ئامادەکردنی: مستەفا فاتیح
د. قوتبەدین سادقی، نووسەر، شانۆنامەنووس، ئەكتەر و دەرهێنەر، ساڵی 1952 لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، ساڵی 1970 لە دواناوەندی هیدایەت، خوێندنی ئامادەیی تەواو كرد و پاشان چووە زانكۆ و لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی تاران وەرگیرا و ساڵی 1975 بەكالۆریۆسی هونەری تەواو كرد. دواتر روویكردە وڵاتی فەرەنسا بۆ درێژەدان بە خوێندن و ساڵی 1979 بڕوانامەی ماستەری شانۆی لە زانكۆی سۆربۆن بە دەستهێنا.
چیرۆكی ئەم شانۆنامەیە لە راستیدا چیرۆكی ئەنفالە و قوتبەدین سادقی، لەم شانۆنامەیەدا خەریكە لە زمانی ژنێكەوە چیرۆكی ئەنفال و كارەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە
شانۆی لە سۆربۆن تەواو كرد
چەند ساڵ دواتر ساڵی 1985 بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی سۆربۆن بەدەستهێنا. پاش تەواوكردنی خوێندن لە زانكۆی سۆربۆن گەڕایەوە ئێران لە زانكۆكانی ئێران بوو بە مامۆستا و لەهەمانكاتدا سەرقاڵی كاری نمایشی شانۆیە و چەندین شانۆنامەی زۆر باشی پێشكەش كردووە كە بەشێكی زۆری شانۆنامەكانی دەرخەری ئازار و خۆشی و ناخۆشییەكانی كۆمەڵگای كوردستانن.
لە چەند فیلمی سینەماییدا رۆڵ دەبینێت
قوتبەدین سادقی لەگەڵ ئەوەی وەك شانۆكار و دەرهێنەر و شانۆنامەنووس كاری كردووەو كار دەكات، لەهەمانكاتیشدا وەك ئەكتەر لە چەند فیلمی سینەمایی و زنجیرەییدا دەوری گێڕاوەو وەك ئەكتەرێكی سینەمایی و تەلەفزیۆنی ناسراوە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە زنجیرە تەلەفزیۆنییەكانی (جانتای ئینگلیزی)، (كڵاوی پەهلەوی) .
قوتبەدین سادقی لەم دوو زنجیرە درامایەدا زۆر باش وەك ئەكتەر دەوری گێڕا و دەورێكی سەركەوتوانەی هەبوو، هەروەها لە چەند فیلمی سینەماییشدا لەوانە ، «مرۆڤكوژ»، «تاوانباران» و « كوێستانی قەندیل» و ... هتد دەوری گێڕا.
دەوری سەرەكی دەگێڕێت
لە فیلمی كوێستانی قەندیلدا لە دەرهێنای «تەها كەریمی» زۆر باش دەور دەگێڕێت و لە راستییدا دەورێكی سەرەكی هەیە لەم فیلمەدا و ئەم فیلمە چەند خەڵاتی نێونەتەوەیی بە دەستهێنا.
لە فیلمی كوێستانی قەندیلدا، قوتبەدین سادقی ، دەوری كەسێك دەگێڕێت بە ناوی «شەماڵی دوعا» كە لە فەقێیەتییەوە بووە بە رووناكبیرێكی چەپ و ماركسیست. لەگەڵ عەینەدینی دەف و رەسوڵی فرمێسك بە شوێن نەسرین دا دەگەرێن. نەسرینێك كە كچی مجێوری مزگەوتەكە بووە و ئەمان لە سەر نەسرین لە فەقێیەتی دەركراون. ئێستا شەماڵی دوعا و عەینەدینی دەف و رەسوڵی فرمێسك، هەر كامەیان بە جیا بە شوێن نەسریندا دەگەڕێن كە لە زیندانی بەعسە. سەرەنجام یەك دەگرن و بە پیلانێك دەتوانن نەسرین ئازاد بكەن. فیلمی كوێستانی قەندیل لە لایەن تەها كەریمییەوە بەرهەم هاتووە، فیلمێكە دژە جەنگە. باس لەوە دەكات جەنگەكان ماڵوێران و كوشتنیان بە دوای خۆیاندا هێناوە. كوێستانی قەندیل كە سنووری سێ وڵاتی توركیا، ئێران و عیراقە بووە بە مەیدانی جەنگێك. ئەوانەی لەو كوێستانە كوژراون، لە كورد، تورك، فارس، عەرەب، بێ سەروشوێنن و بنەماڵەكانیان، ژنەكانیان، دایك وخوشكەكانیان بە شوێنیاندا دەگەڕێن.
زۆربەی زۆری ئەو شانۆنامانەی كە قوتبەدین سادقی نووسیویەتی و هەر خۆیشی بەشێكی زۆری بردۆتە سەر سكۆی شانۆ و نمایشی كردووە بە زمانی فارسییە، بەڵام لە زۆربەیاندا باس لە كوردستان، كوردبوون، خەمەكانی كورد و جوگرافیای كوردستان دەكات.
شانۆنامەی «سەد هەزار ئۆفیلیای ئەویندار» كە چەند جار و لە لایەن چەند دەرهێنەرەوە براوەتە سەر سكۆی شانۆ، مۆنۆلۆگێكە لە لایەن ژنێكەوە نمایش ئەكرێت و باس لە چیرۆكی ژنێك دەكات كە دەوری «ئۆفیلیا» و ژیانی ئەم ئەكتەرە شانۆییە، لە ژیانی راستەقینەی خودی ئەو ژنە دەچێت كە دەوری ئۆفیلیای ئەویندار دەگێڕێت. ئەو شانۆنامەیە لە شانۆنامەی هۆملێتی شكسپێر وەرگیراوە.
چیرۆكی ئەم شانۆنامەیە لە راستیدا چیرۆكی ئەنفالە و قوتبەدین سادقی، لەم شانۆنامەیەدا خەریكە لە زمانی ژنێكەوە چیرۆكی ئەنفال و كارەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە. لەم شانۆنامەیەدا باس لە هەموو ئەو كارەساتانە دەكرێت كە ئەنفال خوڵقاندوویەتی. شانۆ زمانی قوتبەدین سادقییە بۆ باسكردن لە كارەساتی ئەنفال. بگێڕەوە ژنێكە كە كەس و كاری لە ئەنفال لە دەستچووە. ئەنفالی بە چاوی خۆی بینیوە. بە شێوەیەكی مۆنۆلۆگ خەریكە ئەم كارەساتە دەگێڕێتەوە و مۆنۆلۆگەكە 45 خولەك دەخایەنێت.
لە شانۆنامەی «عەزیزی شەنگالی»دا قوتبەدین سادقی باس لە كارەساتی شەنگال و ئاوارەیی و كوشتاری بە كۆمەڵی كوردەكانی شەنگال ئەكات بە دەستی داعش. ئەم شانۆنامەیە كە دروست ماوەیەكی كەم دوای كارەساتی شەنگال روویدا، هەوڵێكە بۆ نمایش كردنی ئازاری كوردە ئێزەدییەكان بە دەستی داعش. قوتبەدین سادقی زمانی شانۆ و سكۆی شانۆی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ئازارەكان بە وێنا بكێشێت و لە هەمان كاتدا دژ بە فەرامۆش كردن بوەستێتەوە. ئەو دەیەوێت ئێمە ئازارەكان لەبیر نەكەین.
شانۆنامەی « نەبیت باشترە» هەوڵێكی قوتبەدین سادقییە بۆ وەستانەوە دژ بە فەرامۆشی و نمایش كردنی ئازارەكان. ئەم شانۆنامەیە باس لە كارەساتی كیمیابارانی سەردەشت دەكات و ئەم شانۆنامەیەش ئەمساڵ رۆژی 7ی پووشپەڕ لە یادی كیمیاباران كردنی سەردەشت بە دەستی رژیمی بەعس نمایش كرا. ئەم شانۆنامە چیرۆكی كۆمەڵێك كرێكارە كە لە تاران كار دەكەن، كرێكارەكان سەر بە نەتەوە جیاجیاكانی ئێرانن و هەركامیان بە شێوەیە هەوڵ دەدات ئازارەكانی خۆی بگێڕێتەوە. یەكێك لەو كرێكارانە، كوڕێكی سەردەشتییە كە 7 ساڵە بە هۆی كیمیابارانی سەردەشتەوە تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی بووە بە دەستی ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت. قوتبەدین سادقی لای وایە تا ئێستا بەرامبەر بە سەردەشت كەمتەرخەمی كراوە. ئەو ئەپرسێت تا ئێستا چەند شانۆنامە دەربارەی كارەساتی سەردەشت نووسراوە؟ چەند فیلم لەم بارەوە بەرهەم هاتووە؟
دەكرێت قوتبەدین سادقی بە ناسنامەی شانۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بزانین، ئەو راستە چەند بەرهەمی سینەمایی و لێكۆڵینەوەیی و چیرۆكی هەیە، بەڵام زیاتر وەك شانۆنامەنووس و دەرهێنەر ناسراوەو زمانی شانۆی هەڵبژاردووە بۆ بە وێنا كێشانی ئازار و خەم شادییەكان. كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكان لە شانۆنامەكانی د. قوتبەدین سادقیدا زۆر بە باشی رەنگیان داوەتەوە. قوتبەدین لەگەڵ ئەوەی هونەرمەندێكی ئاكادێمیكە كە لە ئێران و كوردستان وەك كەسێكی بەتوانا چاوی لێ دەكرێت، لە هەمانكاتدا كەسێكە كە پەیوەستە بە كۆمەڵگاوە. تەنها لە چوارچێوەی ئاكادێمی و زانكۆییدا نەماوەتەوە، بەڵكوو هەوڵ دەدات شانۆ و هونەر بكات بە زمانێك بۆ دەربڕینی ئازارەكان.