میدیا و ئەركی پاراستنی ژینگە

10:09 - 2024-06-04
ژینگە
820 جار خوێندراوەتەوە
دەبێ کەرەستەی هاوچەرخمان بۆ کووژاندنەوەی ئاگر هەبێت

فەردین كەمانگەر

لەگەڵ كۆتاییهاتنی بەهار و سەرەتای هاوین و دەستپێکردنی گەرما، ئەگەری ئاگركەوتنەوە لە لەوەڕگە و شاخ و کێو و زەوییە كشتوكاڵییەكاندا هەیە. ئەو رووداوانەی كە كاریگەری وێرانكەر لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆیی بەجێدەهێڵن.

 

راگەیاندنەکان دەتوانن لە پەیوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی ژینگەدۆستی و کەلتوری پاراستنی ژینگەدا دەورێکی سەرەکیی ببینین و لە هەموو لایەک کاریگەرتر بن

رەنگە زۆرێك لە ئێمە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوانەمان لە بیر بێ کە لە دەورووبەرمان روویداوە، دەزانین چەند کارەساتێکی گەورەیە و لەوەش خراپتر ئەوەیە بە دەستی بەتاڵ نەمانتوانیوە هیچ بکەین و پێش بە کارەساتەکە بگرین. کاتێ ئاگر لە ژینگە بەر دەبێ هەرچی ئاسەواری ژیانە لەوناوەدا هەمووی لەناو دەچێ، بەڵام رووداوە چاوەڕواننەكراوەكان لە لە سروشت و ژینگەدا حاشا هەڵنەگرن و پێویستە هەوڵبدەین ژمارەی روودان و قەبارەی زیانەكانی ئەو جۆرە رووداوانە بۆ كەمترین ئاست كەم بكەینەوە. پەرەپێدان و بە دامەزراوەییكردنی كەلتوری پاراستنی ژینگە لە كۆمەڵگادا وا دەکا رووداوی لەم چەشنە کەمتر ببنەوە، ئەوەش پێویستی بە پەروەردە و راهێنان هەیە. لەم نووسینە كورتەدا بە مەبەستی کەمکردنەوە ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان و کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی زیانەکان، لە خوارەوە ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم.
یەکەم: سازدانی وۆرك شۆپی پەروەردەیی لە بواری ژینگە و گرنگی پاراستی ژینگە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا.
دووەم: گرنگیدانی زیاتری سیستمی پەروەردەی فەرمی لە رێگەی داینگە و قوتابخانە و زانکۆکان بە بواری ژینگە.
سێیەم: سوود وەرگرتن لە تواناكانی كۆمەڵە و رێكخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی بە مەبەستی بە دامەزراوەییكردنی كەلتوری پاراستنی ژینگە و چەسپاندنی لە بیر و هۆشی تاکەکانی کۆمەڵگادا.
چوارەم:  دابینكردنی كەرەستەی پێشكەوتوو و سەردەمیانە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكان. بۆ ئەوەی کاتێ ئاگرێک لە شوێنێ کەوتەوە هیزەکان بتوانن بە خێرایی کۆنتڕۆڵی بکەن و بیکووژێننەوە.
پێنجەم:  بەكارهێنانی هێزی شارەزا و چالاك لە بواری ژینگەدا، واتە حکومەت لەم بوارەدا کادری شارەزا پەروەردە بکات.
شەشەم: راگەیاندنەکان لەم بوارەدا پشکی شێریان بەردەکەوێ، ئەوان دەتوانن لە پەیوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی ژینگەدۆستی و کەلتوری پاراستنی ژینگەدا دەورێکی سەرەکیی ببینین و لە هەموو لایەک کاریگەرتر بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان