جێگری کونسوڵی هۆڵەندا:

گرنگی بە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ دەدەین لە پارێزگای سلێمانی

09:59 - 2024-05-16
ئابووری
104 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە کۆبوونەوەکەی نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و وەفدی کونسوڵخانەی هۆڵەندا

رۆژی سێشەممە 2024/5/14 جۆرت پۆستموس جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر و راوێژکارانی کشتوکاڵی و ئابووری کونسوڵخانە سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد و لە لایەن نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و شێنێ ئختیا جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور  پێشوازییان لێکرا.
جۆرت پۆستموس جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵدا رایگەیاند: « ئامانجمان بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و کارکردن لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە پارێزگای سلێمانی».
پارێزگای سلێمانی لەبارە بۆ کشتوکاڵ
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند: پارێزگای سلێمانی لەبارە بۆ کشتوکاڵ و زۆرترین سەوزە و میوەی لێ بەرهەم دێت و هەناردە دەکرێت بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عیراق و دەرەوەی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا جوتیاران پێویستیان بە هاوکاری زانستی زیاتر هەیە لە چۆنێتی پێشخستن و بەرهەمهێنان و گەشەی تەندروستی سەوزە و میوەدا.
پێویستمان بە کارگەی پیشەسازیی خۆراکییە
جەختیشی کردەوە، ژووری بازرگانی پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکات و هەوڵ دەدات زۆرترین بەرهەمی جوتیاران لە بازاڕەکانی عیراقدا ساغ بکاتەوە، ئێستا پارێزگای سلێمانی لە بەرهەمهێنانی پەلەوەردا سێ بەرامبەری خواستی بازاڕی ناوخۆیی پەلەوەر دابین دەکات،  ئەوەش وایکردووە کێشەی بەبازاڕکردن دروست ببێت، زۆرجار رێگری دەکرێت لەوەی مریشک بە زیندوویی بگاتە شارەکانی خواروی عیراق، هەر بۆیە دەتوانرێت وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بکرێت، لە رێی دامەزراندنی سەربڕخانەی مۆدێرن و پێشکەوتووەوە.

 

هۆڵەندا هاوکار دەبێت لە بەرهەمهێنانی سەوزەدا بە شێوەی (هایدرۆ پۆنیک)لە سلێمانی

 

دەتوانین پیشانگا بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هۆڵەندا بکەینەوە
لەو دیدارەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی: «باوەڕمان وایە داهاتووی کشتوکاڵ لە نەوت باشتر دەبێت هەر بۆیە ژووری بازرگانی هاوکاری تەواوی وەبەرهێنەران دەکات لە هەر پڕۆژەیەک بیانەوێت لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامی بدەن و گرنگی تەواویش بە کەرتی ئاژەڵداری دەدەین تا وەبەرهێنە هۆڵەندییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی پارێزگای سلێمانی بتوانن لەو کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن. هەروەها ژووری بازرگانی سلێمانی دەتوانێ پێشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هۆڵەندا و کۆمپانیا راوێژکارییەکان بکاتەوە، تا بەرهەمەکانیان لە پارێزگای سلێمانی نمایش بکەن و پەیوەندییەکی بەهێزیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
خولی بەهێزکردنی توانای جوتیاران
لە کۆتای کۆبوونەوەکەدا، جۆرت پۆستموس جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵدا  وتی: «خۆشحاڵم بە بیرکردنەوەی سەرۆکی ژوور بۆ پێشخستن و پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و جێگەی دڵخۆشییە کە هاوکارن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ دەرەوەی هەرێم».
ئەوەشی روونکردەوە، لە پارێزگای سلێمانی ئێستا خولی بەرەوپێشبردنی تواناکانی جوتیارانیان هەیە بۆ بەرهەمەکانی سەوزە و میوە،  لەگەڵ بەرهەمهێنانی سەوزە بە شێوەی (هایدرۆ پۆنیک) و بە بەردەوامیش خولی تایبەت بۆ جوتیاران دەکەنەوە لە پارێزگای سلێمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان