ئا: دڵان سامان
هەندێ لە دایکان و باوکان رەنگە پرسیاری ئەوە بکەن ئایا پێگەی یوتیوب سەلامەتە بۆئەوەی منداڵی بچووک بەکاریبێنێت یاخود نا؟ تەنانەت لە حاڵەتێکدا کاتێک ئاپەکە تایبەتمەند دەکەیت بە تەمەنی خۆیان و بەشێوەیەک دایدەنێیت ڤیدیۆی نەشیاویان نەیەتە بەردەست، یوتیوب یەکێکە لە پێگە هەرە بەناوبانگە ڤیدیۆییەکان لەنێو منداڵاندا، بەڵام دەکرێت بە کارهێنانی لەلایەن منداڵانەوە ببێتە سەرچاوەیەکی ئالوودەبوون؟
یوتیوب بەشێوەیەک دیزاینکراوە وادەکات ئەوانەی سەردانی دەکەن وردە وردە کاتی تەماشاکردنیان درێژ بکاتەوە و خەڵکی ئالوودە دەکات بە ڤیدیۆ کورتەکانەوە
لە شیرینی زیاتر حەزی پێدەکەن!
یەکێک لەو توێژینەوانەی لەسەر 8 هەزار منداڵی ئەمریکی کراوە و لە پێگەی Cision PR بۆ لێکۆڵینەوەکان بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە یوتیوب زۆرترین ناوبانگی هەیە لەنێو منداڵاندا و هەروەها دڵخوازترین کەرەستەی کاتبەسەربردنە لایان، تەنانەت لە خۆشەویستی منداڵان بۆ یارییە چوارگۆشە بچووکەکانی ناسراوە بە لێگۆ و شیرینی پسکیتی ئۆریۆ زیاترە.
جگەلەوە لە راپرسییەکی دوو گۆڤاری The Economist ، Wired دا هاتووە ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە 4 ساڵ کەمترە هەر کاتێکی دەچنە سەر ئەو پێگەیە زیاتر لە سەعاتێک تێیدا دەمێننەوە، ئەو راپرسییە جەخت لەوە دەکاتەوە خوارزمی یوتیوب بەشێوەیەک دیزاینکراوە وادەکات ئەوانەی سەردانی دەکەن وردە وردە کاتی تەماشاکردنیان درێژ بکاتەوە و خەڵکی ئالوودە دەکات بە ڤیدیۆ کورتەکانەوە، بەڵام چۆن دیاری دەکرێت ئایا منداڵەکەت کێشەی ئالوودەبوونی هەیە بە یوتیوبەوە یان تەنیا کاتێکی خۆش بە تەماشاکردنی ئەو ڤیدیۆیانەوە بەسەردەبات؟
هێمنە و گرنگی بە چالاکییەکان نادات
ماوەیەکە گوێت لە هیچ داواکاری یان پرسیارێکی منداڵەکەت نەبووە؟ تەنانەت شەڕەکانیشی لەگەڵ خوشک و براکانیدا کەمبۆتەوە؟ رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت منداڵەکانت بەردەوام چاویان لەسەر سکرینە زیرەکەکانە و تەماشای فلیم کارتۆن و پێشبڕکێ و ئەو ڤیدیۆیانەی سەرنجی منداڵ رادەکێشن بکەن کاتێک بۆ نموونە باس لە جۆرە نوێیەکانی یارییەکان دەکەن.
زیادبوونی حەزی بەکاربردن
ئایا منداڵەکەت داوای هەندێک یاری و بووکەڵە دەکات کە هەرگیز گوێت لێ نەبووە؟ لەپڕ گرنگی دەدات بە کۆکردنەوەی هەندێ بووکەڵە یان میکانۆ یان هەر یارییەکی دیکە؟ ئەوە لەو کاتەدا دەتوانیت سوپاسی پێگەی یوتیوب بکەیت بۆ ئەو حاڵەتە.
بێگومان ریکلامە بازرگانییەکانی نێو ڤیدیۆکانی یوتیوب نییە کار لە منداڵەکەت دەکەن بۆ زیادبوونی حەزەکانی لەبارەی یارییە منداڵانەکانەوە، بەڵکو بابەت و ناوەرۆکی سەرەکی ڤیدیۆکانە وایلێدەکات بیەوێت ئەو یارییە نوێیانە تاقیبکاتەوە، ئەوە لەنێو منداڵاندا وەکو خولیا و حەزێکی نوێی لێهاتووە.
دەیەوێت هەموو چالاکییەکانی تۆماربکات
دەبینیت منداڵەکەت زیاد لە پێویست و لەهەموو بۆنەیەکدا دەیەوێت وێنەی خۆی بگرێت و کارەکانی رۆژانەی تۆماربکات، رەنگە ئەو پێگەیە بەرپرس بێت لەو خولیایە و بەشێوەیەکی گشتی دەتوانرێت ساتە گرنگەکانی ژیانی منداڵ تۆماربکەیت، بەڵام بەمەرجێک ئاستی سروشتی تێنەپەڕێنێت.
هەندێ شت فێربوون تۆ فێرت نەکردوون
ئایا منداڵە پێنج ساڵانەکەت بۆت شیدەکاتەوە چۆن سابوون لە ماڵەوە دروست دەکرێت؟ یان شێوەی لێدانی سووراو دەبێت لە قەراغەکانییەوە دەستپێبکەیت؟
ئەو نیشانانە دیارترین نیشانەن بۆ ئاگادارکردنەوەی دایک و باوک کە منداڵەکەت ڤیدیۆی زۆر لەو پێگەیە تەماشا دەکات و دەبێت بەو رێوشوێنانەدا بچیتەوە بۆ پارێزگاریکردن و دیاریکردنی ئەوەی لە یوتیوب دەیبینێت و بۆ تەمەنی ئەو گونجاو بێت.
بە تەنیا بەو سکرینە هێوردەبێتەوە
ئەگەر منداڵەکەت دوای رۆژێکی خراپ گەڕایەوە ماڵەوە و مەزاجی شێواو خراپ بوو، پێویستی بە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان یارییەک بوو تاوەکو هەست بە باشیی بکات، دەبینیت بە هیچ شتێکی دیکە رازینابێت تاوەکو مەزاجی چاکبێتەوە و لە گریان ناوەستێت تەنیا یوتیوب نەبێت، لێکۆڵەران باس لەو حاڵەتە دەکەن بەوەی ئەوە نیشانەیە کە منداڵەکەت لەسەر ئەوە سکرینە ئالوودە بووە و دەبێت هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ یارمەتیدانی و رزگاربوون لەو ئالوودەبوونە.
چارەسەری ئالوودەبوون بە یوتیوبەوە
بە پێی پێگەی Family Education بێت هەرچەندە ئالوودەبوونی منداڵ بە یوتیوبەوە کێشەیەکە وردە وردە و لەسەرخۆ پەرەدەستێنێت، بۆیە کاتێک پێیدەزانرێت کێشەکە لای منداڵەکە ئاڵۆزبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ هەنگاو هەیە دایک و باوک دەتوانن بیگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانیان:
-دانانی چاودێری دایک و باوک لەسەر ئەو پێگەیە: رێکخستنەوەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایل یان ئایپاد لەگەڵ یوتیوب لەسەر ئامێری منداڵەکەت هەنگاوی سەرەکیین بۆ پاراستنی لە ناوەرۆکی نەگونجاو بۆ تەمەنی منداڵ.
-ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا نەوتوانی بەردەوام ئەوەی منداڵەکەت تەماشای دەکات بیبینیت، دەتوانیت پرسیاری لێبکەیت تەماشای چیدەکات و حەزی لە چییە؟ چونکە دایک و باوک دەتوانن لەگەڵ منداڵە هەرزەکارەکانیاندا تەماشای ئەو گرتە ڤیدۆییانە بکەن کە ئەوان حەزیان لێیەتی و پێیان بڵێن بەلایانەوە گرنگە ئەو کاتە پێکەوە بەسەر بەرن لەگەڵ ئەواندا.
-دانانی سنوری کاتی تەکنەلۆژی رێگەپێدراو: بۆ منداڵان پێویستە سنور بۆ تەکنەلۆژیا دابنرێت، بۆ نموونە لەکاتی جێبەجێکردنی وانەکانی خوێندن یان خەوتن و نانخواردندا ئەو ئامێرانەیان پێ نەبێت.
-پێویستە مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانی وەکو لاپ تۆپ و تابلێتەکان دەبێت لە ماڵدا لەو ژوورانەدا بەکاربهێنرێن کە تایبەتە بە هەموو خێزان، چونکە لەو حاڵەتەدا ئەو کۆت و بەندانە وادەکەن هەستی خەمۆکی و تەنیایی پەیوەست بە زۆر بەسەربردنی کاتی منداڵ لەگەڵ تەکنەلۆژیا و پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمبێتەوە.
لە کۆتاییدا لە هەمووی گرنگتر هیچ کام لەو هەنگاو پلانانەی سەرەوە بۆ چارەسەری منداڵ لە ئالوودەبوون بە تەکنەلۆژیا و یوتیوبەوە سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر هاتوو یەکێک لە دایک و باوک یان هەردووکیان خۆیان ئەو کێشەیەیان هەبێت و ئالوودە بن بە یوتیوب یان پێگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە و سەرەتا دەبێت چارەسەری خۆیان بکەن ئینجا منداڵەکانیان، چونکە دواجار دایک و باوک نموونەی باڵای منداڵن و چاویان لێدەکەن.
سەرچاوە: رویترز عربی