لە شوێنی پشوویدا، بە رووخۆشی و ورەیەكی بەرزەوە هاتە ئەو هۆڵەوە كە لە چاوەڕوانییدا بووین، دوای پێشوازی و دەستپێكێك لە باس و ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەتایبەت لەسەر قۆناغی نوێی رۆژنامەكە، راستەوخۆ دەستمان بە گفتوگۆكە كرد، دوو پاكێج پرسیارمان لابوو، بەڵام بەهۆی دیاریكراویی كاتەوە رێككەوتین كە بەشێكیان ئاراستە بكەین. سەرۆك بافڵ لە گفتوگۆكەدا راشكاوانە، بەڵام هاوكات قوڵ و فراوان وەڵامی دەدایەوە، پەرۆشی زۆری پێوە دیاربوو بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكانی خەڵكی كوردستان، دڵگرانیش بوو كە دوای 32 ساڵ لە فەرمانڕەوایی هێشتا چین و توێژی زۆری كۆمەڵگا لە قەیراندا بن، كێشەی خزمەتگوزاری هەبێت، نەتوانرێت گرفتەكانی ژیان و گوزەران چارەسەر بكرێت. ئەو گەشبینە بە ئێستاو ئایندەی حزبەكەی، پێشی وایە ئەگەر خەڵكی كوردستان پاڵپشتبن و دەنگیان پێ بدەن و بیانكەن بە زۆرینە، ئەوسا دەبینن كە چۆن خزمەت دەكەن. تاڵەبانی دڵنیایی ئەوەشیدا كە ئەمجارە حزبەكەی دەنگەكانی زیاد دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردەوە كە دەیەوێت یەكێتی ببێتە هێزی یەكەم لە كوردستاندا.
لەم گفتوگۆیەدا لەسەر زۆر بابەتی تری گرنگ بە روونی و راشكاوی دەدوێت.
گفتوگۆی: د. عەدالەت عەبدوڵڵا
فۆتۆ: حەمە عومەر
*سەرەتا دەمەوێت بەو پرسیارە دەستپێبکەم و شتێکت بیر بخەمەوە، جەنابت لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایت، تۆ ساڵێکی دیکە دەبیتە سەرۆکی حزبێک کە نیو سەدەیە خەبات دەکات، بافڵ جەلال تاڵەبانی چۆن سەیری ئەم مێژووە و ئەو لێپرسراوێتییە دەکات؟
-وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسانە، ئەو مێژووەی کە ئێمە هەمانە، مێژوویەکی ئاڵتوونییە، مەینەتی و زەحمەتیی زۆری تیابووە، خوێنی زۆری تیاڕژاوە، ئەوەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیوێتی بیکات، کەم حزب نەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە جیهاندا توانیوێتی بیکات، ئێمە لە شاخەوە گەیشتینە سەرۆکی کۆمار، یەکەمین سەرۆک کۆمار کە بە دیموکراسییانە هەڵبژێردرابێت، کە بە دیکتاتۆری یان بە لیژنە دانەنرابێت، بۆیە ئەمە بەرپرسیارێتیی ئێمە قورستر دەکات، من ئەم ساڵەی کە دادێت، دەمەوێت سەیری دواوە بکەین، سەیری ئەوە بکەین کە چیمان کردووە؟ شەهیدەکانمان چیان کردووە؟ لە سیاسەتدا چیمان کردووە؟ مام جەلال و هەڤاڵەکانی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا توانیویانە و توانیومانە چی بکەین و چیمان کردووە؟ بەڵام هێندەی ئەوە گرنگە کە ئێمە سەیری پێشەوە بکەین. ئایا ئەمڕۆ یەکێتی دەیەوێت چی بکات؟ من حەزم لە دەستەواژەی یەکێتیی تازە نییە، ئەمە یەکێتییە، من دەمەوێت بەرنامەی خۆمان بۆ داهاتوو ئەوەی دێت دابڕێژین و روون بێت بۆ خەڵک.
خەڵک بۆ سیاسەت دەکات، حزب بۆچی دروست دەکرێت، حزب نە دامەزراوەی خێرخوازییە، نە کاری بزنسە، نە بازرگانییە، حزب بۆ ئەوە دروست دەکرێت کە ئەو حزبە لە حکومەت هێزی هەبێت، بۆ هێزی هەبێت؟ بێگومان بۆ خزمەتکردنی خەڵک. ئەمڕۆ کە سەیری کوردستان دەکەم، بەڵێ بەشێکی بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی یەکێتییە، بۆیە رازی نیم لەوەی کە دەیبینم، گەنجەکانمان دۆخیان باش نییە، کەمئەندامەکانمان، نەخۆشخانەکانمان دۆخیان باش نییە، با من پرسیارێک لە جەنابت بکەم، سەدام لەکەیەوە نەماوە لە کوردستان؟ لە ساڵی 1991-ەوە ئێستا ساڵی چەندە؟ باشە راستە دوای ئەو هەموو ساڵە و دوای ئەو هەموو ملیاران دۆلارە کە لە هەولێرەوە هاتووە و رۆیشتووە، ئێستاش کوردستان کارەبای 24 سەعاتی نییە؟ دەتوانن بڵێن دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال یەکێتی کێشەی هەبووە راستە، دەشتوانن بڵێن بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی ئێمە بووە، ئەوەش راستە.
من شتێکی تریش دەڵێم، دەڵێم بەسەرچاو، هەمووتان من دەناسن کە قسەیەکم کرد جێبەجێی دەکەم، داوا لەخەڵکی کوردستان دەکەم بە هی هەموو حزبەکان دەنگ بە ئێمە بدەن، هێز بە ئێمە بدەن، بزانن کە ئێمە لەناو حکومەتدا زۆرینە بووین دەتوانین چ خزمەتێک بکەین؟ تاقی بکەنەوە، هەموو شتێکی تریان تاقیکردۆتەوە، ئەمەش تاقی بکەنەوە من گەرەنتییان دەدەمێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک ئامانجی هەیە، ئەوەش خزمەتکردنی خەڵکە، بۆیە دەڵێم دەبێت بۆ پێشەوە بڕۆین، چونکە بەداخەوە من هەستدەکەم لە زۆر بواردا نەک بۆ پێشەوە ناڕۆین، بەڵکو بۆ دواوە دەڕۆین، وەک ئازادیی نووسین، ئازادیی فیکر، ئازادیی ئایین، لەمانەدا بۆ دواوە دەڕۆین!
من پرسیارێکم هەیە، دەبینین ئەو کریستیانانە لە عەنکاوە زۆربەیان بار دەکەن دەڕۆن، کە دەبێت ئەمە بەهەشت بێت بۆ کریستیانەکان لە عەنکاوە، چالاکوانێک قسە دەکات دەیگرن و دەیکەن بە تیرۆریست، ئەمە چۆن دەبێت وابێت؟ خەڵک رای خۆی دەڵێت قسە دەکات، هەڕەشەی لێدەکرێت، ناوێرێت خۆپیشاندان بکات دەترسێت دەڵێت دەردەکرێم لە کارەکەم! ئاخر ئەمە چۆن دەبێت؟ بۆیە ئێمە بۆ دواوە دەڕۆین، جاران جیاوازیمان هەبوو لەگەڵ عیراق، دەمانوت کوردستان وایە، دادگای وایە، حکومەتی وایە، بەڵام خەریکە هەموو ئەو شتانە لەدەستدەدەین.
من باوەڕم بەوەیە کە دەبێت لەگەڵ هەموولایەک قسە بکەیت، ئەوە گرنگترین كارە، تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشت، سەرەتا لەگەڵ دۆستەکان، دواتر لەگەڵ دوژمنەکانت، دەبێت یەکتری بناسن و لەیەکتری تێبگەن
*باشە کاک بافڵ ئێوە هەوڵ نادەن وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ناوچەیەکی نفوزی خۆی هەیە، نموونەیەکی جیاواز پێشکەش بکەن لەوەی کە رەخنەتان لێی هەیە؟
-پێموایە تا رادەیەک توانیومانە ئەوە بکەین، تەماشای دۆخی ئەمنیی سلێمانی بکە و بەراوردی بکە لەگەڵ شوێنانی تر، تەماشای ئەو خەڵکە بکە لێرە کە ناڕەحەت دەبێت، دەچێتە سەر جادە، جادە دەگرێت، خۆپیشاندان دەکات، کە هەندێک جار من خواردنیان بۆ دەنێرم، ئاویان بۆ دەنێرم، بۆیە نابێت وابکەن، نەهێڵن خەڵک رای خۆی دەرببڕێت و خۆپیشاندان بکات. هەندێک کەس کە سیاسی نین زۆرجار پێم دەڵێن بۆ تۆ دەهێڵیت نەیارەکانی یەکێتی دانیشن لێرە وابکەن و کاک فڵان وا دەکات و فیسار وادەکات، دەڵێم کاکە ئەرکی منە ئەوە بکەم، ئەرکی ئێمەیە، ئێمە باسی دیموکراسی دەکەین و باسی ئازادی دەکەین، ئایا ئێمە بەڕاستمانە؟ کەواتە مادام وایە دەبێت تۆ بەشانازییەوە بڵێیت ئەوە شارەکە و ناوچەكەی منە کە هەموو ئۆپۆزسیۆنەکان ئەوێرن لێی بژین و ئیشی خۆیان بکەن، بەڵکو حەزبکەن لە پایتەخت دابنیشن، کێ حەزناکات لە پایتەخت دابنیشێ، بەڵکو ناوێرن لە پایتەخت دابنیشن، ئێ من بە شانازییەوە باوەشیشیان بۆ دەکەمەوە، بەڵام باوەشیان پێدا ناکەم.
ئەوەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیوێتی بیکات، کەم حزب نەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە جیهاندا توانیوێتی بیکات
*کاک بافڵ جەنابت باش دەزانیت هەموو ئەو دیاردانەی کە سەلبین و پێت ناخۆشە و رەخنەت لێی هەیە، ئاگاداریت کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێتە راپۆرت، ئەمە بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستانیش خراپە، بە دڵنیاییەوە کە ئەو وەفدانەی کونسوڵگەرییەکان و باڵیۆزخانەکان کە دێن دەتانبینن، رەنگە یەکێک لەو گلەییانەی لە ئەزموونی کوردستانی دەکەن ئەوانە بێت، باشە بە بۆچوونی ئێوە چی بکرێت بۆئەوەی ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکرێت، بەتایبەتی کە ئاماژەت پێدا دوو ئەزموونی جیاواز هەیە، خەڵک لێرە ئازادیی ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەگرتنی هەیە، بەڵام لە شوێنی تر كێشەی تیایە، بەڵام لە کۆتایی راپۆرتەکاندا دواجار دەڵێن ئەزموونی هەرێمی کوردستان، جا ئاخۆ ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێوە قورس ناکات بۆ مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ ئەو راپۆرتانە؟ بەتایبەتی تۆ لە دیدارێکی ئەمریکاش وتت: ئێمە دوو حزبی جیاوازین، ئەگەر جیاواز نەبین بۆ دوو حزبین؟ لەم حاڵەتەدا تۆ دەبێت چی بکەیت؟
-ئەگەر جیاواز نەبووینایە برادەرانی پارتی دەیانتوانی هەموویان بێن و ببن بە یەکێتی، زۆر ئاسایی دەبوو، بەڵام ئێمە جیاوازین.
*جا پوختەی پرسیارەکە ئەوەیە ئەم جیاوازییە کە هەیە لەنێوان ئەم دوو ئەزموونەدا چۆن ببێتە مایەی جۆرێک لە هەڵسەنگاندن و ببێتە جۆرێک لە گوشارکردن لەسەر ئەو لایەنانەی کە بەرپرسن لەو دۆخە، دەنا لە کۆتاییدا هەر دەڵێن هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا رێگرتن لە خۆپیشاندان، گرتنی رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی رەنگە بە پلەی یەکەم لە ناوچەیەکی دیاریکراودا رووبدات؟
-راستە، بەڵام قسەکەی جەنابتە، لەسەر هەموومان دەکەوێت. ئەمساڵ یەكێتی زۆر جیاوازە لەگەڵ حزبەكانی تردا، ئێمە پەیوەندییەکی جێی سەرنجمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرمان، وابزانم ئێمە تاکە حزبین کە توانیومانە لە ساڵێکدا سەردانی روسیا، ئێران، بەریتانیا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین، لە کۆتایی ساڵیشدا دەچم بۆ چین، ئەم وڵاتانە هەندێکیان پەیوەندییان زۆر خراپە لەگەڵ یەکتری، بەڵام زۆر پێیانخۆشە کە یەکێتی ئەو سەردانانە دەکات، کە ئەو پەیوەندییانەی هەیە، زۆرجار توانیومانە هەندێک گرفتی بچووک هەیە لەنێوانیاندا ئێمە بیسڕینەوە، من لەوێش ئەوەم پێ دەوترێت، زۆر ناخۆشە، بۆیان باسکردووم، ئەم مەسەلانەی کە ئێمە گلەیی لێ دەکەین، یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تریش رای جیاوازمان هەیە، خۆشبەختانە لەسەر چەند شتێک بیروڕامان وەک یەکە، وەك پاراستنی هەرێم، رێزگرتن لە خەڵکەکەمان، کوردستان بۆ پێشەوە ببەین، ئارامی و ئاسایش بۆ میللەتەکەمان دابین بکەین، لەم بابەتانەدا ئێمە یەکین، جیاوازیمان لە بابەتەکانی تر با بە شتی خراپ سەیری نەکەین، با بە شتێکی چاک سەیری بکەین، ئەگەر نییەتمان باش بێت، ئەگەر حکومەت حکومەت بێت و وەکو چەک بەکارنەهێنرێت، ئەگەر دادگا دادگا بێت وەکو چەک بەکارنەهێنرێت، لەناو کابینەی حکومەت، لەناو پەرلەمان ئەم بیروڕا جیاوازانە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین و دەتوانین دەوڵەمەندی بکەین و رەئی بدەین و لە ناوەڕاست یەکبگرینەوە و متمانە دروست بکەین، من پێشبینی ناکەم حزبێک هەبێت کە بە ئەنقەست بیەوێت ئازاری میللەتەکەی خۆی بدات، بەڵکو ئەو حزبانە پێویستیان بەوەیە زیاتر متمانەیان بەخۆیان هەبێت، تا هەندێک ئازادی بدەن. جا ئێمە پێکەوە دەتوانین بەرنامەیەکی لەوجۆرە دابنێین.
*کە هەندێک جار کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆدەبنەوە، ئەم بابەتانەیان لەگەڵدا باس دەکەن و گلەییەکانی خۆتانیان پێ دەگەیەنن؟
-دەیگەیەنین و زۆر جاریش رەئییەکانمان زۆر زۆر نزیکن لەیەکەوە، تەنانەت هەندێک جار کە رێککەوتنەکانمان دەگەنە قۆناغی جێبەجێکردن، لەوێ تووشی ئاستەنگ و کۆسپ دەبین.
*کاک بافڵ لە ئەمریکا بوون، خۆشتان دەزانن ئەمریکا وڵاتێکی دیموکراتە، زۆر بەلایانەوە گرنگە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، تێڕوانینیان لەسەر دواکەوتنی هەڵبژاردن چی بوو، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردنەکە بکرێت؟
-ئەوان، ئەمریكییەكان، لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردن بکرێت و بەزووترین کاتیش بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدان کە هەموو لایەک بەشداربێت، زۆر راشکاوانەش پێت دەڵێم، زۆرکەس کە لە ئەمریکا و هەموو وڵاتەکانی تر کە سەردانم کردوون بەلایانەوە سەیر بووە کە حزبێک لەخۆیەوە ئەو رەئییەی هەبووە کە هەڵبژاردن دوابخرێت، باسی ئەوەیان کرد کە یەکەمجار لەبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی بووە، نەخێر کرۆنۆڵۆجییەکە روونە، دەنگدانەکە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی درا، هەندێک لایەن باسی ئەوەی کرد کە کێشەی کۆتامان هەیە، نەخێر کێشەی کۆتامان نییە، دوو چارەسەرمان هەیە بۆ کێشەی کۆتا، یەکێکیان ئەوەیە پێنج کۆتاکان دابنرێنەوە كە سیانی لە ناوچەی حزبێکی ترە و دووانی لەم ناوچەیەیە، ئەمە پێشنیازێک بوو، پێشنیازێکی تریش ئەوەبوو کە پێشنیازی خۆمە کە چۆن هەموو حزبێک ناچار دەکرێت کۆتای ژنانی هەبێت، با دیسان ناچاریش بکرێت کە هەموو حزبێک کۆتای پێکهاتەکانی تێدا بێت، هەردوو پێشنیازەکە هەیە، جا فەرموو ئەگەر ئەوە کێشەکەتانە وەرن با لەسەر ئەوە رێککەوین.
شتێکی تریشم وتووە، ئەگەر ئێوە پێشنیازێکی ترتان هەیە، لانیکەم با گفتوگۆی لەسەر بکەین. من پێموایە دواخستنی هەڵبژاردنەکە زۆر زۆر خراپ لەسەر ئەو حزبە کەوت، بەڵام نەچووە بچێت، ئاساییە، ئەمە سویسرا نییە، کێشەی وا هەیە.
پەیامی یەکێتی ئەوەیە ئێمە حەزمان لە هەڵبژاردنە، پەلەشمانە بۆ هەڵبژاردن، ئەنجامێکی زۆر زۆر باشیش دەهێنین لە هەڵبژاردنەکە، هەر رەنگە ئەوەش یەکێک بێت لە هۆکارەکان کە هەندێک لایەن دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخەن.
*کاک بافڵ خۆتان وەکو یەکێتی ئامادەکاریتان چۆنە بۆ هەڵبژاردن؟
-من دەتوانم بڵێم کەس لەناو یەکێتی کە لەناو ئەو دۆسێیەدا کاردەکات لەگەڵ من، کەسێکیان نەبووە کە بڵێت هیچ جارێکی تر هەبووە کە یەکێتی بەو جۆرە ئامادەبووبێت بۆ هەڵبژاردن، ئێمە ساڵێک و شەش مانگە بەرنامەی خۆمانمان ئامادەکردووە، تاقیشمان کردەوە لە هەڵبژاردنی پرۆڤێنسەکان، کە توانیمان بیسەلمێنین لەو هەڵبژاردنە ئێمە حزبی ژمارە یەکی کوردستان بووین، کە خەڵکی تر پێشبینیی دەکرد ئێمە پێنج کورسی بهێنین، هەر لە کەرکوک شەشمان هێنا، ئەمە ئەو بەرنامە نوێیەیە کە ئێمە کارمان لەسەرکردووە و هەمان بەرنامە کە ئێستە تاقیکراوەتەوە چەند گۆڕانکارییەکی تێدا دەکەین بۆ هەڵبژاردنی کوردستانیش هەمان بەرنامە بەکاردەهێنین و زۆر گەشبین و دڵخۆشم.
خۆشبەختانە لەسەر چەند شتێک بیروڕامان وەک یەکە، وەك پاراستنی هەرێم، رێزگرتن لە خەڵکەکەمان، کوردستان بۆ پێشەوە ببەین، ئارامی و ئاسایش بۆ میللەتەکەمان دابین بکەین، لەم بابەتانەدا ئێمە یەکین
*رستەیەکت هەیە بەناوبانگە، کە دەڵێیت «ئەمانەوێ بیبەینەوە»؟
-کەس هەیە بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە یان یارییەکەوە کە نەیەوێت بیباتەوە؟ من پێشبینی دەکەم لەم هەڵبژاردنە دەنگمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نزیک دەبێتەوە، دەنگی پارتی دادەبەزێت دڵنیاتان دەکەمەوە، بەڵام ئامانجی من، بێ ئەملاو ئەولا، ئەوەیە کە یەکێتی ببێتە حزبی ژمارە یەکی کوردستان، بەتایبەتی ئەگەر لەم سیاسەتە بەردەوام بین، ئەگەر میللەتی کورد هێزمان بدەنێ، کە ئێمە بتوانین لەناو ئەم حکومەتەدا بەهێزتر بین، ریفۆرمی زیاتر بکەین، زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، ئەو ئازادییە بگەڕێنینەوە کە ئێمە فێری بووین و خەڵکی ئێمە داوای دەکات، من ئامانجم ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنەی دێت یەکێتی ببێت بە حزبی پلە یەکەم و پێشموایە پێمان دەکرێت.
*کاک بافڵ با پرسیارێک لە بواری میدیادا لە بەڕێزتان بکەم، من هەموو بەیانییەک لە کوردستانی نوێ ستافەکەم کۆ دەکەمەوە لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ بۆ دانانی پلانی رۆژی دواتر، لەسەر دیواری ساڵۆنەکە تابلۆیەک هەیە، تابلۆکە وێنەیەکی مام جەلالی تێدایە لەگەڵ وتەیەکیدا، لە وتەکەیدا دەڵێت: «ئەگەر کەسێک ویستی رەخنە لە یەکێتی بگرێت پێمخۆشە لە کوردستانی نوێدا بڵاو ببێتەوە و لە منیشەوە دەستپێبکات»، پرسیارەکە ئەوەیە کە کاک بافڵ لەگەڵ ئەوەدایە کە ئازادیی بۆ میدیا زۆر گرنگە؟
-من بڕوام نەک بە ئازادیی میدیا هەیە، بەڵکو بڕوام بە ئازادیی بۆ هەموو شتێک هەیە، من باوەڕم بەوەیە کە خەڵک چی دەوێت بتوانێت بیڵێت، جا خۆی بە شێوەی ئیتیک دەیڵێت دەستی خۆش بێت، بە شێوەی ناشیرین دەیڵێت، خۆی زەرەر دەکات، من زەرەر ناکەم، هەرگیز کێشەم نەبووە لەسەر ئەوە، بەداخەوە ئێستا لە کوردستان لەلای هەندێک لایەن قبووڵکراو نییە.
هەستدەکەم لە زۆر بواردا نەک بۆ پێشەوە ناڕۆین، بەڵکو بۆ دواوە دەڕۆین، وەک ئازادیی نووسین، ئازادیی فیکر، ئازادیی ئایین، لەمانەدا بۆ دواوە دەڕۆین!
*ئێمە ئێستا لە میدیای یەکێتی ئاراستەیەکی کاری میدیاییمان گرتۆتەبەر کە هێواش هێواش ببێت بە پلاتفۆڕم و سەکۆیەک بۆئەوەی خەڵک خۆی تێدا ببینێتەوە، چاوەڕوانییەکانی و کێشەکانی کە هەیەتی، واتە کێشەی ژیانیان لە رێگەی کەناڵەکانی ئێمەوە بخرێتەڕوو لەجیاتی ئەوەی لە کەناڵی ئۆپۆزسیۆنەوە باسبکرێت کە هەندێکجار زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت، یان هەندێک جار بە مەبەستی سیاسی پارتی دەسەڵاتداریشی تێدا بشکێنرێتەوە، ئایا بڕوات بەوە هەیە کە کەناڵەکانی یەکێتی خۆشیان رۆڵیان هەبێت لە خستنەڕووی ئەو رەخنە و کێشانە؟
-خۆی راگەیاندن دەبێت وابێت، بەتایبەتی راگەیاندنی حزبێکی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خۆی بڕوای بە ئازادیی و دیموکراسییە، جەنابت باسی ئۆپۆزسیۆن دەکەیت، یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لای ئێمە هەندێک جار هەندێک ئۆپۆزسیۆن هەردەبێت بەوەی کە خەڵک پێیان پێدەکەنێت «لەگەڵ رێزمدا، پێم خۆش نییە بێڕێزی بەرامبەر هیچ لایەنێک بکەم»، بەڵام پۆپۆلیستییانە كۆمەڵێك بەڵێن دەدرێت جێبەجێ ناکرێت، قسە دەکەن و ناتوانن جێبەجێی بکەن، ئەم شتانە باس دەکرێت و هیچ ناکرێت. خۆزگە ئۆپۆزسیۆنەکەمان رێکوپێکتربوونایە، ئێستا چەند لایەنێک دروستبوون وەک بیستوومە، قسەکانیان واقیعیترە، رێکوپێکترە، هەر بەزمانێکی جوان دەتوانن رەئی خۆیان بڵێن.
کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە، نەک ئۆپۆزسیۆنێکی زمان ناشیرین و زمان زبر، ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەبێت چاودێری حزبە دەسەڵاتدارەکان بێت، دەبێت لە پەرلەمان بتوانێت چاودێر بێت لەسەر ئەو حزبانەی لەناو حکومەتدان، بۆیە دەیڵێمەوە کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام خوازیارین ئۆپۆزسیۆنێک بێت خەڵک شانازیی پێوە بکات.
* وێنەیەك لەسەر تۆ بڵاوبۆتەوە کە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیت لەگەڵ هەموو حزبەکانی کوردستان و عیراقیش، ئاخۆ ئەمە بەبڕوای تۆ پڕەنسیپە لە ئیشکردن، بڕوات پێیەتی؟ تا چەند وەڵامدانەوە و بەدەنگەوەهاتن هەبووە بۆ ئەم شێوازی کارە؟
-من باوەڕم بەوەیە کە دەبێت لەگەڵ هەموولایەک قسە بکەیت، ئەوە گرنگترین كارە، تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشت، سەرەتا لەگەڵ دۆستەکان، دواتر لەگەڵ دوژمنەکانت، دەبێت یەکتری بناسن و لەیەکتری تێبگەن، دەبێت بزانیت ئەمە چییە، چۆن دەتوانیت کاریگەریی لەسەر دروست بکەیت، چۆن دەتوانیت رێکبەویت لەگەڵیدا؟ تەنانەت ئەگەر بتەوێت بیڕووخێنیت، دەبێت لێی تێبگەیت.
یەکێک لە گرفتەکانی چەند وڵاتێکی زۆر گەورە ئەوەیە کە هیچ دیالۆگێکیان نییە لەنێوان یەکتریدا، ناشزانن یەکتری ئازار بدەن، جا ئیتر چۆن رێکدەکەون لەگەڵ یەکتریدا؟ من زۆر باوەڕم بە دیالۆگە، یەکێک لەو شتانەی کە لە جەنابی مام جەلال فێربووین (کە هەرگیز ناتوانین وەکو ئەو بکەین، چونکە کەس نەیتوانیووە وەک ئەو بکات)، بەڵام من پێموایە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ زۆرترین لایەن و وڵات هەیە، زیاتر لە هەموو حزبەکانی کوردستان پەیوەندییەکانی باشترە.
ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ زۆرترین لایەن و وڵاتدا هەیە، زیاتر لە هەموو حزبەکانی کوردستان پەیوەندییەکانی باشترە
*کاک بافڵ تۆ بەوە ناسراویت کە زۆر بایەخ بە گەنجان و خوێندکاران دەدەیت؟
-دەبێت وابێت و دەبێت وابکەین، چونکە ئەوە ئایندەی وڵاتەکەمانە، فەرامۆش کراون، من دڵم دەشکێت کە گەنجان کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا و لەناو پاپۆڕدا نووقم دەبن، ئەوە هەڵەی خۆمانە، هی هەموو حزبەکان و یەکێتیش، بەڵام سەیرە هەر یەکێتی ئەو حزبەیە کە دەڵێت من دەزانم هەڵەم کردووە، من داوای لێبوردنتان لێدەکەم، دەرفەتێکم بدەنێ چاکی دەکەمەوە.
*یەک دوو شتی دیکە هەیە وەکو پرسیار ئاراستەی جەنابتی دەکەم، یەکەمیان دوێنێ لە هەفتەیادی یەکێتیدا ئێمە لە کوردستانی نوێ رۆژانە میتینگمان هەیە، هەرجارە کەسێکی شارەزا و پسپۆڕ یان ئەکادیمی بانگ دەکەین لەسەر قۆناغێکی یەکێتی قسە دەکات، دوێنێ یەکێک لە میتینگەکانمان هی کەسێکی ئەکادیمی بوو، خۆشی یەکێتییە، لەسەر رۆڵی ژن قسەی کرد لەناو یەکێتیدا، هەندێک تێبینیی رەخنەگرانەی هەبوو، وتی: هیوادارم وەکو راسپاردەیەک بگاتە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، ئەو هەستی دەکرد کە پێویستە رۆڵی ژنان لەناو یەکێتیدا باشتر بێت، و کوالیتی کادری ژن رەچاو بكرێت، هەروەها لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن خەڵک ببرێتە پێشەوە، لەو رووەوە چی دەڵێیت؟
-منیش لەگەڵ ئەوەدام، جارێ بۆ مەسەلەی هاتنەپێشەوە بڕوام بە پرەنسیپێک هەیە پێی دەوترێت مێریتۆکراسی Meritocracy، کە خەڵک بە شایستەیی و بەهرەی خۆی بێتە پێشەوە، ئەوەش شتێکە کە هەوڵمانداوە لەناو ئەم سەرکردایەتییەدا جێبەجێی بکەین، بەڵام رۆڵی ژنان زۆر زۆر گرنگە، ژنی زۆر بەتوانا و بەهێزمان هەبووە لەناو حزبەکەدا، ئێستاش هەمانە، سەیری مەکتەبی سیاسییەکانمان بکە، سەیری سەرکردایەتییە ژنەکانمان بکە، با پیاوان زویر نەبن، لە زۆر بواردا شارەزاتر و باشتر کاردەکەن لە پیاوەکان، کە لەو رووەوە من دەستخۆشیان لێ دەکەم، بەڵام ژمارەیان کەمە، لەبواری پێگەیاندنی کادراندا بەرنامەیەکی زۆر باشمان هەیە و خولمان بۆ ئامادەکردوون، منیش پێمخۆشە رۆڵی ژنان و گەنجان (با گەنجانیشمان لەبیرنەچێت) زیاتر بێت، بەڵام من بڕوام بەوەیە ژن دانەنێین لەبەرئەوەی ژنە و گەنج دانەنێین لەبەرئەوەی گەنجە، بەتەمەن دانەنێین لەبەرئەوەی بەتەمەنە، دایاننێین لەسەر ئەو بنەمایەی کە بەتوانان، بە پرەنسیپی مێریتۆکراسی.
تا ئێوە ئازابن و ئازادبن و رێگە بدەن خەڵک رەخنەمان لێ بگرێت من ئامادەم لەگەڵتاندا دابنیشم، کەی وەکو هەندێک میدیای لایەنی ترتان لێ هات هەر مەرحەباشتان ناکەم
*کاک بافڵ ئەم ماوەیە بۆ مەسەلەی مووچە و ژیانی خەڵک زوو زوو دەچوویت بۆ بەغدا، خەڵکیش شایەتی ئەوەت بۆ دەدەن، ئایا دەتوانیت دڵناییەک بدەیت بە خەڵک کە ئەو بابەتە لای ئێوەوە بە جددی وەرگیراوەو نوێنەرانی یەكێتی بەردەوام دەبن لە پەرۆشییان بۆی؟
-من دەتوانم ئەوە بڵێم کە رەنگە هەر پێویست نەکات بیڵیم، کەس نییە لە کوردستان نەزانێت کە ئێمە چەند ماندووبووین بۆ ئەو پرۆسەیە، ئیشاڵڵا ئەوانەی تر کە لە حزبەکانی تردا بەدەسەڵاتن، بتوانن رێکەوتنێکی کۆنکرێتی جێبەجێ بکەن کە بەرژەوەندیی میللەتەکەمان بخەنە پێش بەرژەوەندیی خۆیان، بەداخەوە هێشتا پێموانییە کە هەموولایەک ئەو بەرنامەیەی هەبێت.
*پرسیار زۆرە، بەڵام ئەوەی گرنگە بیکەم ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر لە تێکۆشەران، کەسوکاری شەهیدان، دۆستان و لایەنگرانی یەکێتی، دەیانەوێت لەسەر زمانی کاک بافڵ دڵنیاییەکیان هەبێت سەبارەت بە ئێستا و ئایندەی یەکێتی، ئایا ئێستا ئێوە بە دڵنیایی و گەشبینییەوە هەنگاوەکانتان دەنێن؟
-دڵنیایان دەکەم و لەسەر سەر و لەسەر چاومان دایاندەنێم.
*زۆر سوپاس، هیوادارین ناوبەناو ئەو دەرفەتە هەبێت لە رێی رۆژنامەی کوردستانی نوێ-وە بتوانن پەیامی یەکێتی بگەیەننە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
-تا ئێوە ئازابن و ئازادبن و رێگە بدەن خەڵک رەخنەمان لێ بگرێت من ئامادەم لەگەڵتاندا دابنیشم، کەی وەکو هەندێک میدیای لایەنی ترتان لێ هات هەر مەرحەباشتان ناکەم.