20 هەزار منداڵی ئیشکەر لە هەرێمن...

لێپرسینەوە لە ئیشکردن و سواڵکردن بە منداڵان

09:28 - 2024-06-02
ڕاپۆرت
352 جار خوێندراوەتەوە
رێژەی ئیشکردن بە منداڵان کاتی داخستنی خوێندنگە زیاتر دەبێت

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


رۆژهات کوڕێکی تەمەن 12 ساڵە لەگەڵ برا حەوت ساڵەکەی لەناو بازاڕ ئاویان دەفرۆشت و وتی: دەزانم 1/6 رۆژی ئێمەیە، دایکم پێی وتم رۆژی خۆتانە و کە هاتنەوە لە ئیشکردن پیتزاتان بۆ دەکڕم.
رۆژهات لە خێزانێکی حەوت کەسیدا ژیان بەسەردەبات، ئاوارەی خۆرئاوای کوردستانن و ساڵانێکە لە سلێمانی دەژین، باوکی کە دێت بۆ ناوبازاڕ بۆ کاری دەستگێڕی ئەویش لەگەڵ خۆی دەهێنێت و وتی: کە خوێندنگە تەواو دەبێت لەناو بازاڕ ئاو دەفرۆشم، براکەشم ئەمە چەند رۆژێکە لەگەڵم یەت، زوو لە خەو هەڵەسێت و ئەگری حەزی لێیە لەگەڵ من ئاو بفرۆشێت بۆیە هێناومە.
وتیشی: ئەو پارەیەی لە ئاو فرۆشتن دەستم دەکەوێت، دایکم بۆم هەڵەگرێت، هەرچیم پێویست بێت لە جلوبەرگ بۆم دەکرێت و ئەوی تریشی بۆ کاتی کردنەوەی خوێندنگە خەرجی دەکەم، دایکم دەڵێت: ئەگەر بەشی خەرجی خۆشت پارە پەیدا بکەیت و ئەرکێک لەسەر باوکت کەم ببێتەوە هەر باشە.

تەمەنی ئیشکردنی منداڵ لە عیراق
بەپێی رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵان، منداڵ هەر کەسێکە کە تەمەنی لەخوار 18 ساڵە، بەپێی رێککەوتننامەکە، هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە ئیش نەکات و ژیانی دەستەبەر کراو و  پارێزراوبێت.
هەر ئەوان نەبوون لەناوبازاڕ چەندین منداڵی تری لێیە کلینیکس و ئاوی سارد دەفرۆشن، زۆربەیان دەیانزانی رۆژی جیهانی منداڵان کەیە و ئاگاداربوون، بەڵام هاتبوون بۆ ئیشکردن.
کاروان حسێن دوکاندارە لەناو بازاڕ وتی: ئەو منداڵانەی لەناو بازاڕ ئیش دەکەن هەڵسوکەتیان وەک منداڵی ئاسایی نییە، شەڕانین و جنێو زۆر دەدەن، بۆیە دوکاندارەکانیش لێیان بێزارن، بەڵام هیچ دەسەڵاتمان نییە.
لە یاسای کاری عیراقی ساڵی 1987 دا بەڕوونی باس لەوەکراوە منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ نابێت بەهیچ شێوەیەک کاریان پێ بکرێت و منداڵانی تەمەن سەروو 15 ساڵیش نابێت کاری قورسیان پێ بکرێت.

رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان:  رێژەی ٪98 ئەو منداڵانەی ئیش دەکەن منداڵی خێزانە ئاوارەکانن

ئیشکردن و سواڵکردن بە منداڵ تاوانە
وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئامارێکی منداڵانی ئیشکەری تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە جیاوازانەی لە رێکخراوەکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە منداڵانەوە بە دەستی گەیشتووە پێی وایە نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە هەرێمی کوردستان ئیش دەکەن کە هەندێکیان ئیشەکانیان قورسە و رێژەکەش لە کاتی داخستنی دەرگای خوێندنگەکاندا زیاتر دەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک سواڵکردن و ئیشکردن بە منداڵان قەدەغەیە و رێکاریی یاسایی دەگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی سواڵ یاخود کار بە منداڵان دەکەن.
وتیشی: پاش پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە بەخێوکەری منداڵەکە ئەگەر لەسەر سواڵ پێکردن یان کارپێکردنی بەردەوام بوو رێکاری یاسایی توند بەرامبەر کەسی بەخێوکەر دەگیرێتەبەر، لەبەرئەوەی ئەو کارە دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە منداڵانەوە.
لە شارەکانی هەرێم جگە لەناو بازاڕ لە هەر ترافیک لایتێک دەوەستیت ژمارەیەک منداڵی لێیە ئاو و کلینیکس دەفرۆشن یان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم جامی ئۆتۆمبێلەکان پاک دەکەنەوە.
ئاریان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو منداڵە ئیشکەرانەی  تۆمارکراون خەڵکی سووریا و پارێزگاکانی دیکەی عیراقن، زۆر بە کەمی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان تێدایە.

 

 پارێزگاری سلێمانی:  بە هەموو شێوەیەک سواڵکردن و ئیشکردن بە منداڵان قەدەغەیە و رێکاریی یاسایی  بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر

پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە بەخێوکاران
لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک لە قایمقامیەتی شارەکان هەیە بۆ چاودێریکردن و پاراستنی ئەو منداڵانەی لە شەقام و شوێنە جیاوازەکاندا ئیش دەکەن، لەکاتی چاودێریکردنی منداڵەکاندا دەربکەوێت هەر منداڵێک خێزانەکەی باری دارایی باشەو وەک فێربوون کار بە منداڵەکە دەکەن دەبرێنە پۆلیسی نەوجەوانان و بەڵێننامە بە بەخێوکارەکانیان پڕ دەکرێتەوە کە کاریان پێ نەکەن و لە حاڵەتی چەندبارە بوونەوەدا سزای بەخێوکارەکان دەدرێت کە بەپێی یاسا سزای مادی و تا بەندکردنیشی تێدایە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: ئەنجومەنێک پێکدەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو خێزانەی کار بە منداڵەکەی دەکات و ئەگەر دەرکەوت بەڕاستی دۆخیان خراپە هاوکاری دەکرێن، خۆ ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت خێزانی منداڵەکە خەڵکی دەرەوەی هەرێمن دەنێردرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.
کاتێک دەگەڕێیت منداڵانی ئیشکەر لە هەموو تەمەنە جیاوازەکاندا دەبینیت و بەپێی بەدواداچوونێکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان رێژەی ٪98 ئەو منداڵانەی ئیش دەکەن منداڵی خێزانە ئاوارەکانی پارچەکانی تری کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقن و رێژەی ٪2 منداڵانی دانیشتوی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
لە ماوە رابردوودا ناوبەناو لە رێگەی لیژنەی قایمقامییەت و هێزە ئەمنییەکانی شارەکانەوە ئەو منداڵانەی بەتایبەت لە ترافیک لایتەکاندا کار دەکەن دەستگیردەکرێن و بەڵێننامە بە کەسوکاریان پڕ دەکرێتەوە کە نەیاننێرنەوە سەر شەقامەکان، بەڵام بەو هەنگاوە نەتوانراوە ئیشکردن و سواڵکردن بە منداڵان بە تەواوی قەدەغە بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان