خوێندنەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیی لە ژێر رۆشنایی بیرۆکەکانی کلۆد لیڤی شتراوسدا

زمانی سۆشیال میدیا وەکو مۆدێلێکی نوێی زمان

10:17 - 2024-05-22
کەلتور
339 جار خوێندراوەتەوە

هێمن عزیز

زمانی سۆشیال میدیا دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشە لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا، بەو پێیەی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەمان و ئامرازێکی سەرەکی پەیوەندیکردن بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم زمانە لەسەر بنەمای کۆدی کورت و دەربڕینی سۆزداری و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆ دامەزراوە، ئەمەش گۆڕانکاری ریشەیی لە شێوازەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکاندا رەنگدەداتەوە.
لە روانگەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە ئەم دیاردەیە دەتوانین لە رێگەی بیرۆکەکانی کلۆد لیڤی شتراوس، کە ئەنترۆپۆلۆژیستێکی دیاری فەرەنسییە بخوێنرێتەوە، بە شیکارییەکانی بۆ پێکهاتە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکان بیرۆکەکانی رووندەکاتەوە.
 شتراوس دەڵێ «کەلتوری مرۆڤ بە پێکهاتە قووڵ و سەقامگیرەکان تایبەتمەندە. لە سیستەمە رەمزییەکاندا دیارە کە مرۆڤەکان بۆ دەربڕینی خۆیان و لێکدانەوەی جیهانی دەوروبەریان بەکاری دەهێنن.»
کاتێک بیرۆکەکانی شتراوس لە زمانی سۆشیال میدیادا شرۆڤە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت زمان نوێنەرایەتی پێکهاتەیەکی نوێ دەکات لەناو کەلتوری دیجیتاڵیدا. ئەم پێکهاتە پەیوەستە بە کەمکردنەوەی وشەکان و جێگرتنەوەی بە هێما و سیگناڵە بینراوەکان، ئەمەش رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردنمان بە ماناکان. بۆ نموونە ئیمۆجییەکان بەشێکن لەم پێکهاتە نوێیە، بەو پێیەی دەتوانن هەست و مانا ئاڵۆزەکان بە خێرایی و وردی بگەیەنن و بەربەستە زمانەوانی و کەلتورییەکان تێپەڕێنن.
جگە لەوەش زمانی سۆشیال میدیا رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی ناسنامە کۆمەڵایەتییەکانە. لە جیهانێکدا کە بە گەشەکردنی  جیهانگیری و پەیوەندییە خێراکان تایبەتمەندە، ناسنامەکانمان بەهۆی کارلێکە دیجیتاڵییەکانمانەوە لە قاڵب دەدرێن. بە هاوبەشکردنی وێنە و ڤیدیۆ و کۆمێنتەکان گێڕانەوە  تاکی دیجیتاڵی  دروست دەکەینەوە، کەسایەتی بەرجەستە و زمانی دەربڕین و پێگەی کۆمەڵایەتیمان بەشێوازیکی تر  پێناسە دەکەن.
لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی شتراوس دەتوانین بڵێین زمانی سۆشیال میدیا تەنیا ئامرازێکی نوێی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو بنیادێکی کەلتورییە کە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە قووڵەکانە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا. ئەم زمانە نوێنەرایەتی گەشەیەکی سروشتی دەکات لە سیستەمە هێمادارەکاندا کە مرۆڤەکان بەکاریدەهێنن، و بەشدارە لە دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵمان لە سەردەم و کۆمەڵگەی دیجیتاڵیدا.
تیۆری پێکهاتەیی (نظریة البنیویة) 
شتراوس لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە کەلتورەکانی مرۆڤ پێکهاتەی دەروونی هاوبەشیان هەیە مرۆڤەکان دەتوانن جیهانی دەوروبەری خۆیان هەست پێبکەن و رێکبخەن. ئەم پێکهاتانە بە روونی لە زماندا دەردەکەوێت، بەو پێیەی زمان بە گرنگترین سیستەمی هێمایی دادەنرێت و رەنگدانەوەی ئەم پێکهاتە دەروونیان  لە قاڵب دەدەن.
  سۆشیال میدیا وەک سیستەمێکی زمانەوانی
سۆشیال میدیا پلاتفۆرمی دیجیتاڵییە. رێگە بە کارلێککردن و پەیوەندی نێوان تاکەکان دەدات لە رێگەی ئاڵوگۆڕی دەق و وێنە و ڤیدیۆوە. ئەم ئامرازانە تەنها ئامرازی پەیوەندیکردن نین، بەڵکو سیستەمێکی رەمزین و هێمایین. رەنگدانەوەی پێکهاتە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکانن لە رێگەی کۆمەڵگەی  دیجیتاڵدا.

 

زمانی سۆشیال میدیا رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی ناسنامە کۆمەڵایەتییەکانە

 

سیستەمی دووانەیی لە سۆشیال میدیادا
لە خوێندنەوەی بیرۆکەکانیدا شتراوس جەخت لەوە دەکاتەوە کە عەقڵی مرۆڤ مەیلی رێکخستنی بابەتەکانی لەڕێگەی دژە دووانەییەکانی وەک چاکە و خراپە، سەرکەوتن و شکست، ناوبانگ و تایبەتمەندی هەیە. ئەم دووانەییانە بە روونی لە سۆشیال میدیادا دەردەکەون، وەک لە کارلێکی ئەرێنی بەرامبەر بە نەرێنی، وەک لایک «حەزکردن « بەرامبەر دژە لایک «ناحەزی» و...هتد.
ژیانی ئایدیاڵ لە بەرامبەر ژیانی راستەقینە
 زۆرێک لە بەکارهێنەران لایەنە ئایدیاڵەکانی ژیانیان دەخەنە روو، ئەمەش دووانەییەک لە نێوان ئەوەی بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش دەکرێت و ئەوەی واقیعی راستەقینە دروست دەکات.
ناوبانگ بەرامبەر بە تایبەتمەندی، زۆرێک لە بەکارهێنەران بەدوای ناوبانگ و فۆڵۆوەری زیاتردا دەگەڕێن، ئەمەش دژایەتی نێوان ناوبانگ و تایبەتمەندی کەسی بەهێزتر دەکات.
زمان و هێماکان لەچوارچێوەی سۆشیال میدیادا دەتوانرێت شیکاری ئەو کۆدە زمانەوانیانە بکرێت کە تاکەکان بۆ پەیوەندیکردن و دەربڕینی خۆیان بەکاریدەهێنن. هێماکانی وەک هاشتاگ و ئیمۆجی و کورتکراوە نموونەی سیستەمی هێمای ئاڵۆزن کە رەنگدانەوەی پێکهاتە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانن.
هاشتاگ
 هاشتاگ بە ئامرازێک دادەنرێت بۆ رێکخستنی ناوەڕۆک و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن پێی، هەروەها رەنگدانەوەی پرسە رەوتەکان و بابەتەکانی کەلتوری کە جێگەی سەرنجی بەکارهێنەرانن.
ئیمۆجی
ئیمۆجی نوێنەرایەتی رێگەیەکی کورت دەکەن بۆ دەربڕینی هەست و بیرکردنەوەکان، هەروەها هەڵگری واتا کەلتورییەکانن کە رەنگە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاواز بن.
کورتکراوە
کورتکروە بۆ ئاسانکاری پەیوەندی خێرا بەکاردێت و بە بەشێک لە زمانی ناوازەی ئینتەرنێت دادەنرێت. تیۆری شتراوس لە شیکردنەوەی ئەفسانەی دیجیتاڵی هاوچەرخدا دیارە، کە چیرۆک و کارەکتەرەکان  لە چوارچێوەی سۆشیال میدیادا سەرهەڵدەدەن. ئەم ئەفسانەیە رەنگدانەوەی پێکهاتە کەلتورییەکانی کۆمەڵگەیە و خزمەت بە بەهێزکردنی ناسنامەی دەستەجەمعی و تێگەیشتنی هاوبەش دەکەن.
لە کاتێکدا تیۆری شتراوس چوارچێوەیەکی بەهێزی بۆ تێگەیشتن لە زمان وەک پێکهاتەیەک دابین کردووە، ئەویش رەنگدانەوەی پێکهاتە دەروونی و کەلتورییەکانە، بەڵام بەکارهێنانی بۆ سۆشیال میدیا رووبەڕووی هەندێک تەحەددا دەبێتەوە. رەخنەی سەرەکی سروشتی دینامیکی و گۆڕانی خێرای پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانە، کە وا دەکات بەدواداچوون قورستر بێت.
لەکۆتایدا بۆ تێگەیشتن لەوەی زمان چ نەریتی بێت یان دیجیتاڵی چۆن رەنگدانەوەی پێکهاتە دەروونی و کەلتورییەکانی کۆمەڵگەکانە. بەجێبەجێکردنی ئەم تیۆرییە بۆ سۆشیال میدیا، دەتوانین ئەو پێکهاتە قووڵانە ئاشکرا بکەین کە کارلێک و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانمان رێکدەخەن، تێڕوانینێکی نوێ بۆ چۆنییەتی داڕشتنی ناسنامە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی مۆدێرندا دابین بکەین.

*ماستەر لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیا

کلۆد لیڤی شتراوس

بابەتە پەیوەندیدارەکان