فرە پێناسە، جیاوازییەكی روونیش لەنێوان توێژەرانی بواری زانستەكانی راگەیاندن و پەیوەندیكردن و تەكنەلۆژیای پەیوەندیكردندا هەیە لەبارەی چەمكی راگەیاندنی نوێ-وە، ئەوان هەموویان لەسەر ئەو خاڵە كۆكن كە دیاریكردنی پێناسەیەكی كۆكەرەوەو گشتگیر بۆ ئەم چەمكە، كارێكی ئەستەمەو بوونی نییە.
بە مانایەكی روونتر، ئەمڕۆ هەر توێژەر‌ێك بەپێی بواری زانستی و پسپۆریی خۆی و لە روانگەیەكی دیاریكراوەوە پێناسەی كردووە، هۆكاری ئەوەش لەلایەك ئەگەڕێتەوە بۆ‌ پەرەسەندنی تەكنەلۆژیی خێراو بەردەوام لەبوارەكانی پەیوەندیكردنداو، لەلایەكی تریشەوە پەیوەستە بەوەی كە راگەیاندن خۆیشی، لەواقعدا، لە رووی ئامرازەكان و بەكارهێنانەكان و خەسڵەتەكانییەوە كە هێشتا بە ڕوونی و تەواوەتی گەڵاڵە نەبوونە‌، لە قۆناغی گواستنەوەدایە(1). هەر بۆیە ئاساییە كە ببینرێت هەم لەرووی ناولێنان و هەم لە رووی پێناسەكردنەوە زۆر دەوڵەمەندە‌. 




به‌پێی چه‌ند فه‌رهه‌نگ و ناوه‌ندێكی‌ ئه‌كادیمی
   لێرەدا، بە كورتی، چەند پێناسەیەك دەخەینەڕوو بۆ روونكردنەوەی دەركەوتەكانی (معالم) ئەو چەمكەی كە پێی دەوترێت راگەیاندنی نوێ، دیارترین ئەو پێناسانەش كە لە زۆر توێژینەوەی زانستیدا جەختیان لەسەر دەكرێتەوە، ئەمانەن:-
­ بەپێی پێناسەی فەرهەنگی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی، راگەیاندنی نوێ بریتییە لە پێكەوەلكانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی كۆمپیوتەر و مەڵتی میدیا.
­ بە پێی پێناسەی لیستەر»Lester»، راگەیاندنی نوێ كۆمەڵێك تەكنەلۆژیای پەیوەندی و گەیاندنە كە لە ‌ئاوێتەبوونی نێوان كۆمپیوتەر و ئامرازە سونەتییەكانی راگەیاندن و چاپەمەنی و وێنەگرتنی فۆتۆگرافی و دەنگ و ڤیدیۆ، لەدایكبووە.
­ راگەیاندنی نوێ بریتییە لەو پرۆسەیه‌ی پەیوەندیكردن كە دەرەنجامی پێكەوەبەستنی سێ رەگەزە كە ئەوانیش كۆمپیوتەر و نیتیۆركەكان و مەڵتی میدیان.
­ كۆلێژی شیردیان_ی تەكنەلۆژی (Sheridan)، پێناسەیەكی كردەیی بۆ راگەیاندنی نوێ هەیە و وای دەناسێنێت كە بریتییە لە هەموو جۆرەكانی راگەیاندنی دیجیتاڵی كە بەشێوەی دیجیتاڵی و كارلێكاری پێشكەش دەكرێن.
­ بەپێی فەرهەنگی وێبوپیدیا (Webopedia) یش بێت، ئەوا دەستەواژەی راگەیاندنی نوێ ئاماژەیە بۆ زۆر فۆرمی نوێی سیستەمی پەیوەندیكردنی ئەلكترۆنی كە لەسایەی كۆمپیوتەرەوە بۆتە كارێكی لەكردەهاتوو.(2)

سه‌رنجه‌كان له‌باره‌ی میدیای نوێوه‌
پێناسەی ئێمه‌ش ئەوەیە كە: راگەیاندنی نوێ، بریتییە لە دەسكەوتێكی كەم وێنەی مرۆڤایەتی كە لەگەڵیدا وەرچەرخانی گەورە بەسەر شێوازی نەریتیی كاری راگەیاندندا هات، ئەوەش لە سایەی گەشەكردنی تەكنەلۆژیای نوێی زانیاری و راگەیاندن و پەرەسەندنی كۆمپیوتەر و بەكارهێنانەكانی و خزمەتگوزارییەكانی ئەنتەرنێت و پێكەوە گرێدانیان و بەهۆشیانەوە دەركەوتنی دیاردەی فرەمیدیا Multimedia. 
لەبارەی هەموو ئەو پێناسە جیاجیانەش، بە پوختی، ئەم سەرنجانەمان لەلا گەڵاڵە بووە:
1) زۆروزەوەندیی ئەو ناو و رەهەند و دەركەوتنانەی كە ئەم چەمكە لەخۆی گرتوون، یەكێكە لە هۆكارە دیارەكانی ئەو هەموو پێناسەیەی كە بۆ راگەیاندنی نوێ هەن.
2) راگەیاندنی نوێ راگەیاندنێكە هێشتا لە قۆناغی گواستنەوەدایە و بەردەوام نوێ دەبێتەوە، ساڵ بۆ ساڵیش گەشە دەكات و خزمەتگوزاری و بەكارهێنانی نوێ پێشكەش دەكات، لەبەر رۆشنایی ئەو گەشەكردنانەش سەرلەنوێ تیۆریزە دەكرێتەوە.
3) راگەیاندنی نوێ چەندین پێناسەی تری جیاواز و لێكچووی هەیە كە لەكۆتاییدا گوزارشت لەم فۆرمە تایبەتەی راگەیاندن دەكەن كە تێكەڵ بە ژیان و كەلتوری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بووە.
4) لە زمانە جیاجیاكانی وڵاتانی جیهاندا ئەدەبیاتێكی زۆری لەبارەی راگەیاندنی نوێ-وە بەرچاو دەكەون، لەگەڵ هەر قۆناغێكی گەشەكردنیشیدا سەرلەنوێ پێناسە دەكرێتەوە، یان پێناسەی نوێی بۆ زیاد دەبێت، لەئەنجامی كرانەوەی جیهانیش بەرووی وڵاتاندا و سوود وەرگرتنی زانستییان لەیەكتر، ئەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەندتر دەبێت.
5) راگەیاندنی نوێ بە ئەندازەی ئەو تایبەتمەندییانەی كە هەیەتی و ئەو بەشە جیاجیانەی كە خۆی تێدا دەردەخات، شیاوی وەرگرتنی فرە پێناسەییە، چونكە نزیككاری زانستییانە (المقاربة العلمیة) بۆ چەمكی راگەیاندنی نوێ تەنها بەهۆی تایبەتمەندی و بەش و ناوەكانییەوە ئەگونجێت. 
6) جگە لەوانە، بەڵگەنەویستێكی زانستی كە پێشەكی هەموو توێژەوەیەكی ئەكادیمی لەبارەی پێناسەی راگەیاندنی نوێ-ەوە داگیر دەكات، ئەوەیە كە تاكە پێناسە و پێناسەی كۆتایی ئەم چەمكە كارێكی نازانستییە. هەروەك زانای ئەمریكی، ستیف جۆنس-یشJones)  (3 دەڵێ: تا ئێستا وەڵامێكی پڕ بە پێست و لێبڕاوانە بۆ ئەو پرسیارە نییە كە دەپرسێت: راگەیاندنی نوێ چییە؟.

 

راگەیاندنی نوێ هێشتا لە قۆناغی گواستنەوەدایە و بەردەوام نوێ دەبێتەوە، ساڵ بۆ ساڵیش گەشە دەكات و خزمەتگوزاری و بەكارهێنانی نوێ پێشكەش دەكات

 

تایبەتمەندییەكانی راگەیاندنی نوێ:
  خاڵێكی جێی سەرنجی هەر توێژەر و مرۆڤێكی ئاسایی-ش كە پەیوەست بێت بە راگەیاندنی نوێ-ەوە و ئەم مۆدێلەی راگەیاندن لە راگەیاندنی نەریتی جیا بكاتەوە، ئەو تایبەتمەندییانەیە كە لەخۆی گرتوون. راگەیاندنی نوێ بە زۆر تایبەتمەندی دەناسرێتەوە كە لێرەدا دیارترینیان دەخەینەڕوو:
1) كارلێككاری Interactive : ئەمە بەمانای ئەوەیە كە، لایەنی نێرەر و وەرگر شوێنگۆڕكێی رۆڵی خۆیان دەكەن و پیادەكردنی پەیوەندیكردنیش Communication كارێكی دوولایەنەیە و تاك ئاراستە نییە، واتە هەر تەنها نێرەر بتوانێ نێرەر بێت و وەرگریش هەر وەرگربێت.
2) ناهاوكاتی Asynchronous: ئەمە بەمانای ئەوەیە كە، بواری كارلێككردن لەگەڵ پرۆسەی پەیوەندیكردندا لەبارە، بەدیاریكراویش لەو كاتەی كە بۆ تاك گونجاوبێت، ئیتر ئەو تاكە نێرەربێت یان وەرگر.
3) بەشداری و بڵاوبوونەوە: ئەم تایبەتمەندییەش بوار بە هەموو كەسێك دەدات كە بابەتی خۆی بڵاوبكاتەوەو  پەیامەكانی بۆ ئەوانیتر بنێرێت.
4) جوڵە و نەرمی: MOBILITY  بۆ نموونە وەك كۆمپیوتەری گەڕۆك/لاپتۆپ، كۆمپیوتەری ئەنتەرنێت، ئایپاد، مۆبایل، ئامێرە دەستییەكان، ئەویش لەرێی سوود وەرگرتنەوە لەتوڕەكانی بێ تەل.
5) گەردونی Universal: ئەمە بەمانای ئەوەیە كە، ژینگەی پەیوەندیكردن وای لێهاتووە كە بەربەستەكانی كات و شوێن و چاودێریی، تێپەڕێنێت‌.
6) پێكەوەبەستنی ئامرازەكان: ئەمەشیان خۆی لەبەكارهێنانی هەموو ئامرازەكانی پەیوەندی و گەیاندندا دەبینێتەوە، وەك تێكستەكان، دەنگ، وێنەی جێگیر، وێنەی جوڵاو animation، گرافە دوو رەهەند و سێ رەهەندەكان.

7)‌ وریایی و سەرنجدان: بەو پێیەی وەرگر لەئامرازەكانی راگەیاندنی نوێدا كارایانە ناوەڕۆكەكان هەڵدەبژێرێت و كارلێكیان لەگەڵدا دەكات، ئەوا بەوە دەناسرێتەوە كە بەرادەیەكی زۆر وریایە و سەرنجدانی خۆی هەیە، ئەمەش جیاوازە لەبەركەوتنی بە میدیای سوننەتی كە بەسروشتی حاڵ وەرگر تیایدا وەرگرێكی راگوزەر و نێگەتیڤە.
8) هەڵگرتن و پاراستن: لێرەدا ئاسانە بۆ وەرگر نامەكانی پەیوەندیكردنی هەڵبگرێت و بپارێزێت و بشیگێڕێتەوە، ئەمەش وەك بەشێك لەتواناو تایبەتمەندییەكانی خودی ئامرازەكە خۆی(4).
9) پاشەكەوتكردنی كات و هەوڵ و پارە: لەراگەیاندنی نوێدا پێویستیت بە نووسینگەیەكی جێگیر نییە كە كادری راگەیاندنی تیا بێت، چونكە بابەتەكان لەرێگەی ئەنتەرنێتەوە پەخش دەكرێن، واتە بینای گەورە و چاپخانە و پێویستییەكانی چاپكردن و كاغەز و دابەشكردن و بەبازاڕكردن و، هەروا سازێنەر (المحرر) و كرێكار و كارمەندت پێویست نییە، ئەمەش بە بەراورد بە راگەیاندنی سونەتی، تێچووەكان كەمدەكاتەوە.
10) زانینی سەردانیكەران: واتە لە راگەیاندنی نوێدا كۆمەڵێك ئاماژەپێدان فەراهەم كراون بۆ زانینی ژمارەی خوێنەران و بینەرانی ئامرازەكانی ئەم راگەیاندنە و هەندێ زانیارییش لەبارەیانەوە و پەیوەندیكردنیش لەگەڵیاندا.
11) كێبەركێ: ژینگەی راگەیاندنی نوێ بەجۆرێكە كێبەركێیەكی میدیایی لەنێوان پێگە و سایت و سەكۆ و رۆژنامە ئەلكترۆنییەكان بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش لە رێگەی ئەو بابەتە میدیاییانەی كە پێشكەشیان دەكات و لە راگەیاندنەكانی تری جیا دەكاتەوە.
12) پاڵپشتیی ئابووری: راگەیاندنی نوێ، لەڕووی مەعنەوییەوە، پاڵپێوەنەرێكیشە بۆ ئابووریی زانین. ئەگەر نەوت لە شۆڕشی پیشەسازیدا رۆڵێكی زیندووی گێڕابێت، ئەوا جیهانی دیجیتاڵی دەستێكی باڵای هەیە لە بازدانە ئابوورییە تازەكاندا كە هەوڵدەدەن پشت بە شوێنگرەوەی نوێی وزە ببەستن و كاڵای نوێ بەرهەم بهێنن كە جیهان پێشتر نەیبینی بێ و نەیزانێت(5).

سه‌رچاوه‌و په‌راوێز: 
1) الدلیمي، عثمان محمد، (2020م)، (مواقع التواصل الإجتماعي- نظرة عن قرب)، دار الغيداء للنشر والتوزيع، الأردن-عمان، ص28-30.
2) شفیق، حسنین،(2011م)،(الإعلام الجدید)، دار الفكر والفن للطباعة والنشر والتوزيع، القاهرة، ص55-56.
3) ستیڤ جۆنز، پرۆفیسۆرێكی به‌ناوبانگی ئه‌مریكییه‌ له‌ بواری كۆمه‌نیكه‌یشن و راگه‌یاندندا، سه‌رۆكی به‌شی كۆمه‌نیكه‌یشنی زانكۆی ئیلینۆیه‌ له‌ ویلایه‌تی شیكاگۆ و، نوسه‌ری فه‌رهه‌نگی راگه‌یاندنی نوێ_یه‌ 
(The encyclopedia of New Media).
4) الرفاعي، محمد خليل، (دور الإعلام في العصر الرقمي في تشكيل قيم الأسرة العربية)، مجلة جامعة دمشق، العدد الأول+ الثاني، 2011، ص711-712.
5) الدلیمي، عثمان محمد، المصدر السابق، ص38-40.

بابەتە پەیوەندیدارەکان