زیادبوونی رێژەی بێکاریی له سنووری پارێزگای دهۆك گەنجان و کرێکارانی ناوخۆی نیگەران كردووه، لەگەڵ ئەوەی هەلی کار لە پارێزگاکەدا کەمە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بیانی و ئاوارەكانی خۆرئاوای کوردستان و قهزای شنگالیش له پارێزگاکە بەدوای کاردا دەگەڕێن. گەنجانی شارەکە داوا لە حکومەت دەکەن بە کردنەوەی کارگە هەلی کار زیاتر بکەن لەگەڵ دانانی سنوورێک بۆ هاتنی کرێکارانی بیانی.
راپۆرتی / ئهیاز ههركی
بێوار محهمهد گهنجێكی بێكارە له دهۆك وتی: پارێزگای دهۆک رووبەرێکی فراوانی هەیە، کە دەکرێت سوودی لێ ببینرێت بە کردنەوەی پڕۆژە و کارگەی جۆراو جۆر بۆ ئەوەی هەلی کار زیاد بکرێت، لەبەر ئەوەی کار بە زەحمەت دەست دەکەوێت و ئەوەشی هەیە کرێی رۆژانەی زۆر کەمە و بەشی دابینکردنی بژێوی ناکات، هەروەها زۆریی کرێکاری بیانی وایکردووە بە ئاسانی کار دەست کرێکاری ناوخۆ نەکەوێت.
وتیشی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم هەنگاوێکی باش لە بەرژەوەندی کرێکارانی دهۆک بنێن و هەلی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێنن، لەبەرئەوەی گەنجان وکرێکاران بڕبڕەی پشتی هەر نەتەوەیەکن و پێویستە گرنگییان پێبدرێت. جگه لهوهش چهندین گەنجی بەتوانا و داهێنەرمان هەیە کە پڕۆژەی گەورەیان هەیە و پێویستە پاڵپشتی بکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژە و بیرۆکەکانیان بخەنە خزمەتی گشتیی و حکومەت سوود لە لێهاتوویی و تواناکانیان وەربگرێت.
سەرۆکی سهندیكای كرێكاران لقی دهۆك: بەشێوەیەکی گشتی هەلی کار بۆ کرێکاران لە سنووری پارێزگای دهۆک له ئاستی پێویستدا نییە
کرێی کەم و سەعاتی کاری زۆر
بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان پێویستە پێدانی کار بە رێژەی ٪75 بۆ کرێکارانی ناخۆ بێت، ئەگەر نا خاوەن کارەکە تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە، بەڵام وەک پێویست بەدواداچوون نییە بۆ جێبەجێکردن و ناچارکردنی خاوەن کارەکان.
عیسا دهۆكی كریكارێكی دیكهی پارێزگاکەیە وتی: هەلی کار زۆرکەم هەیە و ئهو کارهی ههیه كرێی زۆرکەمە یان سەعاتەکانی کارکردنی زۆرە واتا کرێکار ئیستغلال دەکرێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت کرێکارین و لەبەر بژێوی خێزانەکانمان بە ناچاری دەیکەین.
وتیشی: لەبەر ئەوەی کرێکارانی بیانی بە نرخێکی کەمتر کاردەکەن یاخود خێزانەکانیان لێرەنین و ئەگەر چەند سەعاتێک زیاتریش کار بکەن بۆ ئەوان ئاساییە، ئەوە زیانی بە کرێکارانی ناخۆ گەیاندووە، پێویستە حکومەت و ئیدارهی پارێزگای دهۆک رێنمایی کارکردن بۆ کرێکارانی بیانی دابنێن بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر دەرچوان و کرێکارانی ناخۆ، بۆ گەنجی بێکار و کرێکارانی ناوخۆی پارێزگای دهۆک.
دەستکەوتنی کار لە قەزا و ناحیهكان قورسترە
ساڵانە رۆژی یەکی ئایار، رۆژی کرێکارانە و لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە پشوو، بەڵام کرێکاران لە رۆژە تایبەتەکەیاندا لە خەمی ئەوەدان کاریان دەست بکەوێت.
رۆژهات گەنجێكی بێكاری دیكهی پارێزگای دهۆكە دەڵێت: کێشەی سەرەکیمان نەبوونی هەلی کارە، بۆیە لەسەر بەرپرسانی شارەکەیە بۆ گرنگیدان بە کەرتە جیاوازەکان و کردنەوەی پڕۆژەی جیاواز بۆ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونی هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگاکە.
بێکاری و هەژاریی دوو چەمکن لەسەر یەک ئاڕاستە دەڕۆن، کاتێک بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە بێکاریی زیاد دەبێت ئەویش راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاریی لە وڵاتدا.
تارق عهبدال رۆژنامهنووس و چالاکوان دهڵێت: هاتنی رێژەیەکی زۆر لە ئاوارە بەهۆی شەڕی داعشەوە و مانەوەیان لە پارێزگاکە وایکرد کاریگەریی لەسەر کرێکارانی ناخۆ دروست بکات، ئاوارهكان لەلایەن حکومەت و رێکخراوە مرۆییەکانەوە هاوکاری دەکرێن، بۆیە بە كرێیەکی کەم کار دەکەن و ئەوەش وایکردووە هەلی کار بۆ گەنجان و کرێکارانی ناوخۆی پارێزگاکە کەم ببێتەوە.
وتیشی: جگە لە ناوخۆی پارێزگاکە، دەستکەوتنی کار لە قەزا و ناحیهكان زۆر قورسترە، بۆیە گەنجان و بێكارانی سنووری دهۆك رۆژانە کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، لەبەرئەوە پێویستە حکومەت کەرتی تایبەت چالاك بکاتو رێکی بخات بۆ ئەوەی هەلی کار زیادبکەن.
زۆریی ئاوارە و کرێکاری بیانی
بەپێی ئامارێکی سەندیکای کرێکاران لقی دهۆک، لە سنووری پارێزگاکە نزیکەی 125 هەزار کرێکار ناویان له سهندیكاکە تۆمارکردووە لەو ژمارەیە 20 هەزاریان کرێکاری ئاوارهن و پێنج هەزاریشیان کرێکاری بیانین و له کۆمپانیاکاندا کاردەکەن.
وهلات ئهمین ئۆزمانی سەرۆکی سهندیكای كرێكاران لقی دهۆك به كوردستانی نوێی راگهیاند: بەشێوەیەکی گشتی هەلی کار بۆ کرێکاران لە سنووری پارێزگای دهۆک له ئاستی پێویستدا نییە، بەهۆی زۆریی ژمارەی کرێکاری بیانی و ئاوارەکانی شەڕی دژی داعش، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر نەبوونی هەلی کار دروستکردووه له پارێزگای دهۆک و دەوروبەری بەگشتی.
وتیشی: ئەگەر رێککەوتنی شنگال لە نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هەلی کار زیاتر دەبێت بۆ کرێکارانی ناخۆی پارێزگاکە.
سەرۆکی سهندیكای كرێكاران لقی دهۆك باسی لەوەکرد: ئومێدێکی زۆر هەیە بۆ زیادبوونی هەلی کار لەبەرئەوەی چەند پڕۆژەیەک خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەوانە، ترمیلانی دهۆک، پڕۆژهی پیشهسازی دهۆک و کارگهی پهتاته له قهزای بهردهڕهش، بهرههمی سپیاتی له قهزای سێمێل کە سەدان هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنن.