ئیتر باڵندەکانیش وەک جاران ناجریوێنن

09:03 - 2022-03-13
ژینگە
802 جار خوێندراوەتەوە

گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە، ژاوەژاو و شەڕ وایکردووە باڵندەکان کەمتر لەجاران لە ئاسمان دەربکەون و ترس لە مرۆڤ و ژیان و گوزەرانیان جریوە جریو و نەغمە و چێژیان لە سروشت کەمبووەتەوە و ناوێرن وەک جاران بە ئازادانە سەما بکەن و لەگەڵ دەنگی باو گەڵای درەخت و هاژەی کانیاوەکان سەمفۆنیای سروشتمان بۆ لێبدەن.
توێژەرانی سروشت و ئاژەڵناسی دەڵێن، کاتێک مرۆڤ دەچێتە شارێک بە سەیرکردنی سروشتەکەی و سەدا و جریوەی باڵندەکانیدا دەزانێت ئەو شارە چەند خۆشە، بەڵام وردە وردە خەریکە جیهان یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی جوانی سروشت لەدەست دەدات ئەویش جریوەی باڵندەیە لە ئاسمان و بەسەر درەختەکانەوە.
توێژینەوەیەکی ئەمریکی کە چاودێری دەیان جۆری باڵندەی گەڕۆکی کردووە بەناو ئاسمانی چەندین شاردا بۆی دەرکەوتووە کە جریوە جریوی باڵندەکان ساڵ بەساڵ کەمتر دەبێتەوە، لە هەر کوێیەک مرۆڤ زیاتر بێت باڵندەکان دوور دەکەونەوە و پەنا بۆ ئەو شوێنانە دەبەن کە زۆرترین خواردن و کەمترین مرۆڤی لێبێت، لە توێژینەوەکەدا ئەوەش سەلمێنراوە ساڵ بەساڵ ئەو شوێنانەی کە باڵندەکان دەیکەن بە مۆڵگە و ماڵی خۆیان کەمتردەبنەوە، واتە هێلانە و مەنزڵگەکانیان وێران دەبن و لەناو دەچن.
پسپۆڕان لە ئیتالیا بۆ ماوەی 25 چرکە دەنگی ژمارەیەک باڵندەیان تۆمارکردووە و دواتر تێکەڵی یەکتریان کردووە و بۆ ماوەی چەند خوولەکێک گوێیان لێ گرتووە دەنگێکی سەمفۆنیا ئاسای یەکجار خۆشی لێ پەیدابووە کە پێیانوایە جاران ئەو دەنگانە لەناو سروشتدا هەبوون و مرۆڤ بەبێ ئەوەی باڵندەکان ببینێت ئەو دەنگانەی بەر گوێ دەکەوت، بەڵام ئێستا کەمبوونەتەوە و لەهەندێک شوێن هەر نەماون.
زانا فەرەنسییەکانیش بۆیان رونبووەتەوە جریوەی باڵندەکان لەناو سروشتدا زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام ئەو باڵندانەی لەناو ماڵەکاندا لەگەڵ مرۆڤەکان پێکەوە دەژین دەنگەدەنگیان زیاتر بووە، دەنگە دەنگی باڵندەکانی ناوماڵ ئاوازی تێدا نییە و لە هاوار و قیژە دەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەلایەن مرۆڤەوە ئازار دەدرێن یان دەترسێنرێن و کاردانەوەکەیان بەو دەنگانە دەردەبڕن.

سەرچاوە: Nature Communications

#ژینگە #کەشوهەوا

بابەتە پەیوەندیدارەکان