پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەند(هابە) لادەدرێت

01:04 - 2025-08-17
هەمەرەنگ
47 جار خوێندراوەتەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 17/8/2025 بە بۆنەی 24 هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی كەركوك (عەبدولوەهاب برغش حوسێن كەیە) ناسراو بە (هابە)، رێوڕەسمی لادانی پەردە لەسەر پەیكەرەكەی، بە سەرپەرشتی ناوەندی رێكخراوەكانی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە دروشمی (وەفا و رەسەنایەتی) لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك بەڕێوەدەچێت.
 لە رێوڕەسمەكەدا هەریەك لە هونەرمەندان ناسر رەزازی، یونس توتنچی و شاهین-ی كوڕی هابە چەندین گۆڕانی پێشكەش دەكەن. 
هونەرمەند هابە كە بە (بولبولی كەركوك) ناسراوە، رۆژی 21ی حوزەیرانی ساڵی 1945 لە گەڕەكی پیریادیی شاری كەركوك لەدایكبووە و خاوەنی دەنگێكی خۆشی رەسەنی کوردیی و توركمانی بووە و لە دەیان ئاهەنگ و بۆنەی كۆمەڵایەتیدا مەقام و بەستەی چرێووە.
ساڵی 2001 هونەرمەند ناسر رەزازی بانگهێشتی هابەی كردبوو بۆ سلێمانی و پێكەوە چەندین ئاهەنگی گۆرانی كوردی و توركمانیان رێكخستبوو، مخابن رۆژی 17ی ئاب-ی 2001 كۆچی دوایی كرد، بە وتەی شایەتحاڵان دوای ئەوەی هابە لە سلێمانی گەڕاوەتەوە بۆ كەركوك، لەلایەن جەلادەكانی هەیئەی ئەمنی كەركوكەوە بۆ چەند سەعاتێك زیندانیكراوە و ژەهر خواردیان کردووە و گیانی لە دەستداوە.
كەركوك، رزگار شوانی  

بابەتە پەیوەندیدارەکان