پڕۆژەی وەرزشیی بە هەڵکەندنی یاریزانان نابێت لە یانەكانیان

11:42 - 2024-05-14
وەرزش
184 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

ناسر خلیفی سەرمایەدار و كەسایەتیی وەرزشیی قەتەریی، لەساڵی 2011 –ەوە بۆتە سەرۆك و بەڕێوەبری تەنفیزی یانەی پاریس سانجێرمان، لەو ساڵەوە و ئەوە 13 ساڵی رەبەقە ئەم سەرۆكە خەون بەوەوە دەبینێت جارێکیش بێت، جامی چامپیۆنس لیگ بۆ یانەكەی و فەرەنسا بباتەوە، بەڵام ئەو ئاواتەی نەهاتۆتە دی و ئەمساڵیش بروسیا دۆرتمۆند ئەو خەونەی لەبار برد.
خلیفی لەوەتەی بۆتە سەرۆكی ئەم یانەیە، پارەیەكی خەیاڵی بێ سنوور خەرج دەكات تا ئەمە خوایە نازناوەكانی بچنە دەرەوەی سنوری فەرەنسا، بەڵام ئەو پارە زۆرە هیچی بۆ نەكردووەو تەنیا نازناوەكانی لە سنوری فەرەنسادان و دەستی بە هیچ جام و نازناوێكی ئەوروپا نەگەیشتووە .
خلیفی لەسەرەتادا بە هێنانی چەندین ئەستێرەی بەناوبانگی ئەو سەردەمە دەستیپێكرد، لە وێنەی (كاڤانی و تیاگۆ سیلڤا و ئیبراهیمۆڤیچ و لافیتزی و باستۆری و تیاگۆ مۆتا و ڤیراتی و ماركینۆس) و چەندانی تر، ساڵی 2017 ئەم پرۆژەیەی چڕتر و بەهێزتر كرد كاتێك نەیمار داسیلڤای لە بارسیلۆنا هەڵكەند و بەبڕی 222 ملیۆن یۆرۆ كە كەسری بۆندی ئەم یاریزانە بوو لەگەڵ بارسا، هاتە مەیدانەكە، پێشتریش كلیان مباپێشی لە مۆناكۆوە بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ هێنابوو، بەرهەمی ئەم هەڵپە و پارە خەرج كردنەی ئەوەبوو بۆ یەكەمین جار لەمێژووی یانەكەدا تیپەكەی2019-2020 لەسەردەمی کۆرۆنادا بەسەر كردایەتی تۆماس تۆخێل گەیشتە یاریی كۆتایی چامپیۆن لیگ، بەڵام یاریی كۆتاییەكەی 0-1 بە بایرن مونشن دۆڕاند، تەنانەت ساڵی دواتر 2021 هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنس لیگی بە مان سیتی دۆڕاند و كرایە دەرەوە و ئەو ساڵەش شكستێكی تری تۆمار كرد.
ئەوساڵەی كە مان سیتی خلیفی و تیپەكەی لە چامپیۆنس لیگ كردە دەرەوە 2021، هەڵپەو پەلهاویشتنی خلیفی سنورەكانی یاساو رێسای هێنان و كڕینی یاریزانانی بڕی، بۆ پڕۆژەكەی پەنای بۆ یاریزانە هەرمەزنەكانی ئەورپا برد لە نموونەی مێسی و فیناڵدۆم دۆنا رۆما و سێرجی رامۆس برد، بەڵكو ئەمە خودایە ئەمجارە یانەكانی چامپیۆنس لیگ ببڕێت و بگاتەوە یاریی كۆتایی و بە جامی چامپیۆنس لیگ شاد ببێت.
هەموومان لێدوانە مێژووییەكەی جۆزییە مۆرینهۆمان لەبیرە كاتێك ئەم یاریزانانە چوونە پاریس سانجێرمان و پاڵ نەیمار و كلیان مباپێ، مۆرینهۆ ووتی: ئەگەر ئەمساڵ پاریس سانجێرمان جامی چامپیۆنس لیگ نەبات، ئەوا هەتا ماوە نابێتە خاوەنی ئەم جامە، سەرەنجام ئەوەبوو بەو هەموو ئەستێرەیەوە پرۆژەكەی خلیفی شكستێكی خراپتری لە ساڵانی پێشووتر تۆمار كرد، 2022 لە قۆناغی 16 یانە ریاڵ مەدرید كردیە دەرەوەو 2023 یش بایرن مونشن ناردیەوە بۆ فەرەنسا.
ئەمساڵ خلیفی لە تاوا بەرنامەی پرۆژەكەی گۆڕی، پاش ئەوەی نەیمار و مێسی و رامۆس و چەند یاریزانێكی تریشی ئیزندا، لویس ئەنریكی وەك راهێنەرێكی فریادرەس بۆ تیپەكە هێنا و چەند یاریزانێكی لاویشی بۆ تیپەكە كردە پێشەنگ، بەڵام ئەم پرۆژەیەش شكستی خوارد و بینیمان ئەمساڵیش بەدەستی دۆرتمۆند شكستی خوارد و كرایە دەرەوە.
لەلایەكی تریشەوە شكستێکی گەورەتریشی چووە پاڵ ئەو شکستانەو كلیان مباپێ بۆندەكەی نوێ نەكردەوەو كۆتایی مانگی ئایندە ماڵئاوایی لە پاریسییەكان دەكات، ئیتر نازانرێت پرۆژەی ئایندەی خلیفی چی دەبێت و بەبێ مباپێ چۆن بە بردنەوەی جامی چامپیۆن لیگ شاد دەبێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان