گواردیۆللا چاوی لەریكۆردێكی ترە

11:06 - 2024-05-22
وەرزش
392 جار خوێندراوەتەوە

یانەی مان سیتی بەسەر كردایەتی پیپ گواردیۆللای راهێنەری ئیسپانی، ئەمساڵ لە دوا هەفتەی یارییەكانی خولی نایابی ئینگلتەرادا، توانی نازناوی پاڵەوان بۆخۆی و یانەكەی یەكلا بكاتەوە و بۆ ساڵی چوارەم لەسەر یەک بووبە پاڵەوانی ئەم خولە بەهێزەی ئەو وڵاتە و ئەوروپا.
رۆژی شەممەی ئایندەش یارییەكی گرنگی تری هەیە، ئەویش یاریی كۆتایی جامی یەكێتیی ئینگلیزییە (FA CUP)، یارییەكەش لەگەڵ مانچستەر یۆنایتدی هاوشاری خۆی دەكات كە دێربییەكی گرنگی تری ئەمساڵی ئەو وڵاتەیە.
گواردیۆللا دەیەوێت بەهەر نرخێك بووە ئەم جامەش لەم وەرزەدا بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەی ریكۆردێكی ناوازە لەمێژووی راهێنەریی خۆی و یانەكەیشیدا بەرز بكاتەوە، ئەوەیش ئەوەیە دەبێتە یەكەم یانە لە مێژووی ئینگلتەرا بتوانێت بۆ دووساڵی یەك لەسەر یەك جامی پریمەر لیگ و (FA CUP) پێکەوە بەرز بكاتەوە.
بەرلەوەی ئەم یارییە بكرێت، مان سیتی لەبارودۆخێكی باشدایە، ركابەریی و ماملانێی نازناوی پاڵەوانی پریمەر لیگی لەگەڵ ئەرسناڵ یەكلایی كردەوەو جامی پریمەر لیگی بەرزركردۆتەوە، ئێستا لەبەر دەم ئەم جامەشدا وەستاوە.
هەرچی یانەی مان یونایتدی هاوشارییەتی بەبارودۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت، پلەی هەشتەمی پریمەرلیگی گرتووە و بەشداریی هیچ خولێكی ئەوروپا ناكات، تەنیا هیوایەكی تین هاگی راهێنەر و یاریزانەكانی ئەوەیە هەرنبێت ئەم جامە ببەتەوە، شەوەی شەممەی ئایندە ئەم هەلەش بۆ تین هاگ یان گواردیۆلا یەكلایی دەبێتەوە.

#وەرزش

بابەتە پەیوەندیدارەکان