بێستانسور.. یەکەم جڤاتی مرۆیی لەمێژووی جیهاندا کە گۆڕانی کەشوهەوا دروستی کرد

11:28 - 2024-05-27
دووتوێ
192 جار خوێندراوەتەوە

خالد سلێمان

شارەزا لە بواری ژینگە و کەشوهەوا

دەستپێک
ئەم گێڕانەوە زانستی و ئەدەبییەی لەبەر دەستی خوێنەردایە، بەشێکە لەبنیادنانەوەی رووداوەکانی کەشوهەواو  کاریگەرییان لەدروستبوونی کۆمەڵگەی مرۆییدا لە کوردستان، وەک بەشێکی جۆگرافیای زیندوو لە باشووری خۆرئاوای ئاسیادا. پێش8000-4500 هەزار ساڵ دانیشتوانی گوندی بێستانسور لە خوارووی سلێمانی، لە تۆڕێکی فراواندا ژیاون و دەستیان گەیشتوەتە بەشەکانی سەرووی کوردستان لە دۆڵی ئەنادۆڵ، نیوە دورگەی عەرەب و هەروەها دەریای قەزوێن و ئێران و ئەفغانستان. ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییەکی رادیکاڵی کەشوهەواوە، کە دەرەنجامی تەقینەوەیەکی لۆکاڵی-گەردونیی بووە لە دەرەوەی سنووری بێستانسوور. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بابەتەکە ناچێتە چوارچێوەی ساغکردنەوەی مێژوییەوە لەسەر کوردستان، چونکە خەسڵەت و فاکتەرەکانی دروستبوونی یەکەم جڤاتی مرۆیی، پێش هەموو شتێک ژینگەیی بوون و هەلومەرجی کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئابووری دوای ئەوە دێن.
بابەتەکە وەرگێڕانی زمانی زانستی و پەراوێز و سەرچاوەی ئەکادیمییە لە بواری مرۆناسیی، شوێنەوارناسیی، جوگرافیا و هەروەها میکرۆب-ناسییەوە بۆ گێڕانەوەیەکی وەها کە خوێنەر مەیلی بەلایدا بچێت و لێی بێزار نەبێت. ئەمەش یەکێکە لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەوانیی ژینگەیی و زانستیی. هەر لەبەر ئەم لایەنەش، لام مەبەست بو خوێنەر نەگلێنمە ناو ئاڵۆزکارییەکانی توێژینەوەی زانستییەوە تا لە هێڵی گشتیی گێڕانەوەکە دانەبڕێت. 
رۆڵی سیستمە ژینگەییەکان و هەلومەرجی کەشوهەوا، تەنها بابەتێکی زانستی ناو تاقیگەکان نییە، بەڵکو بەدرێژایی مێژوی زەوی و کۆمەڵگەکانی، تیایاندا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، فاکتەری سەرەکی بوە لە دیاریکردنی ناسنامەی جۆرەکان لەسیستمە ژینگەییەکانی سەر زەوی لەرووی فیزیکی و سیستمی ژیان و خۆراکەوە، هەروەها لە رووی کەلتوریشەوە لەلای مرۆڤ. زۆرجار هەلومەرجەکانی کەشوهەوا بونەتە هۆی لەناوچوونی گشتیی، بەڵام لە هەندێ چاخیشدا دۆخی لەباریان بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی ڕەخساندوە لە تێپەڕاندنی قات و قڕی و کەبونەوەی سەرچاوەکانی خۆراکدا. لێرەوە گێڕانەوەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە لەگەڵ ئەو لەناوچونە گشتیانەی لەسەر زەوی دروست بون و کەشوهەوای هەسارەکەمان دروستی کردون، هەر ڕوداوێکی کەشوهەواش، دەبێتە هۆی گواستنەوەی مرۆڤ لە گەڕۆکی و دێوانەییەوە بەدوای خۆراکدا بۆ مرۆڤێکی جێگیر لە کۆڵونیی کشتوکاڵیداو لەناو چوار دیواردا، وەک لە بێستانسور دروست دەبێت و تا ئەمڕۆش ئاکارەکانی ماون.
لەناوچوونەکان
لەمێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتیی جۆرەکان روویانداوە، لەدەرەنجامیشدا تەنها 5 % لە زیندەوەرەکان ماونەتەوە. لەناوچوونی یەکەم کە بە (رووداوی لەناوچونی ئۆردۆڤیچیان-سیلوریان) دەناسرێت، لە نێوان 435 تا 460 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا روویداوەو بوەتە هۆی لەناوچونی زیندەوەرە ئاوییەکان. لەناوچونی دووەمدا کە بە (دیڤۆنیان) دەناسرێت و دەگەرێتەوە بۆ 365 ساڵ پێش ئێستا، زیندەوەرە ئاوییەکانی ناوچە کەمەرەییەکانی سەر زەوی لەناوچون. رووداوی سێیەم کە لەچاخی (پێرمیان)داو پێش 250 ملیۆن ساڵ روویداوە، بەگەورەترین لەناوچوون دەژمێردرێت و هەمو جۆرەکانی لەسەر زەوی گرتوەتەوە، لەناویاندا زۆرترینی بڕبڕەدارەکان لەناوچون. 
لەناوچوونی چوارەم لە چاخی (تریاسیک-جوراسیک)دا پێش 210 ملیۆن ساڵ ڕویداوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری بڕبڕەدارەکانی لەناوبردوە، بە چاخی گەشانەوەی داینەسۆرەکان دەناسرێت. هەرچی لەناوچونی پێنجەمە، لەدەرەنجامی بەریەککەوتنی تەنێکی گەورە بەزەویدا لە چاخی (کریتاسیۆس) پێش 66 ملیۆن ساڵ روویداوە لە مەکسیکی ئێستا لە باکووری ئەمریکا. ئەم ڕوداوە کە یەکێکە لە گەورەترین تەقینەوەکان لەسەر زەوی، جگە لەناوبردنی زۆربەی جۆرەکان لەسەر زەوی بەیەکجارەکیش کۆتایی بە داینەسۆرەکان هێناو لەناوی بردن. 
دوای 66 ملیۆن ساڵ، تەقینەوەیەکی بچوکتر لەوەی پێنجەم لەسەر زەوی روویداوە، بەڵام بەپێچەوانەوەی ئەوانەی پێشو، بوەتە هۆی گواستنەوەی کۆمەڵگە مرۆییەکان لە گەڕۆکی و دێوانەییەوە بەدوای خۆراکدا، بۆ کۆڵۆنیی کشتوکاڵ و شارستانی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی خۆراک. ئەم ڕوداوە کە دەرەنجامی تەقینەوەیەکی گەردونی بوەو پارچەکانی بەر زەوی کەوتون، بەگوێرەی گێڕانەوە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بۆ 13 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم ڕوداوە کە بە گریمانەی دریاسی بچوک دەناسرێت، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی خۆراکی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بیرمەندو تیۆریستی بەناوبانگی ئەمریکی، لویس مۆرگان (1818-1881) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناونیشانی (کۆمەڵگەی دێرین) بەڕونی دەستنیشانی ئەوەی کردبو کە ڕەگەزی مرۆیی تاکە بونەوەرە لەسەر زەوی کە بتوانین بڵێین کۆنترۆڵی تەواوی بەرهەمهێنانی خۆراکی کرد. پێش مرۆڤ هیچ جۆرێکی تر لەسەر زەوی ئەم کۆنترۆڵەی بەسەر سەرچاوەو بەرهەمهێنانی خۆراکدا نەبوو. 
بەبێ فراوانکردنی پێداویستییەکانی ژیان، لە توانای کۆمەڵگەی مرۆییدا نەبوو لە دەرەوەی بازنە سەرەتاییەکانی خۆیدا بڵاوبێتەوە، لە کۆتاییشدا بگاتە هەموو شوێنێک لەسەر زەوی. ئەگەر کۆنترۆڵی رەها بەسەر چەندایەتی و هەمەڕەنگیی سەرچاوەکانی خۆراکدا نەبووایە، کۆمەڵگەی مرۆیی لە توانایدا نەبوو زیاد بکات و ئەم هەموو نەتەوە چڕەی دانیشتوانی لێ دەربچێت. وادیارە، چاخە مەزنەکانی پێشکەوتنی ڕەگەزی مرۆڤ، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو تا ڕادەیەک، لەگەڵ فراوانبونی سەرچاوەکانی خۆراکدا دیاریکراوە. 
ماڵییکردن لە بێستانسورەوە
بەگوێرەی گێڕانەوە زانستییەکان، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی خۆراک لە نێوان 9000 هەزار تا 4500 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا ڕویداوە. ئەوەش لەرێگەی ماڵیکردنی گیانەوەرو ڕوەکە کێوییەکانەوە لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێدا کە بە چاخی شۆرشی کشتوکاڵ ناسراوە. مرۆڤ لەو قۆناغەی مێژوی پەرەسەندندا، لە ڕێگەی کشتوکاڵ و ماڵیکردنی گیانەوەرە کێوییەکانەوە، سەقامگیریی بەردەوامی لە گۆندی جێگیردا بەخۆوە بینیوە. هەر لەو قۆناغەدا، فەخوری دەردەکەوێت و بۆ عەمبارکردن و چێشت لێنان و کاری تر بەکاردەهێنرێت. 
گوندی بێستانسور، 33 كم لە باشووری شاری سلێمانی، کە وەک کۆنترین شوێنی جیهان لەسەر لیستی کاتیی رێکخراوی یۆنسکۆ  دانراوە، بەڵگەی بەرچاو لەسەر گواستنەوەی کۆمەڵگەکان لە راوشکاری و گەڕان بەدوای خۆراکدا بۆ کۆمەڵگەی جێگیرو بەرهەمهێن دەخاتەڕوو. لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاسەواری خۆرئاوای زاگرۆسدا CZAP ، زاناکانی بواری شوێنەوارو میکرۆب و هەروەها مرۆڤناسیی گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کە بەجێماوەکانی بێستانسور، رووناکی دەخەنە سەر خەسڵەتی قۆناغە سەرەتاییەکانی گواستنەوە بۆ ژیانی گوندی جێگیر لە چاخی بەردینی نوێ لە باشووری خۆرئاوای ئاسیا. 
لە بێستانسوردا کە تا ئەمڕۆ وەک گوندێکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵیی دەناسرێت، پێش 9000 هەزار ساڵ، چاندنی دانەوێڵە و پاقلەمەنی و ماڵیکردنی گیانەوەری کێوی وەک بزن و مەڕو بەراز بوونە بەشێک لە سەرچاوەی ژیانی خەڵک و هۆکاری سەقامگیریی. لەپاڵ ئەوەشدا ڕاوی گیانەوەری شیردەری گەورەو بچوک دەکرا، هەروەها ماسی و حەلەزۆنی ئاوی و باڵندەش بەشێک بوون لە سەرچاوەکانی خۆراکی دانیشتوانی ئەم گوندەی کوردستان، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە لەسەر بوونی سیستمێکی هەمەڕەنگی خۆراک لە بێستانسوری کۆندا. 
 لە پێناو گەیشتن بە کەرەستەی باشی گێڕانەوە لەسەر بێستانسور، هەردوو بواری شوێنەوارو مرۆناسیی هەموو شتێک نادەن بە دەستەوە، بۆیە زاناکان تری میکرۆب-ناسی و کیمیاگەری و جوگرافیشیان بۆ ناسینی کۆمەڵگەی بێستانسور و هاوشێوەکانی لە باشووری خۆرئاوای ئاسیادا بەکارهێناوە. ئەویش لەپێناو بنیادنانەوەی مێژووی ژیان و بەکارهێنانی سەرچاوەی رووەکیی هەمەجۆرو چالاکیی پەیوەست، هەروەها قۆناغە سەرەتاییەکانی پەیوەندی مرۆڤ بە گیانەوەرانەوە لەرێگەی توێژینەوەی جیاجیاوە لەرووی پسپۆرییەوە لەسەر ئاژەڵە ماڵییەکان. کەرەستەکانی زانستی شوێنەوارناسی و هەروەها مرۆناسیی، بەتەنها ئەم کارەیان پێ نەدەکرا، بۆیە زانستی میکرۆبناسی و نەخۆشیەکان و تەنانەت جیۆ-کیمیاش بەکارهێنران.
دروستبوون و پەرەسەندی نەخۆشییە گوزراوەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، لە نێوان ئەو شتانەدان کە گوندی بێستانسور لەسەر بازدانێکی گەورەی مرۆڤ بەرەو کۆڵۆنیی کشتوکاڵی و پەروەردەکردنی ئاژەڵان لە باشووری خۆرئاوای ئاسیا پێشەکەشیان دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە کە دروستکردنەوەو گێڕانەوەی مێژووەکە پێویستی بەزانستی میکرۆب-ناسیی و دیارییکردنی نەخۆشییەکانی ئەو چاخە هەیە. نموونەی لاسایکردنەوەی پێکهاتەی دانیشتوانی بێستانسور، کە توێژەرانی پرۆژەی ئاسەواری خۆرئاوای زاگرۆس پێی هەستاون، ئاماژە بۆ پەتای ماڵتا (Brucellosis) دەکات کە هۆکارەکانی توشبونی دەگەرێنەوە بۆ سەرەتاکانی ماڵیکردنی بزن. ئەوەش لەدەرەنجامی نزیکبونەوە لە نێوان  مرۆڤ و گیانەوەری کێویدا لە ماوەی گواستنەوەدا کە دەگەرێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ.

 

گوندی بێستانسور و کەرەستە ماددییەکانی ئەو کەلتورەی کە دانیشتوانەکەی لەدوای خۆیانەوە بەجێیان هێشتووە، بەڵگەی تۆڕێکی پێشکەوتووی فراوانە لەسەر پەیوەندییان بەدەرەوەی بازنە لۆکالییەکەی خۆیانەوە

 

ناشتنی مردوەکان لە تەنیشت زیندوەکانەوە
لە میانەی هەمان پرۆژەدا، توێژەرانی بواری شوێنەوارناسیی زیندەییدا لە ناوچەکانی سوریا و سەروی کوردستاندا (ئەنادۆڵ) گەیشتونەتە دەرەنجامی گرنگ لەسەر دابەشبونی دانیشتوان و سیستمی خۆراک و نەخۆشییەکان لەو قۆناغی گواستنەوەدا لە چاخی بەردینی نوێ. نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵانەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە پێشکەوتنی کۆمەڵەی مرۆییەوەو لەو قۆناغەوە دەست پێدەکات ژیانی راوشکاری و گەڕان بەدوای خۆراکدا دەگۆڕێت بۆ کۆڵۆنیی کشتوکاڵیی جێگیر. لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا، تەلارسازیی فراوان و ڕاستەوخۆ کە زیاتر لە ژوورێک لە خۆدەگرێت، دەردەکەوێت و پێشکەوتن بەخۆییەوە دەبینێت. هەر لەگەڵ ئەم دەرکەوتنەی تەلارسازیدا، ژیانی کۆمەڵایەتی و روحیش دەگۆڕێت و پێدەچێت دانیشتوان مردووەکانیان لە ماڵەکاندا ناشتبێت. بەگوێرەی گێڕانەوەی شوێنەوارناسەکان، یەکێک لەو خانوانەی لە بێستانسور بنیادیان ناوە راستەوخۆ بۆ ناشتنی تەرمی مردوەکان تەرخان کراوە. پراکتیک و ناشتنی لاشەی مردوان، ژمارەیەک بەڵگە دەخاتەڕوو، دەکرێت لە ڕێگەیانەوە لێکۆڵینەوە لە کاریگەربونی دانیشتوان بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە بکرێت لە چاخی بەردینی نوێدا، هەروەها جۆری ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مامەڵەی کۆمەڵگەکان لەگەڵ توانای گواستنەوەی نەخۆشییەکان؛ لە ناویاندا ئەو نەخۆشیانەی کە سەرچاوەکانیان ئاژەڵان بون.
گوندی بێستانسور و کەرەستە ماددییەکانی ئەو کەلتورەی کە دانیشتوانەکەی لەدوای خۆیانەوە بەجێیان هێشتووە، بەڵگەی تۆڕێکی پێشکەوتووی فراوانە لەسەر پەیوەندییان بەدەرەوەی بازنە لۆکالییەکەی خۆیانەوە. ئەوان شوێنەکەی خۆیان تێپەڕاندوەو گەیشتونە زۆر شوێنی تر لەناوچەکەدا. هونەری تەلارسازیی و دروسکردنی فەخوری و دەسکردە دەریاییەکان، ئەم ڕاستییە بەڕوونی پیشان دەدات. ئاسەوارەکانی گوندەکە رووناکی دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن دانیشتوان توانیویانە بگەنە تۆڕێکی فراوان لە بە دەستهێنانی کەرەستەو تەکنیکی هاوبەش کە لە بەرزاییەکانی زاگرۆس لە خۆرهەڵاتەوە بە (هیلالی خەسیب)دا، بەدرێژبونەوە بۆ باکوورو باشووری خۆرهەڵات و ناوەندنی ئەنادۆڵ. 
ئەو کۆمەڵە بەجێماوانەی لە دانیشتوانی گوندی بێستانسور-ەوە ماونەتەوە، بەگوێرەی زانایانی مرۆناسی و میکرۆب-ناسیی، گرنگترین و دەوڵەمەندترین کۆمەڵەی بەجێماوەی چاخی بەردینی نوێن لە باشوری خۆرئاوای ئاسیا. ئەم بەجێماوانە دیدگەیەکی بێوێنە لەسەر ئەو ئالنگاریانە دەخەنەڕوو کە کۆمەڵگەکەکان لەو چاخەدا رووبەڕوویان بونەتەوە، لەگەڵ بوونی ئاماژەو بەڵگەی زۆر لەسەر بوونی بەدخۆراکی لەناو دانیشتواندا، بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەندا. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، ئەم کۆڵۆنییە مرۆییە نزیک سەرچاوەیەکی ئاوی سەرەکییە، لەگەڵ توانای دەست گەیشتن بە خاکی شێدارو ناوچەی ئاودار، هەروەها دەشتی بەپیت و دەوڵەمەند، وەک دەشتی شارەزوور و لاپاڵەکان. ئەم خەسڵەتانە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەمە-جۆریی Biodiversity پێشکەش دەکەن کە یارمەتی خەڵکیان داوە لە کەمکردنەوەی مەترسییە گرێدراوەکان بە کشتوکاڵی تازەدەرکەوتوو، هەروەها پاراستنی سەقامگیریی و بەشدارییکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وهەرێمایەتی پەیوەندییەکان. 
