پەیامی مەكتەبی سیاسی بۆ یادی 49 ساڵەی یەكێتی و 48 ساڵەی شۆڕشی نوێ

02:09 - 2024-05-31
کوردستان
431 جار خوێندراوەتەوە

پەیامی مەكتەبی سیاسی بۆ یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و 48 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەكێتیی لە سەرجەم بوارەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی، رێكخراوەیی و دیموكراتی، بە دێرین و نوێوە.
بە سڵاوێكی گەرمەوە پیرۆزبایی 49 ساڵەی دامەزراندن و 48 ساڵەی دەسپێكی شۆڕشی نوێتان لێدەكەین کە دوو بۆنەی گەورەن لە مێژووی كوردستان و عیراق و لە مێژووی خەباتی دیموكراتی گەلانی ئازادیخوازدا، بۆنەی راگەیاندنی تەرزێکی نوێی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و بۆنەی جاڕدانی شۆڕشێكی هەمەلایەنەی جەماوەری كە لە ناو جەرگەی هەرەسی ناڕەوادا، دڕی بە شەوەزەنگی نا ئومێدی دا و چرای ڕۆشنی رێگای ئازادی هەڵكرد، راستەڕێی ستراتیژی (ئاشتی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین) بەرەو سەرکەوتن گرتەبەر. 
لە ماوەیەکی کەمدا پریشكی بڵێسەی ئەم تێكۆشانە چڕوپڕەی یەكێتی و شۆڕشەكەی بە رێبەرایەتی سەرۆكی نەمر مام جەلال و هەڤاڵانی دامەزرێنەر و تێكۆشەرانی ناوەوەی وڵات، چیا سەركەشەكانی كوردستان و كۆری تینووی خەباتی ناوەوە و دەرەوە  و گشت كایەكانی سیاسی و دیبلۆماسی و راگەیاندنی ئاوەدانکردەوە.
ئەم كاروانە شۆڕشگێڕییە هەموو بەربەست و پلانەكانی دوژمنان و داگیركەری فاشتی تێكشكاند و تێپەڕاند. درێژترین روباری خوێنی شەهیدانی كردە خەڵاتی میللەتەكەمان و هەرگیز نەسرەوت تا سەركەوت لە ڕاپەڕینی رزگاری كوردستان، تا مژدەی روخانی دیكتاتۆری بەعسی كردە ڕاستی و داخوازی گەلەکەمانی لە وڵاتێكی دەستوری و فیدرالیدا هێنایەدی و گەیاندیە کەناری ئارامی و ئازادی.

خوشك و برایەنی خۆشەویست
ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەربەرزییەوە یادی (49) ساڵەی دامەزراندنی وەك بۆنەیەكی میللی و نەتەوەیی مەزن دەبینێت كە هەموو چین و توێژەكانی میللەتەکەمان هەقی خۆیانە خاوەندارێتی لێبكەن و شانازی پێوە بكەن، چونكە ئەم هەموو رەنج و قوربانییە بۆ ئەوان و بەوان جێبەجێ كراوە و سەرخراوە. چونکە شەهیدانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری نەبەردی و نەبەزین، هەڤاڵانی زیندان و رێكخستنەكان، ژنانی ئازا و تێکۆشەری رووسووری خەباتی یەکسانی و یەکێتی، هەر هەموویان لە چاكترین رۆڵەكانی ئەم گەلەن و بە ناوی یەكێتییەوە ئەم ئەركە پیرۆزەیان راپەڕاندووە. بۆیە یەکێتی ئەم یادە پیرۆزە دەكاتە دەرفەت بۆ جۆشدانەوەی خەبات لەپێناوی ئاسۆی ژیانی نەوەكانی داهاتوومان لە كچان و كوڕانی كوردەواری و وەك هەمیشە، بێ سڵەمینەوە بۆ پێشەوە دەڕوا و ئاور لە دواوە ناداتەوە، مەگەر بۆ پێزانینی تێكۆشانی رابردوو و ئیلهام وەرگرتن بۆ خەباتی لەمەودوا نەبێت.

جەماوەری سەرفرازی کوردستان 
هەموولەیەک دەزانن ئێستا گەلەكەمان و ئەزموونە خۆماڵییەكەی ، لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە كە پێویستی بە سازدانەوە، پەرەپێدان و ڕاستكردنەوەی رێڕەوەكەی هەیە. باشترین رێگاچارەی ئاشتی و دیموكراتیش بۆ ئەم ئامانجە رەوایانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی ئەوتۆ بێنێتەكایەوە دەرەقەتی ئەركەكانی قۆناغ بێت و بە دەنگی ئازادی خەڵكی دەرفەتی حکومەتێکی خزمەتگوزارتر برەخسێنێ کە داكۆكی و پێداگری لەسەر ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوری و دیموكراتییەكانی كورد لە بەغدا بكا و بە یەکگرتوویی و بەرپرسیارێتیەوە هەڕەشەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە هەرکوێوە بێت، لە قاوبدات.
ئەمڕۆ پشتبەستوو بە ئیرادەی دەنگدەران و بەو ڕاستییە درەوشاوەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئكیدی لەسەر كردەوە كە (یەكێتی مێژووە، یەكێتی خوێنی شەهیدە، یەكێتی قوربانی و یەكێتی هێزە) رووی بانگەوازمان لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و  چین و توێژەكانێتی، بە تایبەتی ژنان و لاوەكانمان كە لەم وێستگە دیموكراتییەی هەڵبژاردندا بە جۆش و خرۆشەوە بێنە كۆڕی هەڵبژاردنەوە و پەنجەمۆری خۆیان لە داهاتووی خۆیان بدەن، متمانە بە یەكێتییە سەرسەخت و سەر ڕاستەكەی خۆیان نوێبكەنەوە. كە دیرۆکی نزیكەی نیو سەدە ئەم متمانەیە پتەوتر دەکات لە سایەی یەكێتی هەڵوێست و یەكێتی ریزەكانی ئەمرۆی هەڤاڵاندا، لە سایەی گەڕانەوەی هەر ئێستای بەڵانسی هێز و ئیرادە لە کوردستان و گێڕانەوەی سەنگی یەکێتی و کورد لە ناو ڕاڕەوە سیاسییەکانی بەغدا و پایتەختەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەسەر ڕێبازی ئاوەدانی سەرۆک مام جەلال. بەتایبەتر کە رەوتی رووداوەكان سەلماندویانە ، پاڵپشت بە پشتیوانی جەماوەرەکەمان ،هەرچی كراوە پێشەنگێتی یەكێتی كردوویەتی و هەرچی ماوە لە ئەركی چاكسازی و ئاوەدانی و خزمەتی کۆمەڵگەی کوردستان هەر بە یەكێتی دەكرێت، بە هاوكاری و بەشداری كارای هێزە دەربەستەكانی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان کە یەکێتی هەمیشە لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە و لەم یادە پڕ شکۆیەشدا تەئکید لەسەر ئەو پرەنسیبانە دەکاتەوە.
پیرۆزە یادی یەكێتییەكەی خۆتان.
سەركەوێ كاروانی خەباتی پێنج دەیەی میللەتەكەمان بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و گەلەكەمان، شەهیدانی کورد و کوردستان ،لە سەروی هەمووشیانەوە گیانی پاكی شكۆی نەتەوە و نیشتمان، سەرۆك مام جەلال.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
1/6/2024

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان