ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.
رووناك عەزیز ئیسماعیل
رووناک عەزیز ئیسماعیل یەکێکی دیکەیە لەو ژنە شۆڕشگێرانەی باسی چیرۆکی خەبات و تێکۆشانی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێت: لە ساڵی1947 لەدایکبووم و لە ساڵی 1972 پەیوەندیم كردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، لە خوێندندا ئامادەیی هونەری ماڵی-م تەواو کردووە ولەئێستادا مامۆستای خانەنشینم.
رووناک عەزیز باس لەوە دەکات کە لە خێزانێكی كوردپەروەرو شۆڕشگێڕدا لە دایكبووە و دەڵێت: هەمیشە خۆمان بە دڵسۆز بۆ خاك و نەتەوەكەمان داناوە، دەتوانم بڵێم 60% دروستبوونی شۆڕش و كۆبوونەوەكان بۆ ئەو مەبەستە لە ماڵی ئێمەدا کراوە.
لە زۆر كۆڕوكۆبوونەوەی بەرفراواندا بەشداریم كردووە هەر ئەركێكم پێ سپێردرابێت بە خۆشحاڵییەوە کردوومە.
دەربەدەریی و نەهامەتی
ئەو ژنە دەڵێت: هەرچەندە دەربەدەری و نەهامەتی زۆرمان چەشتووە، لە ژێر هەڕەشەی توندی بەعسدا بووین بەوهۆیەوە ماڵمان تاڵان كراوە و چەندینجار خۆمان شاردۆتەوە لە دەستی رژێم و چەندینجار هەڵهاتووین.
زۆربەی یادگارییەکانی ئەو سەردەمە یادگاریی تاڵن، بەڵام تاكە یادگاریەك كە لام خۆش بووبێت ئەوە بوو ساڵی 1982 چووم بۆ خڕەی ناوزەنگ و توژەڵە بۆ بینینی برای خۆشەویستم سالار عەزیز ئەوەش لە دوای شەش ساڵ و حەوت مانگ لە دابڕان، بەڕاستی سەردەمی بەعس بۆ كورد ژیانێكی زۆر ئازاربەخش و ناهەموار بوو.