سەرۆک بافڵ: ئامانجی یەكێتی خزمەتكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە

11:21 - 2024-05-30
کوردستان
500 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

لە دیدارێکدا كە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، شێخ ئەحمەد حەمە کەریم و د.هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، جەلال شێخ ناجی، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبوون، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا و جەخت لە پاراستنی یەكڕیزی و گفتوگۆی بونیادنەرانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە بەشێوەیەك كە هەموو هەنگاوەكان لەپێناوی خزمەتی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا بێت.

لەدرێژەی دیدارەکەدا کاری رێکخراوەیی، گەشەپێدانی  ئۆرگانەكان و راپەڕاندنی ئەركە حزبییەكان تاوتوێكران، سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە گۆڕانكارییەكان و رێكخستنەوەی ناوەندە حزبییەكان كرد و رایگەیاند، ئامانجی یەكێتی خزمەتكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە، هەموو هەنگاوەكانیش لەوچوارچێوەیەدا بوون و لەپێناو گونجان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و خواستەكانی خەڵكدا بووە.

هەر لە دیدارەکەدا بڕیار لە تەواوکردنی رێکار و هەنگاوەکانی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی درا بەشێوەیەک لەگەڵ پەیڕەو و پرۆگرامی حزبدا بگونجێت.

لەبەرامبەردا هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وێڕای ئەوەی لەبارەی راپەڕاندنی ئەرکەكان و سیاسەتی یەکێتی  روونکردنەوەیدا، ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە هەموو ئۆرگانەكان هاوكار و هەماهەنگبن و لە هەوڵی بەردەوامدابن لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و بەدەمەوەچوونی داواكارییەكانیان.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان