یادەوەرییەکانی بێشکچی لە دەرەوەی خۆمانەوە خوێندوەی بۆ کردووین

09:57 - 2022-06-16
کەلتور
29 جار خوێندراوەتەوە

‌یوسف عیزەدین

یادەوەرییەکانی ئیسماعیل بێشکچی، چەشنێکی تایبەتە لەیادەوەری، چونکە ئەم پیاوە دانەنیشتووە بەکەماڵی ئیستراحەت و بەفەراهەم بوونی کاتێکی زۆر، ئەوەی دەیەوێت بینووسێتەوە.
وەک ئاماژەشی پێداوە، کەسانێکی زۆر هاوکاری ئەم کارە مێژوویەی بوون. پرسیارەکە لەوەوە دەستپێدەکات، ئەگەر ئیسماعیل بێشکچی نەبایە چی دەبوو؟ جا لەبوونی زیاتریش وەک کەسایەتییەکی کاریگەر، توانیویەتی هاوشێوەی کوردەکانی زیندان و بگرە زۆر جاران لەوان زیاتریش رووبەڕووی ئەشکەنجە و لێدان و ئیهانەکردن ببێتەوە، بەچەشنێک کە دەشیا لەهەر ساتێکدا پەشیمان ببێتەوە و ببێتەوە بە بەشێک لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی فەرمی تورکی.
کەچی لە سووربوونیدا گشت سنوورەکانی تێپەڕکرد و توانی بگاتە ئاستی مرۆڤی کامڵ، ئەو کامڵبوونەی کە تژییە بە ویژدانێکی زیندوو، ویژدانێک کە دەتوانێت بەرانبەر بە لێپرسراوەکانی دەوڵەت بڵێت، ئێوە کاتێک وەک هۆزێکی کۆچەری بەرەو ئێرە هاتن؛ کێ  لێرەدا دەژیا؟!
خوێندنەوەی ئەم کتێبەی برای ئەزیزم کاک محەمەد عزەدین کردوویەتییە کوردی، بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دیوێکی تری مێژووی رووداوەکانی ناوچەکە ببینێت زەروورەتە و ئەم پیاوە چونکە خۆی تورکە توانیوویەتی لە دەرەوەی خۆمانەوە خوێندوەمان بۆ بکات، تەنانەت زۆر بەگرنگیشەوە توانیوویەتی سەرنجی راو و بۆچوونی ئەنترۆپۆلۆگێکی ئەمریکی بەنموونە بهێنێتەوە، لەلاپەڕە474-477دا ئاماژەی پێدراوە و نامەوێت کتومت بابەتەکە وەک خۆی بنووسمەوە و پێم باشترە خوێنەرانێک کە مەبەستیانە خۆیان ئەوداڵی خوێندنەوەی ببن.
بەڵام خولاسەی باسەکە ئیسماعیل بێشکچی ساڵی 1991، لەگەڵ پارێزەر سەرحەد بوجاک دەچێتە کتێب فرۆشییەکەی فورات و لەوێ لەگەڵ ئەنترۆپۆلۆگێکی ئەمریکی یەکتر دەناسن و دواجار ئەمریکییەکە باسی کەم و کوڕییەکانی کوردی بۆ دەکات، بە بەراورد لەگەڵ هۆزێکی کینیایی، باسی ئەوەی بۆ دەکات چۆن لە کینیا میوانی سەرۆک هۆزێکیان بووە و کاتێک لە دووری چەند مەترێک لە چادرەکە چەند بەرد و دارێک کە سەرنجی rادەکێشن؛ هەڵدەستێت و دەیخاتە نێو کۆڵەپشتەکەیەوە، بەڵام تەسەور ناکات، کاتێک سەرۆک هۆزەکە لێی تووڕە دەبێت و پێی دەڵێت؛ بۆت نییە لق و پۆپی ئەو دارە بشکێنیت و لقە شکاوەکانیش بخەیتە نێو کۆڵەپشتەکەتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا پێی دەڵێت، شتی ترمان هەیە دەتوانێت لەگەڵ خۆتدا بیبەیت، بەڵام نابێت، دەستکاری سروشتمان بکەیت، چونکە ئەو سروشتە بۆ مناڵەکانمان دەمێنێتەوە، بەڵام هەمان ئەمریکی کاتێک لە باکووری کوردستان لەدەوروبەری شاری سیرت، خەریکی لێکۆڵینەوەیە و شتێک دەدۆزێتەوە و لەسککە دەچێت.
کاتێک لە خەڵکەکە دەپرسێت، ئایا دەتوانم هەڵیبگرم، تووشی شۆک دەبێت، کاتێک خەڵکەکە پێی دەڵێن، ئەگەر دەتەوێت، هەندێکی دیکەشت دەدەینێ و هەر بەڕاستی زۆر سککە و پارچەی گرنگی ئەرکۆلۆژی بۆ دەهێنن!؟
بۆیە نامەوێت زیاتر لەبارەی ئەو کتێبەوە بدوێم، کە خۆشبەختانە گەیشتە دەستم و زۆر بەوردی و قووڵی خوێندمەوە و جێگەی داخیشە کارێکی وا تایبەت لە دنیای وەرگێڕاندا، لەسەر ئەرکی وەرگێڕەکە خۆی چاپکرا بێت و ئەگەر ئەم کارەی بۆ ئەفریقییەکان کردبا، دڵنیام سێ جارانیان بۆ چاپ دەکرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان