باڵندەکانی گۆنتەر گراس و وێنەی ناو مۆزەخانەکە

12:04 - 2024-05-30
ئەدەب و هونەر
160 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف هەڵمەت

لەپرمەی گوڵباریندا  
هەر پێنج باڵندەکەی گۆنتەر گراسم ڕاوکرد و مەشقی لووشکردنی :
وشە و پشیلە و پاپۆڕ و
پەیکەری دکتاتۆرەکان و
لوولە تۆپی مۆزەخانەکان و 
تەماشاکردنی تابلۆی جێرنیکا و 
تێکدانی یارییەکانی تۆپی پێی نێوانی فەڕەنسا و بەڕازیل و    
گەمە دڵدارییەکانی نێوانی ئەمەریکا و ئیسرائیلم پێکردن  ...
( ئاگات لێ نیە کارێکم بۆ خۆم دۆزیوەتەوە )
لەپڕ کچە وێنەکێشی ناو شەمەندەفەرەکە وای بە هاوڕێکەی گوت 
ــ چ کارێک؟
+ ئەی نابینی لەسەر پەنجەرەی شەمەندەفەرەکە بە ڕۆندکی خوێناوی چاوم، وێنەی تۆ دەکێشم؟
کچەکە درێژەی بە وێنەکێشان دا ...
وێنەی جانتایەک لیپاولیپ لە مین و نارنجۆک و دەمانچەی بێدەنگ .....    
وەک جانتای شاعیرێک
وێنەی باوەڵێک ..
سیخناخ سیخناخ لە 
لەشیعر و نامەی دڵداری
و ڕەسمی کچە ئەکتەرەکان ...
وەک باوەڵی سەرکۆڵی پێشمەرگەیەک ....
وێنەی ئاوێنەیەکی پڕ 
لە دەنگ و ماچ و بیرەوەرییەکانی من    
وەک ئاوێنەکەی جارانی 
نازڵی  ...
ئەم کچە وێنەکێشە 
شەیدا و سەوداسەری 
هەراو هوریای گژ و گیاو شەقەی باڵی هەنگ و پەپوولەیە و
عاشقی پەیکەرەکەی مایکۆفسکی یەو  
هەموو شەوێک بەڕووتی باوەش بە پەیکەرەکەدا دەکات  
بۆ ئەوەی مناڵێکی شاعیری ببێ وەکو ئەو
یاخی بێ و وازی بەوشە بکات و 
بازنگ و گوارە و      
جلی ژێرەوەی کچانی مۆسکۆ بخوات و 
شیعری دڵداری لەسەر
پەیکەرەکەی ..... 
ئانا ئەخماتۆفا    
بەماچ بنووسێ ...
بیریکەوتەوە کە دایکی لە دووەم جەنگی جیهانیدا 
بەفرمێسک نامەی بۆ باوکی دەنووسی لە بەرەکانی جەنگدا ...  
لەیادم نیە کەی، بەڵام 
هێشتا کوردستان نەبووبوو بەکارگەی زاوزێکردنی حزب و 
گرووپ وشاند و باند  
یا لە چاخانەی شەعب
بوو لە سلێمانی  
یا لەچاخانەی مچکۆ لە هەولێر 
یا لە تەکێی تاڵەبانی بوو لە کەرکووک       
مەلای جزیری و پیرەمێرد و شێخ ڕەزای تاڵەبانی 
باسی شیعریان دەکرد و کۆکبوون لەسەرئەوەی
کە جوانترین شیعر 
ئەو شیعرانەن مناڵان دەیاننووسن  ...
ئیتر بیرم کەوتەوە ... کە ــ نهلە نداوی ــ لە ڕۆژنامەیەکدا گوتبووی 
لەتیف هەڵمەت مناڵێکە گەورە نابێ  ...
ئەوەتا من هەر سەرقاڵی یاریم و
کۆلارە بەوشەی نەبینراو 
درووستدەکەم و شیعریان لەسەر دەنووسم‌ و 
بە ڕەشەبای ئەپۆلۆ هەزاردا  
بۆ ئەو مناڵە جنۆکانەی هاوڕێمیان دەنێرم‌‌
کەلەناو ئەستێرە نادیارە چوارگۆشەکاندا
گەمە و وازی دەکەن
لەوەتەی باڵندەکانی گۆنتەر گراسم ڕاوکردووە  
بیر لەڕاوکردنی ئەو باڵدارانە دەکەمەوە  
کە یەشار کەمال دەڵێ کۆچیان کردووە  ...
ئیتر باشتر وایە چاودێری کات بکەم 
کات زۆر سەرەڕۆیە ... نەوەک ئێوارانێک لەشەقامی پیرەمێرد دا دوای بۆنی عەتری پرچی کچۆڵەیەکی شاعیر بکەوێ و ئیتر لێم بزر بێ ...
یا لەبەردەرکی سەرادا لەناو ڕۆمانێکی ڕۆمانسیدا بەگریانەوە
خەوی لێبکەوێ  ...
یا دەشێ لەباخی گشتیدا 
ئەوەندە لەلای پەیکەرەکەی مەحوی-دا ڕابوەستێ  
ببێ بەپەیکەرێکی دیکە
لەباخەکەدا ...
جا ئیتر کات لەکوێ بێنم
داو بۆ ڕاوکردنی 
ئەو باڵدارانە بنێمەوە کە یەشار کەمال دەڵێ  کۆچیانکردووە؟
[لەزڕنگەی زەنگی کڵێساکاندا حەزرەتی مەسیح هاوار دەکات: هێشتا مەریەمی مەجدەلییە لەشەقامەکاندا 
بەردەباران دەکرێ   
هێشتا بۆنکڕووزی پرچی جاندارک دێ  لە گۆڕەپانی ئازادیدا  ]
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە 
بیرەوەرییەکانم بەڕەشەبایەک بسپێرم 
ڕەشەبا پۆستەچییەکی باوەڕپێکراوە و 
شارەزای ڕێگای هەموو جێگاو ناجێگاکانە  ... و
هەموو پۆستێک  بۆ ناونیشانی دیاریکراو دەبات  ... و     
حەزی لە چاڵەنەوت و دۆلار نیە، 
تەنهاو تەنها تامەزرۆی 
ڕاکردن و پێشبڕکێیە 
لەگەڵ کچە وەرزشوانە شۆرت لەپێکاندا و دڵدارییان لەگەڵدا دەکات
هەندێ جاریش بەبۆنی گوڵستانەکان مەست مەست دەبێ و 
لە لاکۆڵانێکدا بە پەلە    
چمکی تەنوورەی کچێک
هەڵدەداتەوە و گازێک لە پووزی دەگرێ  ...
( ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ  )
وادەڵێ  ...
منیش سەردەمێک لە مۆزەخانەیەکدا شەیدای کچێک بووم   
هەموو کاتەکانمی زەوت کردبوو.. بۆ خۆی
نە دڵداری  دەزانی 
نە پێکەنین و تووڕەبوون .. نەماچکردن  ...
لە ڕەنگ و بۆیە درووستکرابوو    
وێنەکەی  مۆنالیزا  بوو 
کاتێ کە لەمۆزەخانەکە چوومە دەرەوە
شێتێک دەنکەگەنمی بۆ
کۆترەکان ڕۆ دەکرد  ...
هەر پێنج باڵندەکەی گۆنتەرگراسم بیرکەوتەوەو ...گورج دەرگای قەفەزەکەم  لێکردنەوە و       
بڕیارمدا ئەو باڵدارانە ڕاو نەکەم    
کە یەشار کەمال دەڵێ
کۆچیانکردووە  ...
ئێستا کاتم زۆر زۆرە  
بۆ گەمەو دڵداری کردن 
لەگەڵ وشە نووسراو و نەنووسراوەکاندا ...

بابەتە پەیوەندیدارەکان