عومەر حەسەن
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە كە ماددەیەكی تایبەتی بە تاقیكردنەوەكانی وزاری هەیە تێیدا هاتووە، هەر كەسێك دزە بە پرسیاری تاقیكردنەوەكان بكات، یان زانیاریی لەبارەیانەوە بدركێنێت یان مامەڵەی پێوەبكات، بە بەندكردن بۆ ماوەیەك كە لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت، سزا دەدرێت.
لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی وتیشی: ئەگەر كەسێكیش لیژنەی تاقیكردنەوەكان بوو یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان هەڵگرتنیان سزاكەی دەبێتە دوو هێندە و بەتاوانی ئابڕوبەر ئەژمار دەكرێت و لە وەزیفەیش دەردەكرێت.
سەبارەت بە گزیكردنی خوێندكاران ئەوە دەخاتەڕوو كە هەر خوێندكارێك بە گزیكردن بگیرێت جا بە وەرەقە بێت یان مۆبایل یان هەر هەوڵێكی دیكە بۆ ئەنجامدانی گزیكردن ئەوە ئەو ساڵەی بە كەوتوو بۆی هەژمار دەكرێت.
لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند: ”سەرقاڵی رێكخستنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەین، لەبارەی دزەكردنی پرسیارەكانیش هەماهەنگیمان لەگەڵ ئاسایش و پۆلیس كردووە.