بەهارە گەشتێک..

هەزاران ژن لە ئۆرگانەکانی یەکێتی کۆدەکاتەوە

11:06 - 2024-05-14
ڕاپۆرت
453 جار خوێندراوەتەوە
کۆکردنەوەی ژنان لە بەهارە گەشتێکدا

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا

بە مەبەستی ئاوڕدانەوەی زیاتر لە ژنان ‌و کچان و كۆكردنەوەیان لە گەشتێكی بەهارەدا، بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی بە پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چالاكییەكی جەماوەری فراوانی بۆ ژنان لە هاوینەهەواری دوكان رێکخست.
 فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژی شەممە 11/5/2024 وەك بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكان گەشتێكمان بۆ ژنانی ناو ئۆرگانەكانی یەكێتی سازكرد، بە كە بەپاڵپشتی سەرۆكی یەكێتی و بە هاوبەشی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و سەندیكاكان رێكخرابوو.

چالاکی جۆراوجۆر لە بەهارە گەشتەکەدا
گەشتەکە لە ژێر ناونیشانی (هێرۆخان سیمبولی تێكۆشانی ژنانی كوردە) بەڕێوەچوو تێیدا چەندین چالاكی كەلتووری، هونەری، نمایشی جلوبەرگ و هەڵپەڕكێ، پێشکەشکران و ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان تێیدا ئامادەبوون.
روناك ئەحمەد بەشداربوویەکی بەهارە گەشتەکە وتی، كۆكردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە ژنان و كچان مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە لە بۆردی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی، بەتایبەت لەم قۆناغەدا كە خێزانەكان زۆربەیان سەرقاڵن بە ماڵ و منداڵ و تاقیكردنەوەی خوێندكاران، بەڵام لەبەرئەوەی بابەتەكە باسی هێرۆخان بوو، كە هەموومان بە سیمبولی خۆمانی دەزانین، نەمانتونی ئەو جۆرە چالاكییە رەتبكەینەوە و بەشداریمان كرد.
 وتیشی: كاتی گەشتەكە زۆر لەباربوو كەشێكی بەهارە و فێنك بوو، ئەمەش وایكرد چالاکییەکان بەباشی پێشکەش بکرێن، هەروەها بووە هۆی یەكترناسینی زیاتر لەنێوان ژنان و دروستكردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوانیاندا، چونكە بەدڵنیاییەوە پەیوەندی نێوان توێژێكی گرنگی وەك ژنان، كاریگەریی زۆرباشی دەبێت لەسەر كۆمەڵگە و چارەسەركردنی هەموو ئەو گرفتانەی دێنە پێشەوە.

 

لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی: بەهارە گەشتەکە لە سۆنگەی ئەو بەرنامەیە دێت كە یەكێتی دایناوە بۆ بایەخدان بە ژنان و گەنجان

لە بەرنامەدایە بکرێتە نەریتێکی ساڵانە
هاوکات فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی باسی لەوەکرد: لە ماوەی رابردوودا چەندین بۆنەو یادی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتە پێشەوە كە بەهۆكاری جیاواز نەتوانرا بایەخی پێویستی پێ بدرێت، بۆیە بڕیارماندا لە گەشتێكی بەهارەدا بەشێکی زۆر لە ژنان كۆبكەینەوە، ئەمەش هەر لەسۆنگەی ئەو بەرنامەیە دێت كە یەكێتی دایناوە بۆ بایەخدان بە ژنان و گەنجان، بەرنامەشمان هەیە بیکەینە نەریتی ساڵانە ‌و چالاكی جۆراوجۆر بکەین.
لەیلا عەبدولڕحمان بەشداربوویەکی دیکەی بەهارە گەشتەکە دەڵێت: دڵخۆش بووم بەم كۆبوونەوەیەی ژنان، پێشتر زیاتر لەگەڵ خێزانەكانی خۆمان هاتووین، بەڵام ئەمجارە هەموومان لە یەك توێژ بووین ئەمەش وایكرد بتوانین زیاتر هەستی خۆمان دەربرین، لەوەش گرنگتر لە رێگەی نمایشكردنی وێنەكانی هێرۆخان و ئەو فیلمە دیكۆمێنتارییەی لەسەر ژیانی بینیمان، زیاتر ئاشنای ژیان و خەباتی دادەهێرۆ بووین، زانیمان ئەو چۆن گەیشتۆتە ئەم قۆناغەو چەند سەختی و زەحمەتی بینیوە.
وتیشی: كۆكردنەوەی ئەو ژمار زۆرە لە ژنان و كچان هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كاری باشتر بكرێت و ئەو جۆرە گەشتانە ببێتە نەریتێك لە بۆنە جیاوازەكاندا، مەرج نییە تەنها بۆ ژنان، بەڵكو بۆ سەرجەم چین و توێژەكان پێویستە، لەوانە گەنجان و خاوەن پێداویستی تایبەت و خەڵكی بەتەمەن.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان