شەوی یەكشەممەی رابردو 13/7، یاریی كۆتای مۆندیالی نوێی یانەكان كراو تیایدا یانەی چێڵسی توانی جامی پاڵەوان بەرزبكاتەوە، پاش ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا توانی 3-0 لە یانەی پاریس سانجێرمان بباتەوە.
پێچەوانە بوونەوەی ئەگەرەکان
ئەنجامی یارییەكە چاوەڕوان نەكراو بوو، لەبەر ئەوەی هەموو بۆچوونەكان بۆ ئەوەبوون كە یانە پاریسییەكە دەتوانێت نازناوی پاڵەوانی ئەم مۆندیالە بباتەوە، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ چ لە خولی فەرەنسا و چ لە چامپیۆنس لیگی ئەوروپا و تەنانەت لەم مۆندیالەشدا، تیپەکە بەسەركردایەتی لویس ئەنریكی لە لایەك و لە لایەکی تریشەوە بوونی یاریزانە بەتواناكانی وەك دیمبلی و دوێ و دۆنارۆما و ڤیتینیا و حەكیمی و رۆیز و نیڤیس و كفاراتسخیلیا، ئاستێكی نموونەیی و زۆر نایابی پیشانداوە، بەڵام وا لە دوا یاریی ئەم مۆندالەدا، نەیتوانی بەربەستی چێڵسی ببڕێت و دواجار، ریس جەیمس- ی كاپتنی یانەی چێڵسی لەبەردەم ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و نزیکەی 80 هەزار ئامادەبووی یاریگای میتلایف لە ناوچەی نیویۆرک و سەرۆک و یاریزانانی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی ئەمساڵی چامپیۆنسلگدا، جامی پاڵەوانی بەرز کردەوە و یانە ئینگلیزییەكە یەکەم جامی ئەم مۆندیالە نوێیەی بردەوە بۆ ئینگلتەرا و بوو بە خاوەنی یەکەم جامی مۆندیالی یانەکان کە بەم شێوازە نوێیە رێکبخرێت.
هۆکاری بردنەوەی چێڵسی
یارییەکە هەر لە سەرەتاوە باڵا دەستیی یاریزانانی چێڵسی پێوە دیار بوو، ئینزۆ ماریسکای ئیتاڵی راهێنەری چێلسی زۆر بە چاکی پلانی ئەنریکی ئیسپانی راهێنەری پاریس سان جێرمانی خوێندبۆوە، توانی بە تۆپی درێژ و پەلاماردان و توانای جەستەیی بەرز و داخستنی رێگا لەبەردەمی کلیلەکانی یاریی پاریسییەکان(حەکیمی و دوێ) و نەهێشتنی رووبەری یاریگا لەبەردەم یاریزانانی پاریس لە هەردوو باڵی یاریگادا، هێز و توانای یاریزانانی پاریس پەکبخات.
ئەمە لەلایەک، لە لایەکی تریشەوە پاریسییەکان لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانینیان پێوە دیار بوو بەوەی: یەکەم پاڵەوانی ئەوروپا و فەرەنسان، دووەم هەموو بۆچوون و رایەکانی شارەزایان ئەوەبوو پاریس براوەی یارییەکە دەبێت، ئەمەش تیپەکەی تووشی لەخۆباییبوون کردبوو، سێیەمیش پلانی راهێنەری چێڵسی پلانی راهێنەری پاریسی پەکخست و ئەنریکیش نەیتوانی چارەسەرێک بۆ پلانەکەی ماریسکا بدۆزێتەوە.
چوارەمیش ئەوە بوو چێڵسی بە گۆڵی یەکەم و دووەمی کۆل پاڵمەر، شیرازەی پاریسی تێکدا، تەنانەت باری دەروونیشیان تێکچوو تا ئەو رادەیەی کە جواو نیڤیش لە دەقیقەی 85 دا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، جگە لەوەش لە دوای تەواو بوونی یارییەکەش، ئەو بارە دەروونییە خراپە تانانەت ئەنریکیشی گرتەوە و کەوتە پەلاماردانی یاریزانانی چێڵس.