کەرکوک؛ هه‌ڵمه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و چاككردنی شه‌قامه‌كان ده‌ستی پێكرد

11:35 - 2024-06-04
ڕاپۆرت
243 جار خوێندراوەتەوە

كه‌ركوك، هێمن ئه‌حمه‌د


شاره‌وانی كه‌ركوك هه‌ڵمه‌تی چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی ده‌ستپێكرد و سه‌رۆكی شاره‌وانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و شه‌قامانە‌ی كه‌ تائێستا چاك نه‌كراونه‌ته‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ چاككردنی بۆری ئاوه‌ڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌وباره‌وه‌ ئه‌ندازیار ئه‌حمه‌د عومه‌ر سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ گشت شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و رێگه‌وبانه‌كانی پارێزگاكه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌بێ جیاوازی، وتیشی: ئه‌و شه‌قامانه‌ی كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان پێنه‌گه‌یشتووه‌ چاوه‌ڕێی چاككردنی بۆری ئاوه‌ڕۆكانیانین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نووسراومان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوه‌ڕۆی شاره‌كه‌ كردووه‌ كه‌ دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانیان ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌ تاكو ده‌ستبه‌كاربین.
سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا رێگه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ركوك-سلێمانی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی رێگه‌وبان، نۆژه‌نیان كردووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن.
سه‌باره‌ت به‌فڕێدانی خۆڵ ‌و خاشاك له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌، وتی: دیارده‌یه‌كی ناشارستانی له‌لایه‌ن هاووڵاتییه‌وه‌ به‌دیده‌كرێت ئه‌ویش فڕێدانی خۆڵ ‌و خاشاكه‌ له‌نێو شۆسته‌ و شه‌قامه‌كاندا، بۆیه‌ گشت لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك خۆڵ ‌و خاشاكه‌كه‌ی له‌نێو شۆسته‌كه‌، یاخود له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی فڕێبدات، تووشی سزای ماددی و لێپرسینه‌وه‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌تی خاوه‌ن ماتۆڕسكیله‌كان فێربوون له‌نێو كۆڵانه‌كان خۆڵ و خاشاكی ماڵان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و دواتر له‌نێو شۆسته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار فڕێیده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش بارگرانی بۆ كارمه‌ندانی ژینگه‌پارێز دروستكردووه‌.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان