تای خوێنبەربوون، نەخۆشییە کوشندەکە

11:28 - 2024-05-30
ڕاپۆرت
213 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

چەند ساڵێکە کە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عیراق و هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات، تای خوێنبەربوون ئەمساڵ سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عیراق بڵاوبووەوە، دواتر لە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەش حاڵەتی توشبوون راگەیەندراو  لە چەند رۆژی رابردوودا ته‌ندروستی ئاكرێ دوو حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوونی ئاشکراکرد کە یەکێکیان بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت: ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون یەکێکە لە میکرۆبە هەرە مەترسیدارەکان، ئەو کەسانەی تووشی دەبن بە رێژەی ٪50 ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەیە و مەترسی دروست دەکات لەسەر تەندروستی ئەو تیمەشی چارەسەر دەکەن.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە
لە شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ تائێستا هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە، بەڵام لە نەخۆشخانەی شار توشبوویەکی شاری کەرکوک چارەسەری بۆ کرا. توشبووەکە پیشەی قەسابە وتی: بەهۆی کارەکەمەوە بەرکەوتنم لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە، بۆ ماوەی سێ رۆژ دۆخی تەندروستیم تێكچوو، تووشی سەرئێشە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، رشانەوە و خوێنبەربوون لە رێگەی میزەوە بووم، بۆیە بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەم کرد.
بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بریتین لە: سەرئێشە، ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەرشان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵدا دەبێت.
د.گۆران محێدین لێپرسراوی بەشی هەناوی لە نەخۆشخانەی شار رایگەیاند: پاش بینی دۆخی تەندروستی ئەو هاووڵاتییە گومانی توشبوون بە تای خوێنبەربوونی لێکرا، دەستبەجێ نەخۆشەکە جیاکرایەوە و بەپێی ئەو پرۆتۆکۆلەی لە عیراقدا هەیە بۆ چارەسەری پەتاکە، نموونەی نەخۆشەکە وەرگیراو نێردرا بۆ تاقیگەی ناوەندی بەغدا.
وتیشی: دوای دەرچوونی ئەنجامەکە دەرکەوت کەسەکە توشبووی تای خوێنبەربوونە، راستەوخۆ دەرزی دژە ڤایرۆسی نەخۆشییەکە پەیداکراو دەستکرا بە چارەسەری نەخۆشەکە و هاوەڵەکەی و دوای چەند رۆژێک پێدانی چارەسەر کەسەکە دۆخی تەندروستی باش بوو و نێردرایەوە ماڵەوە.

 


پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی: ئەو کەسانەی تووشی تای خوێنبەربوون دەبن بە رێژەی ٪50 ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەیە

 

 

رێکارەکانی رووبەڕوو بوونەوە
پاش راگەیاندنی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان رزگار حه‌مه‌د راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، بە ئامادەبوونی نوێنەری بەشێک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ليژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کۆبوونەوە و بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بڕیاردرا بە:
*سەربڕینى ئاژەڵ تەنها لە سەربڕینخانە فەرمییەکان بێت، بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتێرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لەسەر رێگە و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.
*پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
*پێویستە رێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا رەچاو بکرێت.
*پێویستە لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکاندا، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
*وەزارەت رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
*کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بازرگانی ئاژەڵان بەشێوەی نافەرمی لە دەرەوە و ناو هەرێم و عیراقی فیدراڵ، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێت. لە رێگەی مشەخۆرەوە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عیراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان