یەکێک لەو ژنە کوردانەی کە لە مێژووی کورددا زۆر باسی لێ دەکرێت و دەتوانین بڵێین لە مێژووی ئێرانیشدا وەک نموونەی بوێری و نەترسی و رێبەریکردن ناوی دەبرێت، قەیەم خێر یان قەدەم خێری قەڵاوەندییە.
نەترسی و بوێری قەدەم خێر ئەوی وەک جەنگاوەرێکی نەترس لە ناو لوڕەکاندا کرد بە رەمزی بەرەنگاری و خەبات
لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکیدا کە ژنبوون ژێردەستەیە و ژن بە فەرمانی خێڵ توانای دەرکەوتنی نییە، لە کۆتاییەکانی سەدەی 19 دا لە لوڕستان، ژنێک دەردەکەوێت کە هەموو نۆرمە باوەکانی عەشیرە و خێل دەپچڕێنێ و وەک شێرەژن و فەرماندە دەردەکەوێت. ئەو ژنەش قەیەم خێر یان قەدەم خێرە.
قەدەم خێر ساڵی 1899 لە قەزای «ئەلوار» سەر بە شاری ئەندیمشک لە لوڕستان لە دایکبووە. باوکی کەیخوا قەنی (قەندی) سەرۆکی خێڵی قەڵاوەند بووە.
قەدەم خێر بە بوێری و قارەمانێتی ناوی دەرکردووە و ساڵانی 1927 بۆ 1933 رەزاشا دەستی کرد بە سەرکوتی خێڵ و عەشیرەکان بە ناوی پڕۆژەی نیشتەجێکردنی عەشیرەکانەوە. ساڵی 1929 خێڵی قەڵاوەند دژی هێزەکانی تاران وەستانەوە. قەدەم خێر شێرانە جل و بەرگی سەربازی لەبەر کرد و شان بە شانی براکانی، واتە باوەخان و عەبباس خان، دژی سوپای رەزاخان وەستانەوە. ئەوان توانیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەر بە هێزەکانی رەزاخان بگرن، بەڵام دوای ئەوەی دوو براکەی کوژرا، قەدەم خێریش بە ناچار خۆی بەدەستەوە دا.
نەترسی و بوێری قەدەم خێر ئەوی وەک جەنگاوەرێکی نەترس لە ناو لوڕەکاندا کرد بە رەمزی بەرەنگاری و خەبات.
قەدەم خێر ساڵی 1933 و تەنها 4 ساڵ دوای مەرگی براکانی، لە خەمی براکانیدا ماڵئاوایی لە ژیانکرد.
قەدەم خێر مێردی بە ئامۆزایەکی خۆی کرد و کوڕێکیان بوو ناویان نا محەمەد خان، تا چەند ساڵ لەوە پێش زیندوو بوو.
گۆڕی قەدەم خێر لە نزیک شاری دزپێڵ (دێزفوول)ە لە پارێزگای خوزستان.
فریا ستارک گەڕیدەیەکی بیانی کە سەردانی لوڕستانی کردووە نووسەری کتێبی سەفەرنامەی لوڕستان و ئیلام و ئەلمووتە، دەربارەی قەدەم خێر نووسیویەتی: (چیرۆکی قەدەم خێریان بۆ گێڕامەوە، ئەو ژنەی 5 ساڵ لەوە پێش دژی دەوڵەت جەنگاوە. بە پێی گێڕانەوەکان قەدەم خێر ژنێکی جوان بووە کە مێردی کردووە بە کوڕە مامێکی خۆی، ئەم ژن و مێردە کردبوویان بە خوو کە پێکەوە دەچوونە جەنگ لەگەڵ دوژمنەکانیان. قەدەم خێر وەک پیاوانی خێل سواری ئەسپ دەبوو، وەک ئەوانیش شەڕ و تەقەی دەکرد».