״ئەوەی دەكرێ هەوڵدانە بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردییەكان‌ و هاتنی عەرەبی هاوردە״

رێگریی سوپای عیراق لە دروێنەكردنی جووتیارانی کورد

09:47 - 2024-05-15
ڕاپۆرت
340 جار خوێندراوەتەوە
هەڵکوتانە سەر جووتیارانی کورد لەلایەن سوپای عیراقەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد، تەها عەبدوڵڵا

رۆژی 29/4/2024، فیرقەی هەشتی سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكان، جووتیارانی چەند گوندێكیان لە سنووری پارێزگای كەركوك ئاگاداركردۆتەوە نابێت بەروبوومەکانیان دروێنە بكەن بەبیانووی ئەوەی ئەو زەوییانە كێشەی موڵكدارێتییان هەیە.
عەبدوڵڵا محەمەد جووتیارە لە ناوچەی سەرگەڕان وتی: چەند رۆژێكە لەلایەن فیرقەی هەشتی سوپای عیراقەوە ئاگادار كراوینەتەوە بەهیچ جۆرێك نابێت بەروبوومەکانمان دروێنە بکەین، ئەم كارەش لە بەرژەوەندیی عەرەبە هاوردەكانە و ئاگادارین بە فیتی ئەوان سوپای عیراق هەڵدەكوتێتە سەرمان.
وتیشی: ئێستا گوندنشینانی گوندەکانی  پەڵكانە، سەرشاخ، گاربەرە، شناغە و خراپە ئاگاداركراونەتەوە نابێت دروێنەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بكەن، هاوکات جووتیارانی ناوچەكانی داقوق و ناحیەی پردێش هەمان كێشەیان بۆ دروست بووە و لە دوای ئاگادارکردنەوەکە دوو جووتیار كە سەرقاڵی دورینەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیركران و دوای چەند رۆژێك بە كەفالەت لەلایەن دادگاوە ئازاد كران.
رێگرییەکە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە
د. گەیلان قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەمان لە هەڵكوتانە سەر جووتیارانی گوندەكانی سەرگەڕان و گەڵۆزی و ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای كەركوك لەلایەن هێزە سەربازییەكانەوە، دەستبەجێ هاتینە سەر هێڵ و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەمان دا.
وتیشی، کێشەی ئەو جووتیارانە دەبەینە «نوێنەران» و چارەسەرێكی ریشەییان بۆ دەكەین، لە هیچ كەس و لایەنێك قبوڵ ناكەین دەستدرێژی بكەنە سەر جووتیاران لەو ناوچانە.
هەموو ساڵێك لەكاتی تۆوكردن و دروێنەدا هێزە سەربازی و ئەمنییە عیراقییەکان هەڵدەكوتنە سەر جووتیارانی كورد لە ناوچەكانی (سەرگەڕان، دوبز، پردێ، گەڵۆزی، حەسار و قەزای داقوق)، رێگرییان لێدەكەن، هێزە سەربازییەكان هەرجارە و بە گێچەڵێكی تازەوە رووبەڕووی جووتیارانی كورد دەبنەوە، جارێك بەناوی داگیركردنی زەوی كشتوكاڵی، جارێك بەناوی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان، هەندێكجاریش بەناوی مافی عەرەبە هاوردەكان ‌و دان نەنان بەبڕیارە هەڵوەشێنراوەكانی رژێمی بەعس، لەکاتێكدا لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە پەرلەمانی عیراق بەکۆی دەنگ بڕیارەكانی پێشووی بەعسی سەبارەت بە زەوییە كشتوكاڵییەكان هەڵوەشاندۆتەوە.
جووتیاران بەڵگەی رەسمییان هەیە
گەیلان محەمەد كەسوكاری یەكێك لە جووتیارە دەستگیركراوەكانە لە گوندی گەڵۆزی وتی: چەند رۆژێك پێش ئێستا لەكاتی دروێنە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەرمان و ئامۆزایەکمیان دەستگیرکرد ئەشکەنجەیان داوەو سوکایەتییان پێ کردووە تەنها لەبەرئەوەی کوردە. 
لەسەر هەڵكوتانەسەر جووتیارانی گوندی گەڵۆزی كوێخا محەمەد عەلی ئەنجومەنی گوندی حەسار بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو كارەی سوپای عیراق بەرامبەر بە جووتیارانی كوردی گوندەكان دەیكات تەنها بیانووە، ئەو جووتیارانەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان دروێنە دەكەن نووسراوی رەسمییان لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك هەیە ئەو زەوییانە موڵكی خۆیانە و لەڕووی یاساییەوە هیچ كێشەیەكیان نییە.
وتیشی: داوا لە گشت سەركردایەتی كورد دەكەین بەهانای جووتیارانەوە بێن، چونكە سوپاو هێزە ئەمنییەكان لەم وەرزی دروێنەیەدا جووتیارانیان هەراسان كردووە، ئەگەر بەناهایانەوە نەیەن رەنجی ئەمساڵیان بەفیڕۆ دەچێت.

 

نوێنەری جووتیارانی كورد لە سەرگەڕان: ئەگەر دەست بە دروێنە نەكرێت مەترسیی سووتان لەسەر دەغڵودانی جووتیاران هەیە

 

کارا نەبوونی ئەنجومەن
لە دوای رووداوەكانی 2017 و کەمبوونەوەی دەسەڵاتی کورد لە كەركوك، دووبارە عەرەبەكان هاتوونەتەوە ‌و داوای زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن، لەكاتێكدا بە هەموو بەڵگە و دیكۆمێنتێك كورد خاوەنی رەسەنی ئەو گوندانەیە و هیچ مۆركێكی عەرەبی پێوە نییە.
پەروین فاتیج ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هۆكاری هەڵكوتانەسەر ئەو گوندانە نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، ئەگەر ئەنجومەن كارابێت ئەوا سوپا و هێزە ئەمنییەكان ناتوانن ئەو جۆرە دەستدرێژییانە بكەنە سەر جووتیارانی كورد لەو ناوچانە، ئەم كارەی ئێستای سوپای عیراق دەیكات بەپشتیوانی پارێزگاری بەوەكالەتی ئێستای كەركوك دەكرێت، چونكە ئەو راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان دەكات.
وتیشی: دەستبەجێ مەكتەبی سیاسی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی بۆ بابەتەكە كرد و لە كێشەكەی كۆڵییەوە و راستەوخۆ خالید شوانی وەزیری دادی لە بابەتەكە ئاگادار كردەوە و ئەوانیش بەڵێنی چارەسەركردنی ریشەیی کێشەکەی پێداین.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك باسی لەوەشكرد: هەندێك زەوی لەو ناوچانە هەن كێشەی مۆڵكدارێتییان هەیە، بەڵام تاپۆی رەسمییان هەیە و بەڵێنی چارەسەركردنی ئەوەشیان پێداین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش گشت پەرلەمانتاران و نوێنەرانی كورد لە بەغدا راسپێردراون ئەو كێشەیە یەكلایی بكرێتەوە بۆئەوەی چیدی هێرشی ناڕەوا نەكرێتە سەر ئەو جووتیارانە.
جووتیاران باسی دۆخیان دەکەن
عەبدولكەریم رەسول جووتیارێکی سنوورەکە وتی: ئێمە وەك جووتیارانی گوندە كوردییەكان لە چەندین لاوە زەرەرمەند بووین، لەوانە رێگریكردن لە دروێنە و وەرنەگرتنی بەرهەمەكانمان لە سایلۆكان، هەروەها رێگریكردن لە هێنانی  كەلوپەل و ئامێری كشتوكاڵی بۆ ئەو سنوورە، كە بەهۆیەوە بەشێك لە بەرهەمەكانمان لەناوچوون.
وتیشی: ئەوەی دەكرێ هەوڵدانە بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردییەكان‌ و هاتنی عەرەبی هاوردە،  تائێستاش هیچ چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو بارودۆخە  دیارنییە،  ئەوەی هەیە تەنیا چارەسەركردنێكی كاتییە، بەڵام مانەوەی بارودۆخەكە بەمجۆرە كارەساتێكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەموولایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن.
ئەحمەد عەبدوڵڵا جووتیارێکی تری كوردە لە پەلكانە وتی: ئەگەر عەرەبەکان  هەر مافێكیان لەم سنوورە هەبێت، ئەوا لە چوارچێوەی مادەی 140 دا قەربوویان وەرگرتۆتەوە ‌و دەبێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەو قەرەبووەی ئەوان وەریان گرتووە 20 ملیۆن دینار بووە، لەكاتێكدا ئەو خێزانە كوردانەی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا گوندەكانیان تێكدرا بڕی 10 ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو پێدرا.
مادەی 140 چارەسەرە
هاوکات لە راگەیەندراوێكدا دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند: دروستکردنی گرفت بۆ جووتیاران لە کاتێكدایە، پایزی ساڵی رابردوو لەسەر رەزامەندی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک جووتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عیراق دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جووتیارانی کورد دەکرێت بێدەنگ نەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە: دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جووتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانە و تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، هەروەها تەنها جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوون بە بنەماکانی مادەی 140 زامنی چارەسەربوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانە دەکات.
هاتنە پێشەوەی ئەم بارودۆخە لەكاتێكی هەستیاردایە، چونكە ئێستا وەرزی دروێنەیە و بەروبوومەكان وشكبوون.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی كورد لەسنووری ناحیەی سەرگەڕان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەر دەست بە دروێنە نەكرێت مەترسی سووتان لەسەر دەغڵودانی جووتیاران هەیە، بە ئەنقەست بێت یان حاڵەتێكی نەخوازراو وەك چۆن لە ساڵانی رابردوودا روویدا.
وتیشی: جگە لە بڕیاری سەربازیی بۆ رێگریی لە دروێنە، ژمارەیەك عەرەبی هاوردە  كە چاویان بڕیوەتە زەوییەكانی كورد، خێمەی ناڕەزاییان لەناو گوندی پەلكانە هەڵداوە گوایە ئەو زەوییانە هی ئەوانە و داوای دەكەنەوە، بەڵام ئەوە بەلای كوردەوە قبوڵكراو نییەو بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری زێدی باب‌ و باپیرانمان نابین.

پەروین فاتیج:
دەستبەجێ مەكتەبی سیاسیی كەركوكی یەكێتی لە كێشەكەی كۆڵییەوە و وەزیری دادی لە بابەتەكە ئاگادار كردەوە

د.گەیلان قادر:
کێشەی جووتیاران دەبەینە «نوێنەران» و چارەسەرێكی ریشەییان بۆ دەكەین، قبوڵ ناكەین دەستدرێژییان بكرێتە سەر

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان