كاركردن لە رێگای (كەلار - دەربەندیخان) دەستپێدەكاتەوە

09:20 - 2022-06-15
ئابووری
696 جار خوێندراوەتەوە

یادگار عەلی

بڕی 60 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی رێگای سەرەكی (كەلار - دەربەندیخان) تەرخان دەكرێت.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی لەسەر تەرخانكردنی بڕی 60 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی رێگای سەرەكی (كەلار - دەربەندیخان) دەربڕی.
هاوكات رۆژی 13ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووری فەرمانی تەمویلكردنی ئەو بڕە پارەیەی دەركردووە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كاركردن لە پڕۆژەكەدا دەستپێبكاتەوە.
قۆناغی دووەمی قیرتاوكردنی رێگای سەرەكی (كەلار - دەربەندیخان) لە گوندی سەید مەحمود لە نزیك پێباز دەستپێدەكات، تا دەروازەی شاری دەربەندیخان و لە ماوەی رابردوودا بەهۆی تەرخان نەكردنی بودجەی پێویست بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار، كاركردن لە پڕۆژەكەدا راگیرا.
هەر لە چوارچێوەی دەستپێكردنەوە بەو پڕۆژەیە، ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە: بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رۆژی 22ی مانگی رابردوو، نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بەمەبەستی تەرخانكردنی بڕی 60 ملیار دینار بۆ بەردەوامیدان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگای (كەلار - دەربەندیخان).
پڕۆژەی رێگای (كەلار - دەربەندیخان)، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، کە درێژییەکەی بریتییە لە (41) كیلۆمەتر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی گەرمیانەوە، سەرپەرشتی دەكرێت.
ئەم پڕۆژەیە، دەچێتە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی رێگاوبانی فراوان لە سنوورەكەدا كە بریتییە لە دووسایدكردنی رێگای سەرەكی (كەلار - سلێمانی) و تائێستا چەندین قۆناغی گرنگی رێگاكە تەواو بووە.
بە كۆتاییهاتنی ئەو پڕۆژەیە، گرفتی رێگای نێوان گەرمیان و سلێمانی چارەسەر دەبێت كە ساڵانە بەهۆی خراپی رێگاكەوە، چەندین رووداوی نەخوازراوی هاتوچۆ روو دەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان