وتەبێژی یەکێتی ئەنجامی کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی دەخاتەڕوو

11:24 - 2024-05-27
کوردستان
331 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی یەکێتی ئەنجامی کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، دوو تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە سەردانی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەمریکا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، جەختکرایەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبەرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پاش گەڕانەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەت لە سەردانەکەی لە ئەمریکا، کە تێیدا سەرۆکی یەکێتی چەندین چاوپێکەوتن و کۆبونەوەی گرنگی ئەنجامدا و ئەنجامی کۆبوونەوەکان تاوتوێ کران.
وتیشی، تەوەرێکی تری گرنگی کۆبوونەوەکە، باسکردن بوو لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و جەختکرایەوە پێویستە لەوادەی خۆیدا و هەرچی زووە ئەنجام بدرێت، هاوکات سەرۆک بافڵ لە چاوپێکەوتنەکانی لە ئەمریکادا لەگەڵ کەسایەتە سیاسییەکان باسیان لە گرنگی هەڵبژاردن کردووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی یەکێتی وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و دواخستنی ئەزمەیەکی سیاسی گەورەیە و سەلماندنی بێتوانایی حکومەت و دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستاندا.
لەبارەی ساڵیادی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، ئاماژەی بەوەکرد: لەم یادەدا جیاواز لە ساڵانی تر خەڵات دەدرێتە پێشمەرگە دێرینەکانی ساڵی 1976 و چەند بۆنەیەکیش بۆ ئەو یادە مەزنە لە چەند مەڵبەند و مەکتەبێکی یەکێتی دەکرێتەوە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان