كتێبی بیرەوەرییەكانی وەستا رەسوڵ لە شەڕی داعشدا

10:26 - 2024-05-22
کەلتور
225 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد لەتیف

وەستا رەسوڵ، فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركوك لە شەڕی داعشدا، بیرەوەرییەكانی خۆی لەو شەڕەدا نووسیوەتەوە و لە دووبەرگدا چاپی كردوون، بەرگی یەكەم (لە پێناوی مرۆڤایەتیدا هۆلۆكۆستێك بۆ داعش) نووسینە لە 420 لاپەڕەدا و بەرگی دووەمیش بەناوی (ئاوێنەی بیرەوەرییەكان)، تەرخانكراوە بۆ وێنەكانی ئەو سەردەمە لە 212 لاپەڕەدا.
كتێبەكە، كۆی شەڕو پێكدادانی نێوان ئەو هێزانەیە لە سنووری میحوەرەكەدا بوون لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بە درێژای ساڵانی 2014-2017.
وەڵامی پرسیارەكان
كاتێ خوێنەر دەست دەكات بە خوێندنەوەی بیرەوەرییەكان، وەك ئەفسونێكی تێدا بێت ناتوانێت دەستبەرداری ببێت و مانشێت بە دوای مانشێتدا كەمەند كێشی دەكات تا بزانیت روداوی دوای ئەمە چییە، ئەو پەلامارە چۆن بەرپەرچ درایەوە؟ ئەو هێرشە چۆن تێك شكا؟ ئەو ئابڵوقەیە چۆن درزی تێكەوت؟ ئەی تەرمی شەهیدەكە چۆن و بەچی رزگار كرا؟ ئەو كێلگەی مینە كێ پاكی كردەوە؟ ئەم پێشمەرگە دەروێش ئاسایانەی كوردستان چۆن جەزبەی كوردایەتی گرتونی و شەڕ بە مەرگ دەفرۆشن؟ ئەم عەشقەی خاك چۆن وا لە مرۆڤ دەكات خۆی نەزری نیشتمان بكات؟ ئەم حوسێن مەنسورە و شێركۆ و سەڵاح و شێرزاد و ئامانج و هتد... چۆن داڵاهۆ و پیرە مەگرون و قەندیل، بۆیان بۆیان دەچەمێنەوە!؟، چۆن؟ چی؟ كێ؟ كەی؟ بۆچی ... هەمووی لە دوو توێی ئەو دوو بەرگەی بیرەوەرییەكانی وەستا رەسوڵدا وەڵام دەدرێنەوە. 
مامۆستا نیاز سەعید پێشەكییەكی شایستە و پوختی بۆ نووسیوە، كە لە چەند لاپەڕەیەكدا پێناسەی داعشمان بۆ دەكات لە منداڵانی دایكێكی ئەفسوناوی و پەروەردەكراوی دەستی هێزە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە و جیهان و پاشان وەك مڵۆزمێك بۆ گیانی خاك و كوردستان، بەرجەستە بوون.
لەم كتێبەدا بۆ هەموو روداوێك مانشێتێك هەیە كە بە رواڵەت روداوەكە سەربەخۆیە و بەڵام لە ناوەرۆكدا هەموو مانشێتەكان كتێبەكە تەواو دەكەن.
هەموو هێزەكان و یەكەكانی هێزی پێشمەرگە، هێزەكانی ناوخۆ، دژە تیرۆر، پۆلیسی كارەبا و دارستان، ئاسایش، پاسەوانی سنوور، یەكەكانی پاراستنی نەوت و گاز، هێزی ژنان، پێشمەرگە دێرینەكان، پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر، یەكە تایبەتەكانی مەڵبەندەكانی سنوورەكە، سۆفیەكان، خۆبەخشەكان... هتد وەك یەكە و فەرماندەكانیان ناویان تۆمار كراوە و قوربانییەكانیان، هێرشە سەركەوتووەكانیان و تەنانەت شكستەكانیان و شوێنی ئەرك و سەنگەرەكانیان، رۆڵ  پێگەیان لە مەجرای شەڕ و روبەڕووبوونەوكاندا دیاری كردووە.
لەم كتێبەدا، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانان، كۆبونەوەكانیان، فەرماندە و ئەفسەرەكانیان، هەماهەنگی و كاری هاوبەشیان، هاوكاری و پشتیوانی ئاسمانی و زەمینی لە كاتی شەڕ و لە بواری زانیاری پێدان لە جموجۆڵی دوژمنان، تێكشكاندنی ئامادەكارییەكانی دوژمنان و كۆبوونەوەی هێزەكانیان لە رێگەی فڕۆكە و ئاگر بارانی ئاسمانی ... هتد ئاماژەی پێدراوە.
هەروەها پەیوەندییەكانیان و هەماهەنگییان لەگەڵ سوپای عیراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی و نمایندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە چەندین وێستگەی ئەم كتێبەدا بە ئەرێنی و نەرێنی وەك خۆی تۆمار كراوە.

 

با ئێمە لێرە نەڕۆین، با خوێنی پارچەكانی كوردستان لە سەر خاكی كەركوك، بە تێكەڵاوی بڕژێت، تا بە خوێنی رژاومان، لە ناو خاكێكی تەعریبكراوی رزگار كراودا، یەك بگرێتەوە

 

 

خاڵێكی گەش و ناوازە لەم كتێبەدا بەرز نرخاندنی رۆڵی پێشمەرگە و گەریلای خۆرهەڵات و باكور و خۆرئاوای كوردستانە  لەو میحوەرەدا، كە ئەوانەن نمایندەی مەحموود خانی دزڵی و نەجمەدین بیوك كایەی سەردەمی شۆڕشە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد بوون.
چەند جوان وەستا رەسوڵ پێی وتوون: (با ئێمە لێرە نەڕۆین، با خوێنی پارچەكانی كوردستان لە سەر خاكی كەركوك، بە تێكەڵاوی بڕژێت، تا بە خوێنی رژاومان، لە ناو خاكێكی تەعریبكراوی رزگار كراودا، یەك بگرێتەوە).
تەنیا سەرنجێك
لەم كتێبەدا وەستا رەسوڵ پێمان دەڵێت لە میحوەری چواری باشوری كەركوكدا  شەڕی هەموو كوردبوو دژی هەموو دوژمنانی كورد، چەند شانازییە فەرماندەیەك بەو ویژدانەوە بنوسێت و رۆڵی كەسانی تر و هەڤاڵەكانی خۆی و فەرماندەكان و پێشمەرگەكان لە بیر نەكات و لە بری وشەی (من) هەمیشە (ئێمە) بەكاربهێنێت و بەوپەڕی سادەییەوە گوێڕایەڵیی خۆی بۆ فەرماندەكەی (كاك شێخ جەعفەر) لە سەدان وێستگەدا، دووپات دەكاتەوە.
لەم كتێبەدا هەموانی تێدا بەشدارن، ئەوەی خوێنی بەخشییوە بە پێشمەرگە.
ئەوەی مەدالیای ڕێز لێنانی بۆ فەرماندە و بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان دروست كردووە ، ئەوانەی خۆراك و پۆشاك و سوتەمەنی و هاوكارییان بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان كردووە، ئەوانەی لە بۆنە و جەژنەكاندا سەردانی پێشمەرگەیان كردوە، ئەوانەش بە كۆڕ و سیمینار و هۆنراوە بە باڵای پێشمەرگەدا هەڵیان گوتووە و سرودیان چڕیوە.
ئەوێ رۆژێ كورد لە هەموو سەردەمێك زیاتر تەبا و یەكگرتوو بووە و میحوەری چواری باشووری كەركوكیش سەنگەرێكی بچوككراوەی هەموو كوردستان بووە. ئەوانەش هەمووی لە دوو توێی ئەم دوو بەرگەدا و لە بیرەوەرییەكانی لیوا (وەستا رەسوڵ)دا ئامادەییان هەیە.
چەندە شەن و كەوم كرد، ئەم بەرهەمە ناوازەیە و كەم وێنەیە تەنها تێبینیم لە سەر ناوی كتێبەكە هەیە كە زاراوەی (هۆلۆكۆست) لە مێژودا وەك قوربانییەكی قڕكراوی جولەكەكانە، زۆر جیاوازە لە قڕكردنی داعشێكی خوێنڕێژ و داگیركەر و دژە مرۆڤ، بەڵام نووسەر ئەو هۆلۆكۆستەی داعش لە ئەستۆ دەگرێت كە لە پێناوی مرۆڤایەتیدا ئەنجام دراوە. 
لە كۆتاییدا دەڵێم دەست و قەڵەمت هەر خۆش و بە بڕشت بن جەنابی (وەستا رەسوڵ)، خۆزگە لە میحوەرەكانی تریشدا ئاوا بیرەوەرییەكان بنووسرایەتەوە و پێكەوە ببونایە مێژوییەكی راستگۆی دەستچنی خۆمان وەك ئەوەی كە رویداوە نەك وەك ئەو مێژووەی كە دوژمنان بۆیان نوسیونەتەوە.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان