وەفدێك لە بەغدایە و بەچڕی هەوڵدەدەن..

فراكسیۆنی یەكێتی، پاڵپشتی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی بەغدا دەكات

11:54 - 2024-05-26
کوردستان
184 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: پاڵپشتی خانەنشینانی كوردستان دەكەن لە هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێكی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و دیدار و كۆبوونەوەیان كردووە.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەك لە خانەنشینان وەك نوێنەرانی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك لە بەغدان، ئەویش بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی كوردستان هاوشێوەی تەواوی عیراق. وتیشی: وەفدەكە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتر، لەگەڵ لیژنەی دارایی نوێنەران و دادگای فیدراڵی و فراكسیۆنی یەكێتی و ژمارەیەك فراكسیۆن‌ و لایەنی دیكە كۆبۆتەوە، كە ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی پاڵپشتییان دەكەین و وەك هەمیشە لەگەڵ مافی خانەنشینانداین تا تەواوی مافەكانیان پێبدرێت.
تەئكیدیشیكردەوە كە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 212ی دادگای فیدراڵی، كە ساڵی 2022 دەریكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەندكردووە تا یاسای یەكگرتووی خانەنشینانی عیراقی ژمارە 9ی ساڵی 2014 جێبەجێبكات، بەمە خانەنشینانی هەرێمی كوردستانیش وەك ناوچەكانی تری عیراق مووچەكانیان پێدەدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان