پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی دەكەن

ئەسەدی و بەلداوی: سەرۆك مام جەلال رۆڵی سەرەكی لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عیراقیدا هەبوو

10:37 - 2024-06-05
عیراق
252 جار خوێندراوەتەوە
خالید ئەسەدی ------ محەمەد بەلداوی

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار 

 

خالید ئەسەدی، جێگری ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی (رێكخراوی عیراق) و محەمەد بەلداوی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێن، سەرۆك مام جەلال رۆڵی سەرەكی هەبوو لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عیراقی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، پیرۆبایی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن، بە بۆنەی 49 ساڵەی یادی دامەزراندنی، جەختیش لەسەر گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتیدا دەكەنەوە، لەپێناو یەكڕیزیی و یەكێتیی نیشتمانیی عیراق و خزمەتكردن بە عیراقییەكان. 

 

جێ پەنجەی مام جەلال لەسەر پرۆسەی سیاسی 
خالید ئەسەدی، جێگری ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی (رێكخراوی عیراق) بە (كوردستانی نوێ‌)ی راگەیاند:»سەرەتا پیرۆزبایی لە هاوڕێیان و برایانمان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنەوە، ئەم بۆنەیە وامان لێدەكات، بەشێوەیەكی روون و دیاریكراو قسە لەسەر رۆڵی گەورەی ئەو قەوارە سیاسییە گرنگ و چالاكە بكەین لە پرۆسەی سیاسی عیراق لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون و قۆناغی بنیاتنانەوەی دەوڵەت، بەدڵنیاییەوە كەس رۆڵی مەزنی كۆچكردوو مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق لەیاد ناكات كە بەڕوونی جێپەنجەی دیاربوو لە چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی و كاركردنی هاوبەش و بنیاتنانی سیستمی سیاسی نوێ‌». 

كار و خەباتی هاوبەش   
ئەسەدی دەڵێت:»بەدڵنیاییەوە ئێمە چاومان بڕیوەتە ئەوەی سەركردایەتی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردە مێژووییەكانی حزبەكە، رۆڵی زیاتر بگێڕن لە پتەوكردنی پەیوەند دووقۆڵییەكان و پتەوكردنی یەكێتی و یەكڕیزی نیشتمانیی عیراقی، ئێمە بە دڵنیاییەوە شانازیی بە هاوبەشیمان دەكەین لەگەڵ برایانمان لە یەكێتی، لەو بڕوایەشداین ئەم هاوبەشییە پانتاییەكی فراوانی لە رووبەری هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكان بە ئاراستە جیاجیاکانیان داگیركردووە، بە تایبەتیش لەگەڵ هێزە شیعەكان لە عیراق كە پەیوەندییەكی زۆر باش و پتەوییان لەگەڵ یەكێتیدا هەیە، ئێمەش لە حزبی دەعوە (رێكخراوی عیراق)، پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵ برایانمان هەیە لە یەكێتیی و دیدار و چاوپێكەوتنی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكە هەیە و ئەو پەیوەندییەش پشتیوان بە خودا بەردەوام دەبێت، بە هەمان شێوە بەرنامەیەكمان هەیە بۆ تەواوكاریی لە هەڵوێستە سیاسییەكان و كاریی كۆمەڵایەتی وكەلتووری، لەگەڵ دامەزراندنەوە و سەرلەنوێ‌ نەخشاندنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەنێوان هێزە سیاسییەكان جیاجیاكان». 
«سەری رێز و نەوازش دادەنەوێین بۆ هەموو شەهیدانمان بۆ سەركردەكانی رابردوومان، سەری رێز بۆ هەموو شەهیدان بەدرێژایی مێژووییان و بە درێژایی مێژوومان دادەنەوێنین»،   ئەمەش دوا وتەی خالید ئەسەدی جێگری ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی (رێكخراوی عیراق) بوو.    

خالید ئەسەدی:
 كەس رۆڵی كۆچكردو مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق لەیاد ناكات كە جێپەنجەی لە چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكان دیاربوو


یادی دامەزراندنی یەكێتی  

هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد بەلداوی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، بە (كوردستانی نوێ‌)ی رایگەیاند:»پیرۆزبایی لە گەلی كورد و گەلی عیراق دەكەین، لە ئازادیخوازان و تێكۆشەران بە بۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەم حزبە تێكۆشەرە قوربانییەكی زۆری لەپێناو عیراق و بنەما پیرۆزەكان داوە، لەئێستادا كە یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە، ئێمە یادی هەڵوێستی جوامێرانەو نیشتمانپەروەریی یەكێتیی دەكەینەوە بەرامبەر بە گەلی عیراق، بە هەمان شێوە یادی مام جەلال سەركردەی گەورەی وڵات دەكەینەوە، لە هەمان كاتدا یادی خوێنی شەهیدانی نیشتمان دەكەینەوە كە تێكەڵ بوو بە قوربانیدان و گیان فیدایی، یادی هەموو ئەو هەڵوێستانە دەكەینەوە كە تێیاندا خوێن و فرمێسكی گەلی عیراق تێكەڵ بە یەكدی بوون، ژیانیان لەگەڵ یەكتردا دابەش كرد و پێكەوە ئارامگرانە ئەو ستەمەیان تێپەڕاند كە رژێمی لەناوچووی بەعس دەرهەق بە گەلی عیراقی دەكرد، شەهیدان بە خوێنی ئاڵی خۆیان جوانترین دێڕە مێژووییەكانیان نوسیووە، لەپێناو شكۆ و سەربەرزیی، لەمڕۆشدا دەچینە قۆناغێكی نوێوە لە مێژوویی عیراق، كە لەنێوان برایانمان لە یەكێتی و ئەو هەڵوێستە شەرفمەندانەیاندایە و لێوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان پێكهێنا، كە دواتر بووە مایەی پێكهێنانی حكومەتی ئێستای عیراق كە حكومەتی حزمەتگوزاریی نیشتمانییە، یادی هەڵوێستی هەردوو برای سەركردەمان كاك بافڵ و كاك قوباد دەكەینەوە كە پشتی رۆڵەكانی نیشتمانیان گرت و بابەتەكانی ترییان وەلانا و بەرژەوەندی گەل و پێكهاتەكانی وڵاتیان خستە پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی ترەوە». 

 

محەمەد بەلداوی: لەیادی دامەزراندنی ئەم حزبەدا، هەڵوێستی جوامێرانەو نیشتمانپەروەرانەی یەكێتیی و مام جەلال-ی سەركردەی گەورە بەرز دەنرخێنین

یەكێك لە گرنگترین كۆڵەكەكانی نیشتمان
بەلداوی دەڵێت: «سەرۆكی كۆچكردوو برامان مام جەلال تاڵەبانی، پیاوێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو، یەكێك بوو لە گرنگترین كۆڵەكەكانی نیشتمان و بنیاتنانی دەوڵەتی عیراقی نوێ‌ لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، مام جەلال عیراقی بوو بە هەموو واتاكانی عیراقی بوون، دڵسۆزی هەموو رۆڵەكانی گەلی عیراق بوو، بە هەموو تایەفە و نەتەوە و ئەتینیك و ئاینەكانی، پارێزگاریی لە یەكێتیی ریزەكانی گەلی عیراق و یەكێتیی پێكهاتەكان دەكرد، رۆڵی گەورە و دەركەوتوویی هەبوو لە یەكخستنی لایەنەكان، وێڕای مێژووی خەبات و تێكۆشانی لە روخاندنی رژێمی لەناوچووی بەعس، رۆڵی گەورە و بەرچاویشی هەبوو لە پێكهێنانی عیراقی نوێ‌«. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان