عەزیز گەردی ئەكادیمیستی ناوداری كورد، ماڵئاوا

10:03 - 2022-06-16
کەلتور
378 جار خوێندراوەتەوە

دكتۆر نووری تاڵەبانی

ئەدیب و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری كورد، مامۆستا عەزیز گەردی بە یەكجاریی ماڵئاوایی لێكردین. بەم بۆنەوە بابەتی زۆر بڵاوكرانەوە لەلایەن زۆر لایەنی ئەدەبی و رۆشنبیری و سیاسیی، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ رۆڵی ئەو كوردە دڵسۆزە بكەم بۆ هاوكاریكردنی (دەستەی قانوونی باڵای كورد)، كە لە ساڵی هەزار نۆ سەد و نەوەت و دوو، بە بڕیاری خولی یەكەمی پەرلەمانی هەرێم دامەزرابوو بۆ هاوكاریكردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەندامانی دەستەكە سێ‌ قانوونناسی ئەو دەمە بووین، بەندە و خوالێخۆشبوو حاكم رەشید عەبدولقادر و دكتۆر عەبدوڕەحمان رەحیم. حكومەتی هەرێم جێگای بۆ دەستەكە دابین نەكردبوو، بۆیە ماڵەكەی خۆم كردبووە بارەگای ئەو دەستە قانوونیە. رۆژانە ئەو دوو ئەندامانەی دی دەهاتنە ماڵەكەمان تا كاتژمێری دووی پاش نیمەڕۆ دەمانەوە.
 كەسێك داوای لە خوالێخۆشبوو مامۆستا عەزیز گەردی نەكردبوو هاوكاریمان بكات، ئەو لەودەمە مامۆستا بوو لە یەكێ لە قوتابخانەكانی هەولێر، بە پایسكل دەهات بۆ وەرگرتنی ئەو پرۆژە قانوونانەی دەستەكەمان ئامادەی دەكردن، تا بیانكاتە كوردی. ئێمە لە دەستەكە هیچ توانایەكمان نەبوو تا بیخەینە بەردەستی، بە دەستی خۆم پرۆژەكانم دەنووسییەوە، چونكە كۆمپیوتەرمان نەبوو و كەسێكیان دەستنیشان نەكردبوو هاوكاریمان بكات بۆ نووسین، یان لانیكەم فۆتۆكۆپیكردنیان پێش ناردنیان بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی هەرێم. كاك عەزیز بێ‌ ئەوەی كەسێك هاوكاریی بكات، بە پایسكلەكەی دەهاتە ماڵەكەمان بۆ وەرگرتنی ئەو پرۆژە قانوونانەی ئامادەمەمان دەكرد، پاش چەند رۆژێك خۆی بۆی دەهێناینەوە. ئەویش كۆمپیوتەری نەبوو، بەدەستی خۆی، پاش وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی، دەینووسییەوە بۆی دەهێناینەوە، لەگەڵ نوسخە عەرەبییەكە، كە بە دەسخەتی من یان خوالێخۆشبوو كاك د. عەبدوڕەحمان رەحیم دەنووسرا.
 پێشتر كاك عەزیز گەردیمان نەدەناسی، بەڵام ئەو دەیزانی دەستەكەمان خەریكی ئەو ئەركەیە و كەس هاوكاریمان ناكات، رۆژێك سەردانی كردین و ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوكاری كردنمان. هەتا دەستەكە بەردەوام بوو لە كارەكانی، ئەویش بەردەوام بوو لەگەڵمان.
 هەزار سڵاو لەگیانی پاكی ئەو كوردە دڵسۆزە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان