پێكهێنانی هه‌رێمی به‌سرە، پرسێكه تا ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ریی دانیشتوانی به‌سرە ده‌خرێته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده ئه‌و پرسه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پێشووی پارێزگاكه‌وه داواكرابوو، كه دواتر له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌نجومه‌نه‌كانی تری پارێزگاكانی عیراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیش پشتگیری ئه‌و پرسه‌یان ده‌كرد، مێژووی ئه‌و داواكارییانه‌ش هه‌ر له‌سه‌رده‌می داگیركردنی عیراق له‌لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه له 1914 ەوه ده‌ستیپێكردووه، كه پێشتر به‌سرە ویلایه‌تی سێیه‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو له عیراق و سنووره ئیدارییه‌كه‌ی بۆ سنووری به‌حرێن درێژ ده‌بۆوه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا دانیشتوانی به‌سرە داوای جیابوونه‌وه‌یان له عیراق ده‌كرد و كه‌سێك له‌ناو یه‌كێك له بنه‌ماڵه‌كانی به‌سرە بكرێته پاشا و به‌ریتانییه‌كانیش ئه‌و داواكارییه‌یان ره‌تكرده‌وه، دووه‌مین داواكاری ره‌سمیش له‌و باره‌یه‌وه له 1928 بوو و داواكاری سێیه‌مینیش له 2008 بوو، له 2020یشدا ئه‌و داواكارییانه بێده‌نگ كران له رێگه‌ی ملكه‌چبوون بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازیی دانیشتوانی پارێزگاكه و ته‌رخانكردنی بڕێكی زۆر له بودجه و پاره بۆ بێده‌نگ كردنی ئه‌وانه‌ی داوای به هه‌رێمكردنی پارێزگاكه‌یان ده‌كرد، له‌م دیداره‌دا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تائیی ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سرە و یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه دیارانه‌ی داوای به هه‌رێمكردنی به‌سرەیان ده‌كرد، باس له‌م بابه‌ته ده‌كه‌ین.
سازدانی سۆران داودی
هه‌رێمی به‌سرە مافێكی دەستوورییه
*بۆچی ئێوه داوای به هه‌رێمكردنی به‌سرە ده‌كه‌ن؟
- هه‌رێمی به‌سرە مافێكی ده‌ستوورییه و له ساڵی 2008ەوه، ئه‌و بابه‌ته به یاسایی كراوه، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاسای ژماره 13ی له 2008 ده‌ركردووه، كه شیكردنه‌وه‌ی بۆ ماده‌ی 119ی ده‌ستوور كردووه و ئه‌و ماده‌یه‌ی دەستووریش ده‌ڵێت: هه‌موو پارێزگایه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به دوو رێگه ببێته هه‌رێم، یا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا داواكارییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه پێشكه‌ش بكات، ئه‌و كاره‌شیان كرد، یاخود بە رێژه‌ی 10 ٪ی ده‌نگده‌رانی پارێزگاكه ده‌نگی پێ بده‌ن، ئه‌وه‌شمان هه‌ر كرد، له ساڵی 2014 كاتێك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بووم، پڕۆژه‌ی هه‌ڵبژاردنم ئه‌و بابه‌ته بوو، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له 2015 یه‌كه‌مین قۆناغی هێنرایه‌دی و له 19ی ئابی ساڵی 2015 ره‌زامه‌ندیمان به‌ده‌ستهێنا، دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن داوای لێكردین رێژه‌ی ٪2ی ده‌نگده‌رانیان پێشكه‌ش بكه‌ین، كه ده‌یكرده 35 هه‌زار ده‌نگده‌ر، پشتیوانی نزیكه‌ی 38 هه‌زار ده‌نگده‌ر یان زیاترمان پێشكه‌شكردن، پاشان كۆمسیۆن بڕیاڕی خۆی ده‌ركرد، هه‌روه‌ك پێشتر وتم كه له 19ی ئابی ساڵی 2015 بوو، بڕیاڕه‌كه سێ خاڵ بوو، یه‌كه‌میان ره‌زامه‌ندی بوو له‌سه‌ر داواكاری جه‌ماوه‌ری بەسرە بۆ به‌هه‌رێمكردنی پارێزگاكه‌یان، دووه‌م، دابینكردنی بودجه‌یه‌ك بوو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمه‌كه تا دانیشتوانی بەسرە هه‌موو به به‌ڵێ ده‌نگ بده‌ن یان رێژه‌ی په‌نجا كۆ یه‌ك بێت، بۆئه‌وه‌ی ببێته هه‌رێم، سێیه‌م خاڵ پێكهێنانی وه‌فدێك بوو له ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆ بكات بۆ ته‌واوكردنی رێوشوێنه پێویسته‌كان، سه‌یری ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بكه كه ده‌ڵێت: بۆ ته‌واوكردنی رێوشوێنه پێویسته‌كان، ئه‌وه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ی كاتێك خه‌ڵكی داواكارییه‌كه‌یان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ به‌هه‌رێمكردنی پارێزگاكه‌یان، پێویستیان به ره‌زامه‌ندیی حكومه‌ت نابێت، بابه‌ته‌كه ته‌نها رێوشوێنه‌كانه، به‌ڵام به‌داخێكی زۆره‌وه، هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه په‌كخران، سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش، هه‌رێمی بەسرە بۆچی؟ له‌به‌رئه‌وه‌یه بەسرە به مه‌به‌ست پشتگوێ خرابوو نه‌ك بێ مه‌به‌ست له‌لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه له 2003وه، ده‌بوو حكومه‌ته نوێكان له‌سه‌ر بنه‌مای دەستوور و ئازادییه‌كان و دیموكراسی جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی هه‌موو هاووڵاتییه‌كی عیراق و بەسرەییان مسۆگه‌ر بكردایه، به‌ڵام وانه‌بوو، ئه‌و حكومه‌تانه مه‌به‌ستم له به‌غدایه، به‌مه‌به‌ست نه‌ك به هه‌ڵه بەسرەیان په‌راوێزخست و ته‌ئكیدیش له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌كه‌مه‌وه، له هه‌موو روویه‌كه‌وه پارێزگاكه‌یان پشتگوێ خست، له رووی كه‌رته‌كانی فێركردن و ته‌ندروستی و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و بارزگانییه‌وه، تاكه شت كه پارێزگای بەسرە كارده‌كات بیره نه‌وته‌كانه، بۆچی؟ چونكه داهاتی گه‌وره‌ی هه‌یه، ئێستا زانراوه ژماره‌كان چه‌نده، سوودێكی زۆر زیاتر له‌بڕی خۆی هه‌یه و ده‌گاته زیاتر له 25 ترلیۆن دینار به‌هۆی ئه‌و نه‌وته‌ی له بەسرە به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و هه‌روه‌ها بێگومان له كه‌ركوكیش و له چه‌ند پارێزگایه‌كی تریش، به‌ڵام بەسرە نزیكه‌ی رێژه‌ی 90 % ی نه‌وتی عیراقی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، هیچ جۆره سوود و قازانجێكی ئه‌و نه‌وته بۆ دانیشتوانی بەسرە نییه، له‌به‌ر ئه‌وه خه‌ڵكی ناچاربوون هه‌نگاو به‌ره‌و به‌هه‌رێمكردنی پارێزگاكه بهاوێژن.
رێژه‌ی هه‌ژاری زۆره
*ئایا ئێوه ده‌تانه‌وێ شێوه‌ی ئه‌و هه‌رێمه چۆن بێت ئه‌گه‌ر ببێت؟ ده‌تانه‌وێ هاوشێوه‌ی په‌یكه‌ری ئیداریی هه‌رێمی كوردستان بێت یان له هه‌رێمی تر بچێت؟
-دەستوور ئه‌و بابه‌ته‌ی دیاریكردووه، یه‌كه‌م: له‌سه‌ر بنه‌مای ماده‌ی 119ی ده‌ستوور، جارێكی‌تر ئه‌و خاڵه دووپاتده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و ماده دەستوورییه شێوه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ی دیاریكردووه كه هه‌رێمێكی ئیدارییه، به‌و مانایه‌ی دانیشتوانی بەسرە خۆیان سنووری ئیداریی پارێزگاكه‌یان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، په‌رله‌مانێكیان ده‌بێت دوو ئه‌ركی له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت. یه‌كه‌م ده‌ستووری هه‌رێمه‌كه ده‌نووسێته‌وه، دووه‌م لایه‌نی ئیدارییه، حكومه‌تی هه‌رێمی بەسرە پێكده‌هێنرێت، كه ده‌بێـت خزمه‌تگوزاری بێت، بۆچی؟ جارێكی‌تر دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، چونكه حكومه‌ت له به‌غدا به داخه‌وه له دووره‌وه و به كۆنتڕۆڵ پارێزگای بەسرە به‌ڕێوه‌ده‌بات، نازانێت كام له كاره‌كان له پێشینەدا‌ن بۆ پارێزگاكه، پێشتر گومانێكمان هه‌بوو ده‌مانووت ره‌نگه نه‌زانێت، به‌ڵام دواتر و كاتێك من چوومه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه حكومه‌ت به مه‌به‌ست پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ پارێزگای بەسرە جێبه‌جێ ناكات، بۆچی؟ تا وا له دانیشتوانی بەسرە بكه‌ن ملكه‌چ و شوێنكه‌وتووی پارته سیاسییه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بن، بۆ دامه‌زراندن بچن له پارتی سیاسیی بپاڕێنه‌وه، بۆ داوای مافی خۆیان، ده‌بێ بچن له‌گه‌ڵ ئه‌م پارت یان ئه‌و پارتی سیاسی گفتوگۆ بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك بەسرە ده‌بێته هه‌رێم، دانیشتوانی بەسرە خۆیان ئه‌و كه‌سایه‌تییانه هه‌ڵده‌بژێرن كه متمانه‌یان پێیانه و ده‌یانناسن و ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه، به‌وپێیه ئه‌و كه‌سایه‌تییانه هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه و بتوانن ئه‌و حكومه‌تی هه‌رێمه هه‌ڵبژێرن كه پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان جێبه‌جێ بكات، هه‌موو ئه‌وه‌ی دانیشتوانی بەسرە ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه‌یه داهاته‌كانی سنووره‌كه‌یان بۆ خۆیان بێت، بۆ نموونه یه‌كێك له‌و سوودانه‌ی له دوای هێنانه‌دی پێكهێنانی هه‌رێمی بەسرە ده‌بێت، بودجه‌ی هه‌رێمه‌كه نزیكه‌ی رێژه‌ی 8 % بۆ 9 % ده‌بێت، ئه‌وه‌ش بودجه‌یه‌كی زۆر گه‌وره ده‌بێت بۆ بەسرە، ئێستا بودجه‌ی پارێزگای بەسرە نزیكه‌ی 1 % ه، نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاره، ئه‌و پاره‌یه‌ش ده‌درێت و نادرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌ته‌كانه وه‌ك خۆت ده‌زانیت، واته حكومه‌تی فیدڕاڵ له چه‌ندین ماده‌دا ده‌ستووری پێشێلكردووه، بۆ نموونه چه‌ندین ماده‌ی ده‌ستوور هه‌ن باس له دابینكردنی ژیانێكی شكۆدارانه ده‌كه‌ن، كاتێك ده‌چین بۆ بەسرە، ده‌بینین رێژه‌ی هه‌ژاری زیاتر له 20 %، ئه‌وه‌ش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه له پارێزگایه‌كدا كه رۆژانه زیاتر له چوار ملیۆن و 250 هەزار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
كێشه‌ی خێڵه‌كی له زۆرێك لە پارێزگاکان هه‌یه
*چه‌ندین كێشه‌ی خێڵه‌كی هه‌ن كه له سنووری بەسرە، ئایا ترسی ئه‌وه‌تان نییه له‌كاتی به‌هه‌رێمكردنی پارێزگاكه‌دا، ئه‌و كێشه و ململانێ خێڵه‌كییانه گه‌وره‌تر و زیاتر بن؟
-بڕوانه، كێشه خێڵه‌كییه‌كان له هه‌موو شوێنێكی پارێزگاكان هه‌ن، واته ته‌نها له سنووری بەسرەدا نییه، له ناوچه‌كانی تری وه‌ك عه‌ماره و ناسرییه و له به‌غداش هه‌ن، ئه‌گه‌ر تێبینی ئه‌و ساڵانه بكه‌یت له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌كان، ده‌بینیت چه‌ندین كێشه‌ی هۆزگه‌ریی و خێڵه‌كی دروستببوون به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی پارته سیاسییه‌كانه‌وه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ململانێی هۆزه‌كان ئه‌ركی ئه‌وانه نییه، كه داوای به‌هه‌رێمكردنی بەسرە ده‌كه‌ن، سه‌پاندنی ئاسایش و ئارامی ئه‌ركی ئه‌وانه نییه كه داوای به‌هه‌رێمكردنی بەسرە ده‌كه‌ن..دابینكردنی ئاسایش و ئارامی، ئه‌ركی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانه، ئه‌ركی ئه‌وانه ئاسایش و سه‌قامگیری له پارێزگای بەسرە و پارێزگاكانی تری وڵات‌دا دابین بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر دانیشتوانی بەسرە به‌هه‌رێمبوونیان ده‌وێت، ئه‌وا ده‌بێت به‌پێی بنه‌مای ده‌ستوور به‌ره‌و رێژه‌ی په‌نجا كۆ یه‌ك بچین، ئه‌وسا ده‌زانین ئایا دانیشتوانی بەسرە ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و به‌هه‌رێمكردن بچن یان نا؟، هه‌رچی پاساوی پارته سیاسییه‌كانیشه سه‌باره‌ت به ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ و كێشه‌ی خێڵه‌كی و هۆزه‌كان و بارودۆخی ئه‌منی، ئه‌وه ئه‌ركی تۆیه وه‌ك حكومه‌ت، ئه‌ركی وه‌زاره‌ته‌كانه، نه‌ك ئه‌ركی من وه‌ك كه‌سێك داوای به‌هه‌رێمكردنی بەسرە ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌م پێ ببه‌خشیت، من رێگه‌ی تایبه‌تی خۆم ده‌بێت بۆ سه‌پاندنی ئاسایش و ئارامی، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌ی نایاسایی چه‌كیان پێیه، كه‌سانی بێكارن و به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن، هه‌ربۆیه ناچار ده‌بێت گوێ له سه‌رۆك هۆزه‌كه‌ی و شێخی هۆزه‌كه‌ی بگرێت تا بڕێك پاره‌ی كه‌می لێ ده‌ستبكه‌وێت تا هیچ نه‌بێ ژیانێكی كوله‌مه‌رگانه پێی بژی.
به پاساوی جیاجیا به‌هه‌رێمكردنی بەسرە دواده‌خرێت
*ئایا پرسی به‌هه‌رێمبوونی پارێزگای بەسرە گه‌یشتۆته كوێ؟ ئایا راگیراوه؟
-سوپاست ئه‌كه‌م بۆ ئه‌م پرسیاره و پرسیارێكی گرنگه، ئێمه داواكارییه‌كمان پێشكه‌شكرد و له‌لایه‌ن كۆمسیۆنیشه‌وه ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه كه حه‌یده‌ر عه‌بادی بوو، به‌مه‌به‌ست پڕۆژه‌كه‌ی په‌كخست و بێگومان ئه‌وه‌ش به گوێره‌ی رێكه‌وتنی بوو له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌كان، ئه‌وه شتێكی زانراوه، چه‌ندین پاساویان بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه، جارێك به پاساوی ئابووری و جارێك به پاساوی داعش، هه‌رچه‌ند داعش‌یش كۆتایی هات، به‌ڵام كار بۆ به‌هه‌رێمكردنه‌كه نه‌كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داواكارییەکەی دانیشتوانی بەسرە ده‌ستووری و یاسایی بوو.