نەریتی (کۆمێنت) نووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

10:19 - 2024-06-04
کەلتور
251 جار خوێندراوەتەوە


عوسمان ساوجی




پێش هاتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەسانی ئاسایی زۆر ئەستەم بوو بتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن بە ژمارەیەکی زۆری خەڵک، ئەوەش بە هۆی فەراهەم نەبوونی سەکۆیەک و بە هۆی ئەوەی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە بوێری ئەوەیان نەبوو لە بۆنەکان و لە بەردەم مایک و کامێراکان لێدوان بدەن، بەڵام دوای ئەو شۆڕشە میدیاییەی لە دەیەی دووەمی ئەم سەدەیەدا رووی لە وڵاتانی جیهانی سێ و لە ناویشیاندا کوردستان کرد، دۆخەکە تەواو گۆڕا. تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بە نزیکەی هەمـوویان دەستیان راگەیشت بە ئامێر و ئامرازەکانی گەیاندن، ئاشنای نووسین و چالاکییە میدیایی و هونەری و زانستییەکانی زۆرێک لە رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و شارەزایان بوون، تەنانەت بوون بە هاوڕێ لەم جیهانە مەجازییەدا، لێرەوە دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا کە (کۆمێنت) بە هەر دوو باری ئەرێنی و نەرێنی بنووسن.

ئەو دەستەواژە جنێوئامێزانە ئەگەر لە جیهانی واقیعدا تەنیا کەسێک یان چەند کەسێک بیانبیستن و بیانبینن، ئەوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەچەند خولەکێکدا دەکرێت هەزاران کەس بیانخوێننەوە و بیانبینن

 ئەگەرچی لە دنیای نووسین و ئەدەبدا رەخنەگرتن هاوشێوەی دەستخۆشی و هاندان پێویستە و گرنگە، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی نووسەر و میدیکار و شارەزایانی بوارە جیاوازەکان بە ئاگاییەوە بنووسن و لێدوان بدەن، بەڵام ئەوەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە (کۆمێنت) نووسین دەگوزەرێت دۆخێکی نائاسایی و ناتەندروستە بە تایبەت لە بوارەکانی ئاین و سیاسەت وەرزشدا، تاکەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و تەمەن و پلەی زانستی ئەوانیتر دەچنە سەر پەڕە و واڵەکان و (کۆمێنت) دەنووسن، ئەوان پرسیار ناکەن، بەڵکو وتار و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان و...هتد بە درۆ دەخنەوە، وشەی زبر بۆ ئەو کەسانە دەنووسن، مۆڕە، قاقا، فرمێسک و دڵی سووریان بۆ دەنێرن بە بێ ئەوەی بیر لە ماناکانیان بکەنەوە.
 پوختەی وتەکە ئەوەیە ئەو دەستەواژە جنێوئامێزانە ئەگەر لە جیهانی واقیعدا تەنیا کەسێک یان چەند کەسێک بیانبیستن و بیانبینن، ئەوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەچەند خولەکێکدا دەکرێت هەزاران کەس بیانخوێننەوە و بیانبینن. لە هەمان کاتدا بە گوێرەی یاسای ژمارە(6)ی ساڵی (2008) لە مادەکانی (1،2،3) سزای حەپسکردن و قەرەبووی داراییان بۆ دانراوە ئەگەر سکاڵا هەبێت.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان