1600 کتێبی پیاهەڵدان پووچەڵ دەکاتەوە

چەرچڵ داوای کردووە کوردستان بە کیمیایی بۆردومان بکرێت!

09:23 - 2022-06-18
ڕاپۆرت
862 جار خوێندراوەتەوە

ندا حطیط

ئا: ئارێز حسێن

 تاریق عەلی بیرمەندی چەپی بەریتانی کە بە رەگەز پاکستانییە، نوێترین ژیاننامە لەبارەی وینستۆن چەرچڵ-ی سەرکردەی مێژوویی بەریتانیاوە دەنووسێت و خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ گێڕانەوەیەکی ژیانی چەرچڵ تەواو پێچەوانەی ئەو ژیاننامە باوەیە کە کتێبەکان و رۆژنامە میللییەکانی بەریتانیا لەبارەی ئەو کەسایەتییەوە تۆماریان کردووە.
ئاوەژووکردنەوەی مێژوو
بەپێی ئەوەی تائێستا لەبارەی چەرچڵ-ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانەوە  بیستراوە گوایە باشترین سەرکردەی ئەو وڵاتە بووە و وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی ناسێنراوە، بەڵام تاریق عەلی ئەرکێکی سەختی ئاوەژووکردنەوەی ئەو مێژووەی لە ئەستۆگرتووە بە پێی بەڵگەنامەی ئەرشیفی خودی بەریتانیا.
یەکێک لە زەحمەتیی و قووڵی کێشەکان ئەو تێڕوانینە باوەیە کە لەبارەی ئەم کەسایەتییەوە زاڵە بەسەر کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەدا. تائێستا 1600 کتێبی توێژینەوە لەبارەیەوە نووسراون، بەڵام هیچیان لەو هێڵە گشتییە لایان نەداوە کە وەک ئەفسانەیەک و نموونەی باڵا نیشانی دەدەن.
بۆ تێگەیشتن لە راستیی ئەو سەرکردەیەی جەنگی دووەمی جیهان، زەحمەتییەکە زیاتر لەوەدایە خۆی نەماوە و هاوتەمەنەکانیشی یان لە ژیاندا نەماون یان بیرەوەرییان نەماوە، بۆیە ئەگەر هەر یەک هەرزەکار لە پێنج  هەرزەکاری بەریتانی بپرسیت، ئەوا تێڕوانینێکیان بۆ دروستبووە لە ئەنجامی ئەو سەردە مێژووییانەوە کە سەرکردەیەکی خەیاڵییە و لە ئاسمانەوە دابەزیووە، وەک ئەوەی پاڵەوانی رۆمانەکان بێت، چونکە هەرخۆی گرنگی پێدان بە چەرچڵ لە نێو نەوەی نوێدا گرنگیی نەماوە.
کاتەکانی و تاوانەکانی
لە کتێبی (وینستۆن چەرچڵ ... کاتەکانی و تاوانەکانی) هیچ کام لەو ستایش و پیاهەڵدانانە نادۆزیتەوە گوایە دەوڵەتمەدار بووە  یاخود باشترین بەریتانی بووە لە مێژوودا، یان گوایە فەرماندەیەکی سەربازیی بلیمەت بووە، تەنانەت ئاماژە بەوەش نەکراوە ئەو فەرماندەیەکی سەرسەخت بووە کە بەریتانیا و جیهانی لە نازیزم و فاشیزم رزگارکردووە، بەڵکو لەبری ئەوە، چیرۆکی سیاسییەکی راستڕەوی دەمارگیر بەدی دەکرێت، چیرۆکی پەڕگیرێک لە جەنگدا دەبینیت لە داگیرکاریدا تا رادەی پیادەکردنی تاوانی جەنگ و بە حەماسەوە جەنگ بەرپادەکات و سەربازەکانی دەنێرێت بەرەو لەناوچوون بە پێچەوانەی ئامۆژگاریی دەستوپێوەندەکەشیەوە. 
ئەو نموونەیەکی دێرینە لە پیادەکردنی سەرکوتی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کۆڵۆنیاکانی ژێر دەستی بەریتانیای عوزماش. 
لێرەدا ئەو پرسیارە لای پسپۆڕانی مێژوو سەرهەڵدەدات کە ئاخۆ باوەڕ بە کام لەو وێنا تەواو پێچەوانانە بکەن؟ 
راستیی لە کوێدایە؟
ئاخۆ هەر لە وشەی (تاوانەکانی)یەوە کە لەسەرەتای کتێبەکەی  تاریق عەلی-ەوە باسکراوە و تا کۆتایی کتێبەکە تاوانەکانی ریزکردووە، دەکرێت خوێنەر لەبەردەم 1600 کتێبدا کە بۆ ستایشکردنی دەرچووە، چ پرسیارێکی لەلا دروستببێت و نەڵێت کەواتە راستیی لە کوێدایە؟ بەتایبەتی بزانن نووسەری کتێبەکە کەسێکی چەپ و نەیاری رەوتە سیاسییەکەی چەرچڵە؟
بێگومان چەرچڵ لەدایکبوون و پەروەردە و گەشەکردنی بەبێ ویستی خۆی کەسێکە بەسروشتی کوڕی بنەماڵەیەکی دەستەبژێری رەگەزپەرستی بەریتانیایە کە بوێریی ئەوەی کردووە جەنگ لە دژی گەلانی لاواز بەرپا بکات. ئەو لە خانەوادەیەکی بەڕەچەڵەک ئۆرۆستۆکراتدا لەدایکبووە و هۆشیاریی سیاسیشی بەو ئاراستەیە گۆشکراوە، هەربۆیە تۆماری لاوازی ئاستە ئەکادیمییەکەی  نەبۆتە رێگر لەبەردەم گەشەکردنی ژیانە پیشەییەکەی وەک رۆژنامەنووس و دواتر وەک سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدار، بەڵکو ئەوە لە ئەنجامی ململانێ و جەنگ و سەروەربوونی بەریتانیادا بەدەستهاتووە.
کێشەی ئیمپریالیزمدا
لە سەروبەندی گەشەکردنیدا بەریتانیا لە گەرمەی کێشەی ئیمپریالیزمدا بوو، بۆیە دەرفەت کراوەبووە لەبەردەم کەسانی وەک چەرچڵدا، هەربۆیە لەوکاتەدا بە جەنگی سودان و باشووری ئەفریقاوە پەیوەست بووە و لەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیشدا یەکێک بوو لە سیاسەتمەدارە بەهێزەکان لەناو حکومەتی بەریتانیادا و فەرماندەی گەورەترین هێزی دەریایی بووە لە جیهاندا.
ئەو یەکێک بووە لەوانەی رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە هاندان بۆ جەنگ کە تاکلایەنە بەر لە هەفتەیەک بڕیاریداوە بۆ داگیرکردنی بەلجیکا.
 بەو پێیەی پاڵنەری چەرچڵ بۆ جەنگ و دوژمنکاریی هەرگیز لە ئەنجامی بلیمەتی سەربازیی نەبووە، چونکە ناشێت چاو لەو بڕیارە گەمژانەیەی بپۆشرێت سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەریای رەش داوێتی سەرەڕای ئامۆژگاریی فەرماندەکانی سوپا، ئەوەش بە شکستخواردووترین جەنگ هەژماردەکرێت لە مێژووی بەریتانیادا و لە ئەنجامدا 45 هەزار سەربازی بەریتانی و ئوسترالی و نیوزلەندی و هیندی کوژران و بەو هۆیەشەوە ناچارکرا پۆستەکەی بەجێبهێڵێت.
تاریق عەلی تەنها بەو شکستە ئابڕوبەرانەیەی چەرچڵ لە جەنگی کەنارەکانی دەردەنیل لێناگەڕێت و تۆماری تاوانەکانی تری چەرچڵ دەخاتەڕوو  و باس لە ریسواییەکانی دیکەی دەکات لەو کاتەی وەزیری جەنگ بووە کە چۆن رۆڵی بینیووە لە  جەنگی سەربەخۆیی ئێرلەندادا کە تائێستاش دابەشکردنی ئەو وڵایە بەردەوامە.
دوای جەنگی یەکەمی جیهان 
هەروەک باسی ئەوە دەکات چەرچڵ لەدوای جەنگی یەکەمی جیهان بڕیاریداوە چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی باشووری کوردستان بەکاربهێنرێت و هانی جەنگی ناوخۆی لە روسیا داوە لە دوای شۆڕشی بۆڵشەفیکەکان و هۆکاربووە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کۆمۆنیستەکانی یۆنان لە ساڵی 1945 و هەروەها هانی کودەتای داوە لە دژی حکومەتەکەی محەمەد موسەدەق لە ئێران و ئابڕوچوونی چەوساندنەوەی کینییەکان لە سەروبەندی جەنگی سەربەخۆییدا لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا.
لەبارەی ئەوەشەوە کە باسی دەکرێت وەک پاڵەوانی جەنگی دووەمی جیهان، تاریق چەند راستییەک دەخاتەڕوو ئاماژەن بەوەی پارتی پارێزگاران و راستڕەوەکان رایان وابووە بەریتانیا لە جەنگەوە نەگلێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئامادەبوون هاوسەنگیی هێز لەگەڵ ئەڵمانیادا رابگرن، بەڵام چەرچڵ لەپشت تێوەگلانی وڵاتەکەیەوە بووە لەو جەنگەدا. ئەوەش بۆتە مایەی سەرسوڕمانی چاودێران، چونکە بەو هۆیەوە ملیۆنان سەربازی بەریتانیا رەوانەی جەنگ کراون و بەوەش رۆڵی هەبووە لە وێرانبوونی ئەوروپا و دابەزینی قورسایی وڵاتەکەی لە بەرژەوەندیی هەڵکشانی هەردوو جەمسەری ئەمریکا و سۆڤیەت.

مێژووی سیاسی ناوخۆیی
مێژووی سیاسیی ناوخۆیی چەرچڵ زۆر لە تۆماری خوێناوییەکەی لە جیهاندا باشتر نییە،  بەڵکو فەرمانی تەقەکردنی لە کرێکارە مانگرتووەکانی  تونیباندی لە ساڵی 1910 دا و بە بەکارهێنانی هێز گەورەترین مانگرتنی کرێکارانی بەریتانیای لە ساڵی 1926دا سەرکوت کردووە. هەروەها خودی خۆی لەپشت رووداوی شەقامی سیدنییەوە بوو کە بووە هۆی کوژرانی دوو جولەکەی ئەنارکین بە سووتاندن. 
هەموو ئەوانە و سەرباری لایەنگیریی چینایەتی و رەگەزپەرستی وەک رقلێبوونەوەی توندی چەرچڵ لە چینی کرێکار و رەگەزپەرستیی ئاشکرا لە دژی گەلانی کۆڵۆنیاکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و جولەکەکان.
  گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدا نییە ژیاننامەی ئەم کەسە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت و پەیوەستیش نییە بە مێژووی ئەو رووداوانەوە کە ئەو بەشێک بووە لێی، بەڵکو گرنگییەکەی لە دەرخستنی ئەو مەترسییەدایە کە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی وەک بەریتانیا کەڕبێت لە ئاستی ئەو راستییانەدا سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین سیاسەتمەدارەکانی لە مێژوودا و دیوارێکی خەیاڵیی بە دەوردا هەڵچنیووە بە بەرزایی 1600 کتێب و پێوەی ئالودەبوون، لەکاتێکدا بەریتانییەکان بە یەکێک لە گەلە دەوڵەمەندەکان هەژماردەکرێن لە رووی کەلتورییەوە، بەڵام چاوەڕوانی کۆچەرێکی پاکستانین چیرۆکە پێچەوانەکەیان بۆ بنووسێتەوە!

سەرچاوە:
 رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ی ژمارە 15899 ی رۆژی 9/6/2022

بابەتە پەیوەندیدارەکان