دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمانی کوردستان رایگەیاندوە، ئەو دەرمانانەی لە بازاڕی ئۆنلاین و گیادەرمان و ساڵۆنەکاندا بۆ چارەسەری قەڵەوی و گەورەکردنی ئەندامی جەستەی ئافرەتان و پیاوان ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەرهەمی مەترسیدارن و مادەی قەدەغەکراویان تێدایە، پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن و بە رێنمایی پزیشک و نەخۆشخانەکان دەرمان وەربگرن و بەکاریبهێنن.
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمانی کوردستان (KMCA) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بەردەوام بانگەشەی هەڵە و چەواشەکارانە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، کەمکردنەوە یان رێگریکردن لە نەخۆشی بۆ کۆمـەڵێک بەرهەم دەکرێت، لەکاتێکـدا ئەو بەرهەمانە بەپێی پێوەرە زانستییەکانی رێکخستنە دەرمانسازییەکان، رێگەپێدراونین.
لە راگەیەنراوی دامەزراوەی KMCA ئەوەشخراوەتەڕو، بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوە گەورەکانی دەرمان، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونکە مادە و دەرمانی شاراوە یان قەدەغەکراویان بە بڕی زۆر تێدایە، سەرجەمیشیان لێکەوتەی مەترسیداری تەندروستیی لەسەر ئەندامەکانی لەش وەک، ئێسکەکان، گورچیلەکان، جگەر، گەدە، مێشک و دڵ جێدەهێڵن.