نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرەو كوێ دەڕوات؟

10:12 - 2024-05-15
ئابووری
421 جار خوێندراوەتەوە

عومەر حەسەن

ماوەی  چەند رۆژێكە نرخی دۆلار لە بازاڕی دراوەكانی هەرێم لە 145 هەزار دیناردا جێگیرە و ئێستا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت و پسپۆڕانیش دەڵێن نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراق بەرەو دابەزینی زیاتر دەچێت.
یاریكردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی لە ساڵانی رابردوودا مشتومڕی زۆری دروستكردووە كە بەرزترین نرخی 100 دۆلار گەیشتە نزیكەی 180 هەزار دیناری عیراقی.  
ئایا نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت؟
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ د. ئومێد قەرەداغی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری رایگەیاند،  بە بڕوای من جێگیربوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار كاتییە و نرخی دۆلار زیاتر روو لە دابەزین دەكات و لە 140 هەزار دینار نزیك دەبێتەوە.

 

پسپۆڕێکی ئابووری: جێگیربوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار كاتییە و نرخی دۆلار زیاتر روو لە دابەزین دەكات و لە 140 هەزار دینار نزیك دەبێتەوە

 

هۆكارەكانی دابەزینی نرخی دۆلار چین؟
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری دابەزینی نرخی دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند هۆكارێك كە یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە، فرۆشی بانكی ناوەندی زیادیكردووە، بە جۆرێك رۆژانە بۆ هەردوو شێوەی حەواڵەی دەرەكی و كاش نزیكەی بڕی 250 ملیۆن دۆلار هەندێك جار دەگاتە نزیكەی 280 ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە. 
راشیگەیاند، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراق  لابردنی سزای سەر هەندێک لە بانكە عیراقییەكانە لەلایەن ئەمریكاوە، کە پێشتر بە سەریاندا سەپێنرابوو، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی نێوان عیراق و ئەمریكا.
د. ئومێد قەرەداغی  ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەرێكی بەهێز هەیە بۆ لابردنی حەواڵەی ئەلیكترۆنی لە رێگەی سیستمی سوێفتەوە، لە جیاتی ئەوە لە رێگەی راستەوخۆی كاری بانكەكانەوە دەبێت و لە ژێر چاودێری بانكی مەركەزی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە دەبێت.
بۆ یەكەمین جارە لە مێژوودا
بە پێی بەدواداچوونەكان بانكی ناوەندیی عیراق بۆ یەكەم جارە لە مێژووی خستنەڕووی دۆلاردا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بخاتەڕوو، لە ماوەی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاردا كە دەبێتە سەرەتای پڕفرۆشی مانگانەی دۆلاری ئەمریكی و لەو ماوە کەمەدا زیاتر لە شەش ملیار و 779 ملیۆن دۆلار و بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی فرۆشراوە. 
شارەزاییان ئابووریش پێیان وایە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی نێوان عیراق و ئەمریكا.

د. ئومێد قەرەداغی

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان