ترس چییە و بۆ لە مردن دەترسین؟!

09:57 - 2022-06-15
کەلتور
322 جار خوێندراوەتەوە
تابلۆ: گۆستاڤ کوربیت ناوی تابلۆ: پیاوێک کە لە ترسان شێت بووە

مه‌حمود شێرزاد

ترس چییە؟ لە کوێوە دێ؟ سوودەکان و زیانەکانی ترس چین؟ ئایا ترس رەهەندی ئەرێنی و نەرێنی هەیە؟ ئایا دەتوانین نەترسین و هەستی ترس بسڕینەوە یان بێ گاریگەریی بکەین؟ شێوازی رووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ ترس دەبێ چۆن بێ؟ زاناکان لە پێناسەکردنی ترسدا دەڵێن:(ترس بریتییە لە هەستێکی ناخۆش کە بەهۆی رووبەڕووبوونەوە یان کەوتنە ناو دۆخێکەوە کە ئەگەری هەیە تێیدا لە بواری جیاجیادا زەرەرمەند بین لە زەینی خۆماندا هەستی پێ دەکەین).

سەرچاوەی سەرەکیی ترس
سەرچاوەی سەرەکیی ترس خۆنەناسیی گەردوونییە  و ئەم خۆنەناسییەش کۆمەڵێک وەهم و خەیاڵی زەینی لێکدەکەوێتەوە کە «ترس» یەکێکیانە.  خۆنەناسیی گەردوونی یانی چی؟ یانی ئەوەی ئێمە نەزانین لە بنەڕەتی بنەڕەتەوە چین و کێین! یانی ئێمە لە چی دروست بووین و بۆ ئەو کەسەی ئێستاین و چۆن گەیشتووین بەمەی ئێستا و بەرەو کوێ دەچین! ئەم خۆنەناسی گەردوونییە بۆتە هۆی نەزانی و نەزانی بۆتە سەرچاوەی سەرجەم وەهم و خەیاڵ و نەخۆشی و ناخۆشییە جەستەیی و دەروونی و زەینییە تاک و کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە. کاتێ ئێمە نەزان بین، وا دەزانین بۆ ماوەیەک دروستکراوین و دوایی دەمرین و لەناو دەچین. باوەڕهێنان بە لەدایکبوون و مردن و لەناوچوون لەلایەک و گیرۆدەبوونمان بە دنیاوە لە لایەکی ترەوە سەرچاوەی سەرەکیی ترسانە لە مردن، ترسان لە مردنیش دایکی هەموو ترسەکانی دیکەیە.
مرۆڤ مادام خودی گەردوونییەکەی نەناسێ کەواتە ژیانیش ناناسێ، ژیان نەناسێت کەواتە مردنیش ناناسێت. لێرەوە لەبارەی ژیان و مردنەوە بە داوی خەیاڵات و وەهمی جۆراوجۆرەوە دەبێ. تا لە ژیاندایە بە دوو خەیاڵی ناو زەینی کە یەکێکیان رابردوویە و ئەویتریان داهاتوویە، سەرقاڵە. کەواتە قەت لە ئێستادا دا نیە. ژیانی راستەقینە لەم ساتەدا روودەدا، یان تاکە ساتی راستەقینەی ژیان ئەم ساتەیە، بەڵام مرۆڤ کە خەیاڵی لای رابردوو یان داهاتوو بوو، پەیوەندی لەگەڵ ژیانی راستەقینە، کە ژیانێکی کامڵە دەپچڕێ، لێرەوە خەیاڵی رابردوو قورس و خەمۆکی دەکا و بیرکردنەوە لە داهاتووش تووشی ترس و دڵەڕاوکێی دەکا، بەڵام ئەگەر لە ئێستادا بێ، لەگەڵ ژیان لەم ساتەدا بژیی، نە خەم و خەفتی رابردوو و نە دڵەڕاوکێ و ترسی داهاتوو و...هتد نامێنن، چونکە ئەمانە وەهمن، خەیاڵی ناو زەینی ئێمەن، هەقیقی نین. بە یۆگا بە ئاسانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم ساتە و لە رابردوو و داهاتوو رزگارمان دەبێ.

ماکی سەرجەم ترسەکانی دیکە
ترسان لە مردن ماکی هەموو ترسەکانی دیکەیە، واتە ئێمە لە رووداوەکان و لە نەخۆشییەکان لەبەر ئەوە دەترسین چونکە پێمانوایە ئەم رووداو و نەخۆشییە ئەگەریی هەیە بمانکوژێت و لەناومان بەرێت، یانی ئێمە لە بنی بنەوەی هەستماندا لە رووداوەکە ناترسین، بەڵکو لە بەرەنجام و ئاکامی رووداوەکە دەترسین، یانی پێمان وایە بەم رووداوە لەناودەچین، یانی لە لەناوچوون دەترسین نەک لە رووداوەکە. بۆ نمونە ئەگەر پێت بڵێین لەسەر بەرزاییەکی زۆرەوە خۆ هەڵدە خوارەوە و خوارەوەش بەردەڵانە، یەکسەر دەترسی، چونکە پێت وایە دەمری، بەڵام ئەگەر پێت بڵێن لە خوارەوە راخەرێکی پانوبەرین و ئەستووری نەرمیان بۆ داخستووی و تۆ لەسەرەوەڕا راخەرە نەرم گەورەکە بیبینی، نە تەنیا ناترسیت، بەڵکو بە خۆشی خۆت هەڵدەدەتە خوارەوە و چێژیشی لێدەبینی و دووبارەشی دەکەیتەوە. بۆ؟ لەبەر ئەوەی دەزانی کە بەم کارە نامری یان هیچت لێ نایەوە.
ترسان لە مردن لە حاڵەتی خۆنەناسیی گەردوونیدا دوو دیوی نەرێنی و ئەرێنی هەیە، دیوە نەرێنییەکەی ئەوەیە پێش بەگەشەکردنی ئاگایی ئێمە دەگرێ، سنووردارمان دەکا، پێش بە سەرکەوتنی ئێمە دەگرێ، هێزی ئیرادەمان پەک دەخا، توانا جەستەیی و دەروونی و زەینییەکانمان ئیفلیج دەکا، وا دەکا ئێمە خۆمان و تواناکانمان هەست پێنەکەین و بەکاریان نەهێنین. ترسان لە مردن لە کلێنچکەی ئێمەدا کۆ دەبێتەوە، ئەوێ کە ناوەندی یەکەم خولگەی وزەی ئێمەیە و پێی دەگوترێ خولگەی ریشە. کاتێ ریشەی ژیان و ریشەی تواناییەکانمان لەرێگەی ترسەوە داگیر دەکرێ، ئیتر ئێمە ژیانێکی زۆر ناخۆش و بێ کەڵک دەژین و کە زۆرینەی خەڵک وایە و لە رووی نەزانیشەوە خەڵکانیتر بە هۆکاری ئەو ژیانە بێ کەڵکەی خۆی دەزانێ. بۆ ئەوەی خۆمان لەم ترسە رزگار بکەین «یۆگا» زانستیترین ریگەیە تا لەم پەیوەندییەدا بەکاری بێنین، راهێنانەکانی یۆگا بەگشتی و بە تایبەتی ئەوانەی تایبەتن بە خولگەی وزەی ریشە و ترس، زۆر بە زوویی یارمەتیمان دەدەن لەم ترسە دەربازمان بێ. هەر کاتێ توانیمان ئەم ترسە نەهێڵین یان لانیکەم لاوازی بکەین، ئەوا ئێمە وەک تۆوێک، وەک دانەوێڵەیەک بوارمان بۆ دەرەخسێت تا چەکەرە بکەین و لە قاوغ و توێکڵ بێنە دەرەوە و گەشە بکەین و پێبگەین، لەراستیدا هیچ مرۆڤێکی ترسنۆک خۆی لە خۆیدا تەنیا بە پشت بەستن بە تواناکانی خۆی گەشە ناکا، چونکە ترس تواناکان و ئیرادە بەتەواویی لاواز دەکا.
لە حاڵەتی خۆنەناسی گەردوونیدا ترسان لە مردن هەندێ دیوی ئەرێنییشی هەیە، بۆ نموونە مرۆڤە نەزانەکان ئەگەر لە مردن نەترسن لە بواری جیاجیادا کێشە و گیروگرفتی زۆر دروست دەکەن.

