״گەنجان بریکاری گۆڕانکاریی نەریتن״

01:20 - 2024-05-20
ڕاپۆرت
237 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: جەمال ئارێز

لە ژێر ئەم تایتڵەدا فیدراسیۆنی مانگ و خاچی سووری نێودەوڵەتی پڕۆگرامێکیان داڕشتووە کە لەو رێگەیەوە دەیەوێت هاوکاریی کۆمەڵگەکان بکات لە سەرتاسەری جیهاندا بە ئاراستەی پتەوکردنی کەلتوری ئاشتی و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و پڕۆگرامەکەش بە (YABC) ناسراوە.
جیاکاریی و پەراوێزخستن بە هەموو شێوەکانییەوە ئاڵنگارییەکی مرۆییە کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی داناوە لە سەرتاسەری جیهاندا، بەڵام بە پشتیوانیی گونجاو، خەڵکانێک هەن کە دەتوانن ببنە تەوژمێک بۆ گۆڕانکاری و ببنە پێشەنگی هاو تەمەنەکەنیان لە کۆمەڵگەکانیاندا بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییە چەسپیوانە. لەو رووەشەوە پڕۆگرامی (YABC) لەساڵی 2008-ەوە دامەزراوە کە ماناکەی بریتییە لە (لاوان بریکاری گۆڕانکاریی نەریتن).
ئەم پڕۆژەیە هاوکاریی گەنجان دەکات لە چۆنێتیی خستەنەگەڕی تواناکانیان و بەدەستەوەگرتنی رۆڵی سەرکردایەتی و هاندانیان بەرەو ئاڵوگۆڕی پۆزەتیڤ لە عەقڵ و هەڵوێست و نەریتدا.
پڕۆگرامەکەی مانگ و خاچی سوور بە دەوری تەوەری گۆڕینی فیکر و نەریتەکاندا دەسووڕێتەوە، سەرەتاش لە رێگەی پتەوکردنی هۆشیاریی و بیرکردنەوەی خودی و دەروونی دەستپێدەکات، بەجۆرێک بەشداربووان بتوانن ببنە پێشەنگ و هانی خەڵکانی دیکە بدەن بەرێز و یەکسانانە مامەڵە بکەن لەڕێگەی دیالۆگەوە تێکەڵاو ببن.
ئەم شێوازە لە مامەڵەش هاوکاریان دەبێت لە فێربوونی مامەڵە لەگەڵ خوددا بە درێژایی ژیان و خۆچاککردن و نەنگی و کارە خوارو خێچەکان دەکاتە دەرفەت بۆ گەشەپێدان و فێربوونی خاکەڕایی بەوەش تا بێت نەرم و نیانتر دەبن.
لەڕێگەی بەشداریی لەو پڕۆگرامەشدا بەشداران گەشە بە تێگەیشتنیان دەدەن لەبارەی دۆزی کۆمەڵگە جیاوازەکانەوە لەسەر بنەمای جیاکاریی، فەرامۆشکردن، دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژی. هەروەک فێری بینینەوەی بەهرەکانیشیان دەبن لە چۆنێتی مامەڵە و دەرخستنی جیاوازییەکان و قەناعەت پێهێنانی بەرامبەرە جیاوازەکان لەڕێی دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینەوەوە. بەمەش بەشدارانی ئەو خولانە هاندەدرێن لە چوارچێوەکانی خۆیان بێنە دەرەوە و فێری ئەوە ببن چۆن دەچنە ژینگە جیاوازەکانەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن؟
هەتا ئێستا گروپی ئەو پڕۆگرامە 56 چالاکیی فێرکاریی هەیە کە بەگوێرەی کێشەکان و دۆزە جیاجیاکان دابەش بووە و هە بەشێکیشی دابەشبووە بەسەر چەند چەمک و رێڕەوێکی فێرکارییدا ئەویش چەند رێنماییەک لەخۆدەگرێت وەک پاڵپشتییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەشدارانی پڕۆگرامەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پڕۆگرامەکەش ساڵانە چەندین گەنج لە تەمەن و رەگەز و کۆمەڵگە جیاجیاکانەوە بەشداریی خول و وۆرکشۆپەکان دەکەن.
سەرچاوە:
 [email protected]

بابەتە پەیوەندیدارەکان