ئەوروپا خۆی بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە دەکات

10:07 - 2024-05-23
ڕاپۆرت
235 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی /
کامەران ئەحمەد سلێمان

شەڕی ئەوروپا چیتر تەنها لە دووتوێی کتێبەکانی مێژوودا نییە، دۆخەکە بەخێرای لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە، هەمووشی لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە روسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022 دا. بۆیە ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا خۆیان بۆ دۆخێکی خراپتر ئامادە دەکەن لەوەی لە ئارادایە و بە وریایی و نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو رەوشە ناسەقامگیرە دەکەن.
جەنگی کۆسۆڤۆ کە لە ساڵی 1999 دا روویدا، نیشانی دەدات کە جەنگەکانی باڵکان چۆن کاریگەریی قووڵیان لەسەر ئەوروپا دروستکردووە. لەو کاتەدا ئەوروپاییەکان سەریان سوڕما کە جەنگ گەڕایەوە بۆ کیشوەرەکەیان. 
لەنێو سەرکردەکانی ئەوروپادا، هەستێک هەیە کە جەنگێکی گەورەی جیهانی نزیکە، بەتایبەتی ئێستا کە ئۆکرانیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاگریان گرتووە.
پەرەسەندنەکان
بیارک سمیس-مێیر لەم دواییانەدا شیکارییەکی بۆ گۆڤاری پۆلیتیکۆ-ی ئەمریکایی نووسیووە تێیدا دەڵێت: «ئەوروپا خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات».
دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەنداش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری دی وێڵت -ی ئەڵمانی، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوروپا بە قۆناغێکی پێش جەنگدا تێپەدەڕێت.
جەنگ چیتر رابردوو نییە
بەگوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، تاسک دەڵێت: «جەنگ چیتر رابردوو نییە، ئەوە راستەقینەیە و زیاتر لە دوو ساڵە دەستیپێکردووە. ئەوەی لەهەمووشی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە ئێستا بەشێوەیەکی گشتی ئەگەری هەموو سیناریۆیەک رێی تێدەچێت.
لە ساڵی 1945ەوە  رووی نەداوە
تاسک بە گۆڤاری دی وێڵت -ی وتووە: «پێویستە گەنجان ئاگاداری دۆخی ئێستا بن و ئەوە قبووڵ بکەن کە رەنگە ناچاربن چەک هەڵگرن!، ئەم پەیامە هاوتەریبە لەگەڵ مشتومڕێکی کراوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا سەبارەت بەوەی کە ئایا دووبارە پێویستە کار بە سیستمی سەربازگیریی زۆرەملێ بخرێنەوە بواری جێبەجێکردنەوە؟
زۆرینەی وڵاتانی خۆرئاوا دوای رووخانی دیواری بەرلین، خزمەتی سەربازیی ئیلزامی -یان هەڵوەشاندەوە، هەروەها هۆڵەندا و بەلجیکا لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، وەرگرتنی سەربازیان راگرت.
بەڵام سەرکردەکانی وەک ئەمانۆێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پێیانوایە گرنگە گەنجان بۆ ماوەیەک خزمەتی سەربازی لە وڵاتەکەیاندا بکەن، چونکە لە فەرەنسا خزمەتگوزاریی نیشتمانی گشتگیر ئامادە دەکرێت کە رەنگە توخمێکی سەربازی لەخۆبگرێت.
بەریتانیا دەیەوێت هاووڵاتییەکانی بۆ خراپترین دۆخ ئامادە بکات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت هاووڵاتیانی خۆیان بۆ ئەگەری جەنگیش ئامادە بکەن.
بەپێی هەواڵێکی BBC، گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا وتوێتی: «جیهانی ئێمە لە جیهانێکی دوای جەنگەوە بۆ گۆڕاوە بۆ جیهانێکی پێش جەنگ». 
دەبێت ئەوروپا بتوانێت خۆی بپارێزێت
لە مانگی کانوونی دووەم (یەنایەر)ی ئەمساڵیشدا، جەنەڕاڵ پاتریک ساندەرز باسی لە «کۆکردنەوەی میللەت» و بەهێزکردنی سەربازە پڕۆفیشناڵەکان کردووە بە جۆرێک کە سوپای میللی-یان لێ ئامادەبکرێت.
هەموو ئەوروپییەکان بە تامەزرۆییەوە گوێیان لە زیادبوونی خەرجییەکانی بەرگری نییە، بەڵام ئەوە ئامانجێکە کە زۆربەی سەرکردەکان بەدوایدا دەگەڕێن. 
هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا خوازیاری بەهێزکردنی کایەی بەرگریی و سەربازیی زیاترن بۆئەوەی ئەوروپا بتوانێت خۆی بپارێزێت، بەبێ ئەوەی پشت بە ناتۆ یان ئەمریکا ببەستێت.
هەڵوێستی چەپەکان لەم قۆناغەدا
هەرچی چەپەکانی ئەوروپایە بە شێوەیەکی نەریتی ئاشتیخوازن و ناڕازین لە بیرۆکەی خەرجکردنی پارەی زیاتر بۆ چەک و سەرباز. بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە چەپەکان دەبێت بیرکردنەوەی خۆیان لە ژێر رۆشنایی مەترسیی هەنووکەییدا بگۆڕن کە سێبەری دووکەڵی جەنگبزیک بۆتەوە.
چەپی ناوەند و بیرکردنەوە لە میلیتاریزم 
کاس مودێ، شارەزای کاروباری سیاسی لە هۆڵەندا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی-ی رایگەیاندووە: ئەوە کاری چەپی (ناوەند)ە کە پلانێک بۆ سوپاکانی ئەوروپا دابڕێژێت کە پێگەیەک لە نێوان ئاشتیخوازیی و میلیتاریستیدا بووەستێت، دەشڵێت: «بێگومان هەندێک لە ئاشتیخوازان و سەرسەختترین گروپە چەپەکان پێیانوایە ئەو سیاسەتمەدار و میدیایانەی کە هۆشداری دەدەن لە ئەگەری جەنگێکی راستەقینەی گەورە لە ئەوروپا، لە رادەبەدەر زەنگ لێدەدەن و چەپەکان پێیانوایە ئەمە بەشێکی بۆ کاریگەریی دانانە لەسەر بۆچوونی خەڵک و وەرچەرخاندنیانە بەرەو روانگەی کۆنەپەرستانە.

سەرچاوە: The Daily Digest


#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان