‏‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی بۆ رێكەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە

04:17 - 2022-06-15
عیراق
722 جار خوێندراوەتەوە


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق.

‏‎لە دیدارێکدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی و رزگار حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، ‏‎بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عیراق و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ ئاڵوگۆڕكرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان كرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و گەیشتن بە رێکەوتنێكی نیشتمانی لەسەر بنەمای ھاوبەشیی راستەقینە کە چوارچێوەکەی دەستوور و بەرژەوەندیی گشتی بێت.

‏‎ھەر لە دیدارەکەدا بانگهێشتی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرا بۆ کۆبوونەوەیەكی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و گەیشتن بە رێكەوتنێك بۆ دەربازكردنی عیراق لەو دۆخە سیاسییەی تێیكەوتووە و حكومەتێك دروستبكرێت كە عیراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری ببات.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی و سوربوونی یەکێتی بۆ رێكەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەموومان لە بەردەم دۆخێكی چارەنووسسازداین و پێویستە بڕیارەكانمان لە خزمەت گەل و وڵاتدا بێت. گیانی تەبایی و پێكەوەیی قوڵتر بكەینەوە و هەمووان پێكەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەكی گەش بنێین.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان