پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵیادی ئازادكردنی كەركوكی قودسی كوردستانەوە

10:09 - 2022-03-19
کوردستان
385 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و وەرزی نوێبوونەوەی سروشت و ژیان و سیمبولی خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی ستەم و زۆرداری. هاوكات لەگەڵ یادی سی و یەك ساڵەی راپەرینی گەلەكەمان، كە بەئازادكردنی شاری كەركوك تاجی سەركەوتنەكانی لەسەرنا، پیرۆزباییەكی گەرم لە تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و میللەتانی نەورۆزخواز لە سەرتاسەری دونیا دەكەین و هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا، بەتەبایی و یەكڕیزیی هەموولایەك، زاڵبین بەسەر ئەو قەیران و گرفتانەی بەرۆكی وڵات و خەڵكەكەمانی گرتۆتەوە، دڵنیایی دەدەینە هەموان هەوڵەكانمان زیاتر دەخەینەگەڕ بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لە پێناوی چەسپاندنی مافە دەستوورییە نەتەوەییەكانمان لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانی تر كە چەندین ساڵ خەباتمان بۆ كردووە و هەزاران قوربانیمان لەپێناویدا بەخشیوە. گفتوگۆ دیپلۆماسی و سیاسییەكانمان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان چڕتر دەكەینەوە بۆ بەدیهێنانی تەواوەتی ئەو ئامانجانەمان تا لە سایەیاندا خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی و ئارامیی زیاتر لە وڵاتدا مسۆگەر ببێت.

كوردستانیانی خۆشەویست، كەركوكییە خۆڕاگرەكانی شارەكەی سەرۆك مام جەلال هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە مایەی خۆشی و ئاسودەیی بۆ هەموان و ناخۆشییەكانمان بڕەوێنینەوە.

نەمری بۆ شەھیدانی راپەڕینی كەركوك و تێكڕای شەھیدانی گەلەكەمان.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#جەژنی نەورۆز

بابەتە پەیوەندیدارەکان