گوندی ئەبو هورەیرە
گێڕانەوەی پرۆسەی گواستنەوە لە ڕاوشکاری و گەڕان بەدوای خۆراکدا بۆ قۆناغی کشتوکاڵ و کۆڵۆنیی جێگیر، چەردەیەکی باش لە هاوبەشی و لەیەکچوون لە نێوان گوندی بێستانسور لە کوردستان و گوندی ئەبو هورەیرە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەخاتەڕوو. هەردوو گوندەکە پێوسیتیان بەبیرکردنەوە هەیە لەسەر پەیوەندی تێهەڵکێشراو لەپێناو تێگەیشتن لەو میکانیزمانەی کۆمەڵگەکان لە ڕێگەیانەوە سەرچاوەکانی خۆراک کۆنترۆڵ دەکەن. لە رێگەیەشەوە پەیوەندی و کۆڵۆنییەکانیان فراوان دەکەن. تێبینی یەکەم لەم میانەیەدا ئەوەیە گۆڕانكارییەکان لەگەڵ جیاوازی جوگرافیدا، لە یەک قۆناغداو بەخەسڵەتی لەیەکچو ڕویانداوە. لەگەڵ ئەوەی بێستانسور وەک یەکەم گوندی کشتوکاڵی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت و لەسەر لیستی کاتیی (یۆنسکۆ)یە، زاناکان نەگەیشتونەتە ئەو هۆکارانەی لە پشت دروستبونی گوندی بێستانسور-ەوەن، بەڵام ڕوداوێکی تر هەیە یارمەتیمان دەدات لە لابردنی تەمومژ لە سەر دەرکەتن و دروستبونی گوندەکە؛ ئەوەش ڕوداوێکی گەردونییە\لۆکاڵییە لە ڕۆژئاوای بێستانسور بە دوریی كیلۆمەتر. 
گێڕانەوەیەکی زانستی سەرنجڕاکێش لە سەر کەشوهەوای پێش مێژو Paleoclimate باسی ئەوە دەکات کە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا بەر تەقینەوەیەکی گەردونی-لۆکالی کەوتوەو بوەتە هۆی لەناوچونێکی فراوانی جۆرەکان، هەروەها گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ لە سروشتی ناوچەکە لە ڕووی شێ و ڕوپۆشی ڕوەکییەوە. تەقینەوەکە لە هەمان کاتدا ژیانی دانیشتوانی لە ڕاوشکاریی و گەڕان بەدوای خۆراکدا گۆڕیوە بۆ کشتوکاڵی جێگیر. ئەم لێکۆڵینەوە لەسەر ماوەیەکی گرنگ لە کەشوهەوای پێش مێژوو دەوەستێت کە بە گریمانەی (کاریگەرییەکانی دریاسی بچوک) دەناسرێت. بەگوێرەی زانستی کەشوهەوای پێش مێژوو، کاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 13000 هەزار ساڵ پێش ئێستا.
لە سەر بەرزە هێڵی پانیی بەشی باکووری زەویدا، رووداوەکە بەشێوەیەکی فراوان بووە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەپێچەوانەشەوە لە بەرزە هێڵی پانیی نیوەی باشووری زەویدا، بوە هۆی گەرمبون و پلەی گەرمای مامناوەندیی. گریمانەکەی (کاریگەرییەکانی دریاسی بچوک) دەگێڕێتەوە کە چۆن پارچەی تەقینەوەیەکی تەنێکی گەردونیی بەر زەوی کەوتوە لە گوندی ئەبو هورەیرە لە لای ڕاستی رووباری فورات بەدوریی 80 کم لە شاری رەققەو گۆڕانێکی ڕادیکاڵی لە کەشوهوای ناوچەکەدا دروستکردوە. 
ئەوەی لە ئەبو هورەیرە روویدا، بە وتەی زانایان، بەشێکە لە گریمانەی کاریگەریی دریاسی بچوک کە باسی تەقینەوەیەکی هەوایی گەردونیی فرە کیشوەری دەکات کە زیاتر لە 50 شوێنی جیهانی گرتوەتەوەو درێژ بۆتەوە بۆ زیاتر لە 100 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سەرانسەری ئەمریکای باکوورو باشوور، ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا. زاراوەی «تەقینەوەی هەوایی» لێرەدا ئاماژەیە بۆ تەقینەوەیەکی نزیک لە ڕوکەشی زەوی بەهۆی تەنێکی گەردونییەوە، کە لە ئەنجامدا جەیتێکی گەرمی بەرزو خێرای گازە ئایۆنیزەکراوەکان (گازی ئایۆن) و پاشماوەی لێدەکەوێتەوە کە دەگاتە ڕووی زەوی. بە پشتبەستن بە چەرەدەیەکی نوێ لە بەڵگە و پشکنین لە ئاسەوارە بەردینەکان، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە تەقینەوەی هەوایی دەرەوەی زەوی، گۆڕانکاری ژینگەیی دروستکردوەو شێوازی ژیانی مرۆڤی بەشێوازی ڕادیکاڵ گۆڕیوە..
لەدەرەنجامی تەقینەوەکەدا کارەساتێکی گەورە هاتۆتە کایەوەو ژمارەی دانیشتوان زۆر کەمبوەتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا دۆخێکی ژینگەیی نوێی لێ کەتوەتەوە کە گونجاو بووە بۆ کشتوکاڵ و بەروبومی دانەوێڵە. گرنگیی بەجێماوەکانی ئەم گوندە کە بە یەکێک لە گوندەکانی پێش مێژوو دەناسرێت و ئاسەواری کۆنترین چاندنی گەنمی تیایە، لەوەدایە کە تۆماری ئاسەوارێکی بەردەوام و تا ڕادەیەک بەئاستی بەرز لەسەر قۆناغی گواستنەوە لە ڕاوشکاری و کۆکردنەوەی خۆراکەوە بۆ قۆناغی کشتوکاڵی سەرەتایی دەخاتەڕوو. هەروەها دەرکەوتنی شێوازی نوێ لە ماڵییکردنی ڕوەک و گیانەوەر لە خۆرئاوای ئاسیا. 
توێژەرانی بواری هەڵکۆڵین لە بەجێماوەکانی پێش مێژوو لەم بوارەدا دەگەڕێنەوە بۆ بەردی شکاوی (کوارتز) وەک بەڵگەیەک لەسەر روودانی تەقینەوەیەکی هەوایی گەردونی-لۆکاڵیی نزیک لە ڕوکەشی زەوی، هەروەها دەگەڕێنەوە بۆ شوشەی تواوە بە گەرمییەکی بەرزی  شۆکێنەر، هەروەها ئەڵماسی نانۆو خڕۆکەی ورد و ئێریدیۆم و پلاتین. بە پشت بەستن بەو کەرەستانە، گەیشتونەتە بنیادنانی گێڕانەوەیەکی زانستیی لەسەر تەقینەوەیەکی هەوایی و پێکدادانی گەردونیی فرە کە بۆتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی دریاسی بچوکدا. لەدەرەنجامیشدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە شێوازی ژیانی دانیشتواندا روویداوەو لە گەڕۆک و دێوانەییەوە کردنی بە جوتکاری سەرەتایی جێگیر. 
لە ساڤانەوە بۆ وشکانیی
تەقینەوەکە سروشت و ژینگەی ناوچەکەی بەشێوەیەک گۆڕیوە، کۆتایی بە فراوان بوونی دارستانەکان لەناوچەکەدا هێناوەو بۆتە هۆکاری لەناوبردنی داری وەک گوێزو تا ڕادەیەکیش دارتوی بچوک، ئەویش لەدەرەنجامی ئەو دۆخەی تەقینەوەکە دروستی کردوە کە زیاتر وشک و سارد بووە. لەگەڵ ئەوەشدا دەشتە وشک و برینگەکان بە دوریی نزیکەی 200 کیلۆمەتر بەرەو کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست فراوان بووە. کاتێک گۆڕانێکی وا ڕادیکاڵ دروست دەبێت، لەدوای خۆیەوە قات و قڕی و پاشەکشێی بەرچاو لە ژمارەی گیانەوەرو ڕوەکدا بەجێدەهێڵێت، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە وا لە دانیشتوان بکات لەناو ئەو سەرچاوانەی لە سروشتدا دەمێنن، کۆششی مانەوە بکەن و بەدوای سەرچاوەی تری خۆراکدا بگەڕێن.  
چاخەکانی دوای رووداوەکە، کەشوهەوایەکی لەبار بۆ چاندنی دانەوێڵە، پاقلەمەنی و بەخێوکردنی گیانەوەرە کێوییەکان دروست دەکەن. لەگەڵ ئەوەی لەسەر سەرەتای چاخی (هۆلۆسین)ەوە، 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا، کەشوهەوا مامناوەند دەبێت، بەڵام گۆڕانەکە زیاتر بەرەو وشکانیی بەردەوام دەبێت و دارستانەکان جارێکی ناگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە.  
ئەگەر چاخی بەردینی نوێ بەجێبهێڵین و بگەڕێینەوە 120 هەتا 65 هەزار ساڵ پێش ئێستا، راستییەکی ترمان لەسەر ناوچەکە وەک ساڤانایەکی پێش مێژوو دەخاتەڕو. هەر لێرەوە هەڵکۆڵراوە بەجێماوەکانی پێش مێژوو، گێڕانەوەی تر دەخەنە بەردەست. یەکێک لەو خەسڵەتانەی زاناکان لەسەری ڕادەوەستن، هەلومەرجێکی هایدرۆلیکی کۆنە لە شام و نیوە دورگەی عەرەبیدا، کە رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە بڵاوبوونەوەی مرۆڤی سەرەتاییدا. وا دیارە بەردەستبونی سەرچاوەی ئاو بەشێوەیەکی فراوان لەدەرەنجامی بارانی زۆردا، هەلێکی گەورەی لەبەردەم مرۆڤی سەرەتایی و گیانەوەرە گۆشت خۆرو ڕوەکخۆرەکاندا ڕەخساندووە کە بێمنن و بڵاو ببنەوە. جۆری دروستبوونی دەریاچە ئاوییەکان لە نیوە دورگەی عەرەبیدا، پاڵپشتی بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی لەناوچەکدا دەکەن. 
هەر لەم میانەیەشدا باسی ئەوە دەکرێت کە مرۆڤ ژیر یان مۆدێرن (Homo Sapiens) لە چاخی (پلیستۆسیندا) کە پێش دوو ملیۆن و نیو ساڵ دەست پێدەکات و تا چاخی بەردین بەردەوام دەبێت، چەند جارێک لە ئەفریقاوە بەرەو ئاسیا بڵاوبۆتەوە. نیوە دوورگەی عەرەبیش بە یەکێک لە رێڕەوەکانی ئەو کۆچانەی ساپیانەکان دادەنرێت و ئەمەش پاڵپشتی تیۆری بوونی مرۆڤی ڕاوشکار و گەڕۆک بەدوای سەرچاوەی خۆراکدا لە ناوچەکەدا دەکات. 
بەگوێرەی گێڕانەوەیەکی لێکۆڵکاریی لە مێژووی بەردیندا، مرۆڤی نوێ لە سەروی شاخی ئەفریقاوە Horn of Africa گەیشتوەتە نیوە دورگەی عەرەب و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی شام. واش مەزەندە دەکرێت باشووری وڵاتی شام کە ئێستا لە ڕووی کەشوهەواوە وشک و سەختە، لەکۆتا چاخی بەستەڵۆکدا ساڤانا بوبێت. بوونی ساڤاناو لەوەڕگاش لەم ناوچەیەدا پشت دەبەستێت بە پشکنینی زەوییە شێدارەکان وەک دۆڵی غەرەندەل لە نیوە دورگەی سینا کە ئاسەواری تەکنیکی (لێڤالوا)ی تیا دۆزراوەتەوەو بەروارەکەی دەگەرێتەوە بۆ 85 هەزار ساڵ پێش ئێستا. تەکنیکی (لێڤالوا)ش بریتییە لە هەڵکۆڵینی بەرد لای نیاندەرتاڵەکان و دوای ئەونیش لای مرۆڤی نوێ بەکارهاتووە. ئەو دەرەنجامانەی زاناکان پێی گەیشتوون، پاڵپشتی ئەوە دەکات کە دۆڵی ئوردن شێدارو بەپیت بووەو ڕێگەیەک بووە بۆ ڕەوی مرۆڤ لە ئەفریقاوە بەرەو ئاسیا و نیوە دورگەی عەرەب. 
بەگەڕانەوە بۆ تەقینەوەکەی دریاسی بچوک، کە پێش 12800 هەزار ساڵ، واتە لە سەرەتای چاخی (هۆلۆسین)دا لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا روودەدات، ئەوە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان هەزاران ساڵ دوای رووداوەکە دەرکەوتون. یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکە، قۆناغی دەرکەوتنی کشتوکاڵ و سەقامگیریی دەگێڕێتەوە بۆ 7500 ساڵ پێش ئێستا. ئەمەش هەمان ئەو مێژووەیە بۆ گوندی بێستانسور دیارییکردووە. زاناکانی شوێنەوار و مرۆناسیی دۆزینەوەی کشتوکاڵ و ماڵیکردنی گیانەوەرە کێوییەکان لە بێستانسور دەگەڕێننەوە بۆ 8000 تا 7500 ساڵ پێش ئێستا. 
ئەندرۆ مۆر، شوێنەوارناس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لەسەر ئاسەورەکانی تەقینەوەکەی گوندی ئەبو هورەیرە، پێشنیاری ئەوە دەکات کە رووداوی دریاسی بچوک، لە ناکاوێکدا بوەتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا، دۆخەکە لە ئەبو هورەیرە ساردترو وشکتر بووە. ئەوەی لێرەدا ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە کە گواستنەوە لە ژیانی ڕاوکردن و کۆکردنەوە بۆ نیشتەجێبونی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی نە لەسەر هێلێکی ڕاست و نە لە شەو و ڕۆژێکدا روویداوە، بەڵکو ئەو قۆناغە بنەڕەتییە کە تێیدا چاندنی دانەوێڵەو هەروەها وەکو بەخێوکردنی ئاژەڵ پەرەی سەندوە، نزیکەی 7 هەزار ساڵی خایاندوە.

 

 

بەبێ فراوانکردنی پێداویستییەکانی ژیان، لە توانای کۆمەڵگەی مرۆییدا نەبوو لە دەرەوەی بازنە سەرەتاییەکانی خۆیدا بڵاوبێتەوە، لە کۆتاییشدا بگاتە هەموو شوێنێک لەسەر زەوی. ئەگەر کۆنترۆڵی رەها بەسەر چەندایەتی و هەمەڕەنگیی سەرچاوەکانی خۆراکدا نەبووایە، کۆمەڵگەی مرۆیی لە توانایدا نەبوو زیاد بکات و ئەم هەموو نەتەوە چڕەی دانیشتوانی لێ دەربچێت

 

 

لە نێوان بێستانسور و ئەبو هورەیرەدا
بەپشت بەستن بەو گێڕانەوەی زانستیی و پشکنینی رووداوەکان، تێبینی ئەوە دەکەین کە سەرەتای چاخی هۆلۆسین (12 هەزار ساڵ پێش ئێستا)، گۆڕانێکی گەورەی لە شێوازی ژیان و جوڵەو سەقامگیریدا بەخۆوە بینیوە. گەیشتن بەسەرچاوەی دەرامەت، گواستنەوە،گۆڕینەوە، دروستکردن، بەکارهێنان، چاککردنەوەو بەکارهێنانەوە، نموونەی بەرچاو لەسەر پتەوکردنی بەکارهێنانی کەرەستەو دەستکەوتنی لێهاتویی و دەربڕین لە ناسنامەو چالاکیی کۆمەڵگەکان لەسەر چاخێک دەخەنەڕوو کە بە شۆڕشی کشتوکاڵ ناسراوە. هەندێ کەرەستەو پێداویستی کۆمەڵگەکان، لە ناویاندا سەرچاوەی خۆراک و کەرەستەی بیناسازیی، ئاماژەی ئاشکران لەسەر توانای کۆمەڵگەی ئەو دەمە لە جوڵەو گواستنەوە لە ئاستی لۆکالی و هەرێمایەتیدا. 
پشکنینی کەرەستەو پراتیکی سەیر لە پێگەکانی چاخی بەردینی نوێ، وەک توێکڵە دەریاییەکان و بەردی ڕەش یان ئۆبسیدیان و موروی سروشتیی، یارمەتیمان دەدەن لە دیارییکردنی ناسنامەی کۆمەڵگەکان و کارلێککردن لەنێوانیاندا. ئەم بەڵگانەش لە رووبەری جوگرافی فراوان و جیاوازدا بونیان هەیە، بۆ نموونە ئۆبسیدیان یان بەردی ڕەش لە خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵەوە، واتە لەسەروی کوردستانەوە هاتووە، مورو لە ئێران و ئەفغانستان، توێکڵە دەریاییەکانیش لە دەریای سپی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی. لێکدانەوەی پێشوتر لەسەر ئەم دابەشبوونە جوگرافییە، ڕووناکی دەخاتە سەر میکانیزمی جوڵەو گواستنەوەی کەرەستەکان. هەر لەم میانەیەدا پرۆژەی ئاسەواری خۆرئاوای ئاسیا لێکۆڵینەوە لەچۆنێتی مامەڵەی کۆمەڵگەو گروپەکانی چاخی بەردینی نوێ لەگەڵ ئەو کەرەستانە دەکات، بەپشت بەستن بەپێداویستی و پراتیک و خواستە لۆکالییەکانی ئەو دەمە، هەروەها هەلومەرجی کەلتوری و مێژوویی. 
لە هەموو رووبەری (هیلالی خەسیب)ی خۆرهەڵاتدا، هەندێکجار لە دەرەوەشیدا، بەڵگە هەیە لەسەر پراتیکی گۆڕینەوە لە پلاندانان و بنیادنانی خانووبەرەو بەکارهێنانی پەیکەری قوڕی گیانداران و مرۆڤ و سیمبوڵە مەزەندە کراوەکان، هەروەها لەسەر چۆنێتی ناشتنی مردووانیش. پشکنینی دەرەچەی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی دەستکردەکانی مرۆڤی چاخی بەردینەوە، دەریدەخات کە کەلتوری ماددیی زاڵتر بووە بەسەر ڕووبەری فراوانی جوگرافیادا لە خۆرئاوای ئاسیا. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەکان لەپێناو پاراستنی تۆڕی پەیوەندی سەروی هەرێمایەتیدا، بەسەر جوگرافیای فراوانی زۆرداردا سەرکەوتو بونە.
بێستانسور، کە دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای ئاسیاوە، وەک جێ نشینێکی گەورە لە بواری سەقامگیریی مرۆڤ و بنیادنانی ژینگەیەکی لەبار دەناسرێت کە تیایدا کشتوکاڵی چڕو بەڕێوەبردنی پێشوەختەو ماڵییکردنی بزن دەستی پێکردووە. لێرەوەکۆمەڵگەکان ڕێبازی نوێ و دەگمەنیان بۆ پێکەوە ژیان هێنایە کایەوە، هەر لێرەشەوە نەخۆشییەکانی ناو گیانەوەران دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و ئیتر نەخۆشیی دەبێت بە بەشێک لە پێشەکەوتن و ئالنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگەی دێرینی بێستانسوریەکان. 
پەراوێز: 
سەردەمی هۆلۆسین کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان (واتە پێش12 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد) لەگەڵ سەردەمی پلێستۆسین کە ملیۆنێک و 800 ساڵ بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستایە، سەردەمی چوارینەیان پێکهێنا، کە شایەتحاڵی سەرهەڵدانی مرۆڤی بەپێوە ڕاوەستاو بو کە بە Homo erectus  ناسراوەو مێژووی دەرکەوتنی دەگەرێتەوە بۆ ملیۆن و 800 هەزار ساڵ لەمەوبەر. گەشەسەندنی مرۆڤ و سەرهەڵدانی فۆرمی نوێی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەرەتای سەردەمی هۆلۆسین (10 هەزار ساڵ لەمەوبەر) بووە هۆی وازهێنان لە ژیانی کۆچەری و ڕاوکردن و سەرهەڵدانی کۆمەڵگا مرۆییە سەقامگیرەکان کە وابەستەی کشتوکاڵ بوون. ئەم قۆناغە پێی دەوترێت سەردەمی بەردینی نوێ، بەو پێیەی تایبەتمەندبوو بە نیشتەجێبونی هەمیشەیی و کشتوکاڵ و ماڵیکردنی گیانداری کێوی. 
چاخی هۆلۆسین لە هاوینی ساڵی 2023 دا کۆتایی هات و چاخێکی نوێ لەمێژووی زەویدا دەستی پێکرد کە ناوی (ئەنترۆپۆسین) واتە چاخێک کە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان دەرەنجامی پەنجەمۆری مرۆڤن. ئەمەش بەو پێیەی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان بۆ بەرگەهەوا لەماوەی 50000 هەزار ساڵی رابردوودا 10 جار خێراتر بوو، ئەمەش هۆکارێکی بەهێزە بۆ کۆتایی هێنان بە چاخی هۆلۆسین و دەت پێکردنی چاخی شوێن پێی مرۆڤ بەسەر زەوییەوە کە ناوی لێنراوە ئەنترۆپۆسین.

گوندی بێستانسور، 33 كم لە باشووری شاری سلێمانییەوە دوورە

بێستانسور، کە دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای ئاسیاوە، وەک جێ نشینێکی گەورە لە بواری سەقامگیریی مرۆڤ و بنیادنانی ژینگەیەکی لەبار دەناسرێت

لە بێستانسوردا کە تا ئەمڕۆ وەک گوندێکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵیی دەناسرێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان