لە شارەزووریش گەنم لەسەر شەقامە سەرەکییەکانە

نەکردنەوەی دەرگای سایلۆکان جووتیارانی هەرێمی نیگەران کردووە

09:56 - 2024-05-30
ڕاپۆرت
309 جار خوێندراوەتەوە

‎راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

وەک بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم لە شارەزوور وەرزی دروێنە دەستی پێکردووە و بەشێک لە  جووتیاران گەنمەکانیان دووریوەتەوە، بەڵام کێشەی هەڵگرتنیان هەیە لەبەرئەوەی هێشتا دەرگای سایلۆکان نەکراونەتەوە بەڕووی گەنمی جووتیاراندا لەبەر زۆریی بڕەکەی جووتیاران گەنمەکانیان لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی قەزاکە داناوە و ئەوەش ئاستەنگیی هاتووچۆی بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان دروست کردووە.
شێرزاد عومەر جووتیارێكی قەزای شارەزوورە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی نەكردنەوەی سایلۆكان لەكاتی خۆیدا جووتیاران ناچارن لەسەر شەقامەكان گەنمەكانیان دابنێن تا كاتی وەرگرتنی گەنم و كردنەوەی سایلۆكان.
وتیشی: داواكارم لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان سایلۆكانی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عیراق لەكاتی خۆیدا بكەنەوە، بۆئەوەی ناچار نەبین لەسەر شەقام گەنمەکەمان دابنێین، لەبەرئەوەی بەهۆی زۆریی بڕەکەی بەرهەمەکەمان لە حەوشەی ماڵەوەدا جێگەی نابێتەوە و هیچ جێگەیەكیش دابیننەكراوە تا كاتی كردنەوەی سایلۆكان گەنمی لێ دابنێین.
جووتیاران شەقامەکان چۆڵ بکەن
دانانی گەنمی جووتیاران لەسەر شەقامە سەرەکییەکان لە شارەزوور گرفتی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروست کردووە و بەهۆیەوە سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای شارەزوور رایگەیاند:  ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکەین کە گەنم و بەروبوومی كشتوكاڵییان لەسەر شەقامە سەرەكییەكانی قەزای شارەزوور داناوە، بە زوورترین کات گەنمەكان بگوێزنەوە و شەقامەکان چۆڵ بکەن.
شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە: لە ئەگەری لا نەبردنی بەروبوومەكاندا لەلایەن جووتیارانەوە ئەوا بە ئامێرەكانی شارەوانی دەیگوازینەوە و دەستی بەسەردا دەگرین.

 

شارەوانیی شارەزوور: لە ئەگەری لا نەبردنی گەنمەکە لەلایەن جووتیارانەوە، بە ئامێرەكانی شارەوانی دەیگوازینەوە و دەستی بەسەردا دەگرین

 

 

سەلام سەعید، شۆفێرە لە قەزای شارەزوور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەكاتی دروێنەكردندا بەشێكی جووتیارانی قەزاكە گەنمەكانیان لە شەقامەكان دادەنێن، ئەمەش گرفتی هاتووچۆی بۆ ئێمەی شۆفێر دروستكردووە و بەهۆی دانانی ئەو گەنمانەوە چەندین كۆڵانی دیكە دەبڕین تا دەگەینە شوێنی مەبەست.
وتیشی: داواكارم جووتیاران چیتر شەقامەكان پڕ لە گەنم نەكەن و نەبن بەهۆكاری داخستنی شەقامە سەرەكییەكان و لایەنی پەیوەندیداریش بە كردنەوەی سایلۆ یان دابینكردنی شوێنێك بۆ گەنمی جووتیاران تا كاتی وەرگرتنی گەنمەكانیان ئەو گرفتە چارەسەر بکەن.
بڕیار لە کردنەوەی سایلۆکان دەدرێت
نەکردنەوەی دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم، جووتیارانی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم نیگەران کردووە، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا وەفدی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بچێتەوە بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێم و دواتر دیاریکردنی کاتی کردنەوەی سایلۆکان.
بەپێی روپێوێکی زانستی دەرکەوت دوو ملیۆن و 855 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە لە هەرێم، بەو شێوەیە بڕی بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێم یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆنە، لەگەڵ ئەوەی تائێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام دەرکەوتووە بەغدا 650 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێم وەربگرێت، کە بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: چوار جار وەفدی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم بە رێژەیەک کە گونجاوبێت لەگەڵ بڕی بەرهەمدا.
بەغدا لەساڵی 2022 تەنیا 300 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی وەرگرت، لەساڵی 2023 شدا 500 هەزار تۆن، بەڵام ئەو رێژەیە بەپێی خواستی جووتیاران و وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم نییە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان