راپۆرتی / ئهیاز ههركی
رۆڵی هاووڵاتیانی بادینان لە دامەزراندنی یەکێتی و بەهێزکردنیدا گەورە و مێژووییە. یەکێتی هەمیشە داکۆکیکاری راستەقینەی ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد بووە لە سەرجەم قۆناغەکاندا، خهباتی دیموكراسی و پهرلهمانی کردووەتە بنهمایهك بۆ بهدهستهێنانی مافهکانی تەواوی هاووڵاتیان لە هەرێم و پاراستنی ئازادی رادهربڕین.
لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاووڵاتیان
دیوالی قومری جێگری لێپرسراوی مهڵبهندی رێكخستنی چواری دهۆكی یهكێتی وتی: لە یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان و سەروەرمان سەرۆک مام جەلال دادەنەوێنین. دیاره دوای نسكۆی ساڵی 1975 ئامانجی رژێمی عیراق وێرانکردنی گوندەکان و ژێرخانی ئابووری و دەرکردنی خهڵكی کوردستان بووه و بە ئاگر و ئاسن میللهتی كوردی دهچەوساندەوە، بۆیە بۆ پاراستنی کوردستان و رێگریکردن لە هێرشەکانی دوژمن. سەرۆک مام جەلال وهاوڕێکانی یەکێتییان دامەزراند، گرنگی جوگرافیای دەڤەری بادینان هۆکاری سەرەکی بوو، بۆ ئەوەی یەکێتی بۆ یەکەمجار له سنووری باكووری كوردستان بپهڕێتهوه و بچێتە ناو خەڵکی بادینان و شارەکانی دیکەی هەرێم.
وتیشی: یەکەم فیشەکی شۆڕشی نوێ لەلایەن خەڵکی بادینانەوە تەقێندراوه، ئەمە خەڵاتی سەرۆک مام جەلالە بۆ پێشکەشکردنی دەروازەی شەهیدانی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان بە خەڵکی بادینان. دوای راپەڕینیش رۆڵی خەڵکی بادینان لە بەهێزکردن و راگرتنی یەکێتی لە بادینان و کوردستان بە گشتی سەرەکی بوو.
دیوالی قومری دەڵێت:ههمیشه سهنگهری پاراستنی یەکێتی کچان و کوڕانی کوردستان بووە و خاوەنی دەستکەوتەکانی کوردستان بووە. لاوازبوونی ئەم هێزە زیان بە بارودۆخی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی کوردستان و دۆزی کورد بهگشتی دەگەیەنێت. هەنگاوەکانی ئهم دواییهی سەرۆک بافڵ زۆر گرنگ و بەنرخ بوون لە بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیانی کوردستان، بەتایبەتی نزیکبوونەوەی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لە یەکتر، کە بههۆی بهردهوامیی هەوڵەکانی سەرۆکی
یەکێتییەوە بوو.
داکۆکیکاری ماف و داخوازییەکانی ژنان
لولاڤ داود نووسهر و ئهندامی یهكێتی ژنانی كوردستان ـ لقی دهۆك وتی: یادی49 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لە کەسوکاری شەهیدان و لایەنگران و دۆستانمان پیرۆز بێت. شانازی بە حزبەکەمانەوە دەکەین، ئەگەر خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری ئەندامانی دهستهی دامەزرێنەری یەکێتی و تێکۆشەرانی رۆژە سەختەکانمان نەبوایە، ئێستا ئێمە لە جیهاندا بە عیراقی دەناسراین نەک کورد و کوردستانی.
وتیشی: لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی و سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێوە، حزبهكهمان ههمیشه بە ناوی کوردایەتییەوە خەبات دەکات و بەرگری لە مافەکانی هاووڵاتیان و دیاریكردنی چارەنوسی گەلی کوردستان كردووه. ئێمە وەک کچان و ژنانی کوردستان به هیوایهكی گهورهوه چاومان لە ئایندەی یەکێتییە کە هەمیشە ببێ جیاوازی داکۆکیکاری ماف و داخوازییەکانی ژنانی کوردستان بووە.
دەروازەی شەهیدانی شۆڕشی نوێ
قادر عیدو كادری پێشكهوتووی یهكێتی له بادینان وتی: دامەزراندنی یەکێتی مایەی ئومێدێکی گهوره بوو، بۆ هەموو نیشتمانپەروەرێکی کورد و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورددا، هەروەها گرنگ بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی پیلانگێڕییەکانی دژی گەلی کورد.
وتیشی: بۆ مێژوو دەڤەری بادینان دەروازەی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و دەروازەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانه، خەڵکی بادینان و مەفرەزە سەرەتاییەکانیان بەگیانی خۆیان یەکێتییان له سوریاوه گهیانده دەڤەری بادینان و دواتریش بۆ هەموو شارەکانی تری هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی دڵسۆزی خەڵکی بادینان بۆ یەکێتی، سەرۆک مام جەلال باوەڕێکی تایبەتی بە خەڵکی بادینان هەبوو و ئەوەی لە توانایدا بوو بۆی دەکردین، قەرزاری سەرۆک مام جەلالین لەبەرئەوەی پارێزهری تایبەتی خەڵکی بادینان بوو و لە زۆر قۆناغی مێژووییدا داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانمان کردووە.