راهێنانی نەهێشتنی ترس
ترسان لە مردن هی دۆخی ئاگایی نزم و خۆنەناسیی گەردوونییە، هەموو ئاژەڵەکانی دیکەش بە شێوەیەکی رەمەکی دەترسن، چونکە ئاستی ئاگاییان نزمە و توانای خۆناسینیان نیە، مرۆڤیش تا ئاگاییەکەی لەئاستی جەستەییەوە بۆ ئاستی ئاگایی گەردوونی گەشە دەکا، لە مردن دەترسێ و ئەو ترسە لەهەموو زەڕەیەکی بیرکردنەوە و قسەکردن و کردارەکانیدا هەیە. کاتێ مرۆڤ بۆ یەکەمجار هەست بەم هەقیقەتە دەکا و ئەم ترسە لە خۆیدا دەبینی و هۆشی لەسەر رادەگرێ تا بیناسێ و درکی بکا، یەکەم بەردی بناغەی گەشەپێدانی ئاگایی نەمری خۆی دادەنێ. لێرەوە ئاماژە بە راهێنانێکی زۆر کاریگەر و سادە دەکەم کە خوێنەرانی ئازیز دەتوانن هەر لە ئێستاوە دەستی پێ بکەن. یەکەم خاڵ ئەوە بزانە هەر تۆ لە مردن ناترسیت، بەڵکو هەموو کەس کەم تا زۆر لە مردن دەترسێت، کەواتە بەم هۆیەوە دەست لە سەرکۆنەکردنی خۆت هەڵبگرە، دووەم خاڵ ئەوەیە هەر کاتێ بەهەر هۆکارێک کەم تا زۆر ترست تێدا هاتە سەرەوە، واز لە هۆکاریی جوڵاندن و هێنانەسەرەوەی ترسەکە بێنە، بەڵکو ترسەکە ببینە، هەستی پێبکە، وەک چۆن سەیری فیلم دەکەی ئاوهاش سەیری ترسەکەی ناوت بکە، ئەم راهێنانە لەسەرەتادا هەندێ قورس و نامۆیە، بەڵام بەرە بەرە ئاسان و ئاشنا دەبێ و هەست بە کاریگەرییە سەرسوڕهێنەرەکانی دەکەی. خاڵی سێیەم ئەوەیە بە جێگەی شاردنەوەی ترسەکە یان سەرکوتکردن و پشتگوێ خستنی، هەڵبدە قبوڵی بکەیت و باوەشی پێدا بکەیت و درکی بکەیت، هیچیتری لەگەڵ مەکە تەنیا بیبینە و درکی بکە. ئەگەر ئەم سێ خاڵە جێبەجێ بکەیت بە زوویی دۆخی ترس تێدەپەڕێنی و بوارێکی لەبارەت بۆ دەرەخسێ ژیان لەم ساتەدا ئەزموون بکەی و لە هەموو روویەکەوە گەشە بکەی.
هۆکاریی ئەوەی یۆگی و عارفان لە مردن ناترسن، ئەوەیە بەشێوەیەکی گەردوونی خۆیان ناسیوە، یانی بە کردار نەمرییان ئەزموون کردووە، بەڵکو رەهەند گۆڕین هەیە، لە رەهەندێکەوە بۆ رەهەندێکی دیکە دەڕۆین. خۆناسانی گەردوونی بۆیان دەرکەوتووە وزە و ئاگاییەکی نەمرن و هەمیشە لە گۆڕان و گەشەکردندابوون و دەبن، ئەوان جەستە نین، بەڵکو جەستەیان هەیە و ئەم جەستەیە کاتییە و هەڵدەوەشێتەوە. خەڵک بۆیە لە مردن دەترسن چونکە پێیان وایە ئەوان تەنیا ئەم جەستەیەن و هیچیتر! مەولانا دەڵێ: (من بۆ لە مردن بترسم؟ من قەت بە مردن کەمم نەکردووە، بەڵکو بەردەوام زیادم کردووە، لە خاک و خۆڵەوە بووم بە گیاوگوڵ، بووم بە دارودرەخت، بووم بە ئاژەڵ، بووم بە مرۆڤ، لە مرۆڤیشەوە دەمرم و دەبم بە مەلائیکە و...هتد).

بابەتە پەیوەندیدارەکان