لەپێناو كوردستانێكی سەوزدا

11:01 - 2024-06-09
ژینگە
151 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: ئالان محەمەد جەزا


كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز یەكێكە لە كۆمەڵە ژینگەپارێزە چالاكەكان لە هەرێمی كوردستان، کە لەسەر هەڵمەتەكانی بۆ سەوزكردنی كوردستان و پاراستنی ژینگەی كوردستان بەردەوامە، بۆیە لە دیدارێکی تایبەتدا شادان ئەبوبەكر ئەحمەد سەرۆكی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لەبارەی ئەوەی ئەمساڵ چەند هەڵمەتیان بۆ سەوزكردنی كوردستان جێبەجێکردووە وتی: هەڵمەتەكانی ئێمە لە نەمام چاندندا سنوورێكی بەرفراوانی هەیە، واتا تەنها لەناو شاری سلێمانیدا نییە، ئێمە لە هەموو پارێزگاكاندا تەنانەت لە پارێزگای كەركوك و دەڤەری گەرمیان و دەڤەری راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك واتا هەموو هەرێمی كوردستان چالاكییەكانمان بەردەوامە، هەڵمەتەكانمان زۆرن و لێرەوە سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و جەنابی وەزیری کشتوکاڵ بێگەرد خان دەكەین كە ئەمساڵ توانی (25000) بیست و پێنج هەزار نەماممان بۆ دابین بكات بەبێ‌ بەرامبەر، ئێمەش توانیمان ئەو نەمامانە لە هەموو پارێزگاكاندا دابەشبكەین و سوپاس بۆخودا ئەمە هەمووی جێگەی خۆی گرتووە، ئەو شوێنانەشی سودمەند بوون لەم بڕە نەمامانە گوندەكان و سەنتەری شارەكان و خوێندنگەكان و فەرمانگەكان و رێگە گشتییەكان و مزگەوتەكان بووە، توانیومانە ئەو نەمامانە لەو شوێنانە هەڵمەتی چاندنیان بۆ بكەین. هاوکات دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی دارستان و پاوانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەکەین بۆ دابینكردنی بڕی نەمامی پێویست بۆ ئەو شوێنانەی هەڵمەتی نەمام چاندنیان تێدا کراوە.

 

 

شادان ئەبوبەكر ئەحمەد 

کار و  چالاکییەکانیان
شادان ئەبوبەکر سەبارەت بەو چالاكییانەی كۆمەڵەکە بەگشتی بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان کردوویانە وتی :ئێمە بەشداریمان كردووە لە پانێل و سیمینارەکان و كۆڕە ژینگەییەكاندا لە بەرنامەكانی تەلەفزیۆن و رادیۆییەكاندا بەشدارین، هەروەها یارمەتی ژینگەپارێزانی كوردستان دەدەین بەتایبەتی لەمساڵدا لە جەژنی رەمەزاندا توانیمان سەبەتەی خۆراك بۆ ژینگەپارێزان دەستەبەربكەین لەڕێگەی كۆمپانیاكانی سنووری چالاكیمانەوە. چالاكییەكی دیکەی كۆمەڵەكە وتنەوەی سیمیناری ژینگەییە لە خوێندنگەكان و ئەو شوێنانەی پێویست دەكات ئێمە لەوێ بین، توانیومانە لەلایەن خەڵكی پسپۆڕی ژینگەییەوە سیمیناری ژینگەیی پێشکەش بکەین، كارێكی دیكەمان بەدواداچوون بووە بۆ كێشە ژینگەییەكان لە هەرشوێنێك كێشەی ژینگەیی هەبووبێت ئێمە لەو شوێنە بووین.

هەڵمەتی نەمام چاندن
دەربارەی ئەو هەڵمەتی نەمام چاندنەی لە مانگی ئایاردا بە هاوكاری كۆمەڵەی تیپە میللییەكان لە پاركی ئازادی بەڕێوەچوو سەرۆکی کۆمەڵەکە وتی: كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز بە هەماهەنگی كۆمەڵەی تیپە میللییەكان و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی توانیمان هەڵمەتێكی نەمام چاندن  جێبەجێبکەین كە نزیكەی (80) نەمام جۆری توو-مان لەناو پاركی ئازادیدا چاند، ئامانجی ئەم هەڵمەتەش ئەوەبوو لەگەڵ كۆمەڵەی هونەرمەنداندا هەردووكمان هەماهەنگ بین بۆ زیادكردنی رووبەری سەوزایی و پاراستنیشی، چونكە چەند ئێمە پێویست دەكات نەمام بچێنین ئەوەندە پێویست دەكات پارێزگاری لێبكەین نەفەوتێت، ئەوە كاری سەرەكی ئێمەیە .

پلان و کاری داهاتوویان
دەربارەی پلانی داهاتووی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز ئەو شادان ئەبوبەکر وتی: كاروچالاكییەكانی كۆمەڵەکە بەردەوامە، ئێمە لە هەموو بۆنە و رۆژە ژینگەییەكاندا بەردەوامین لە كار و چالاكییەكان.
شایەنی باسە كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز ئامانجی هێنانەكایەی ژینگەیەكی تەندروستە بە هاوكاری و پشتیوانی سەرۆك مام جەلال لە 16/10/1991 دامەزراوە، كۆمەڵەكە لە هەموو هەرێمی كوردستاندا كاردەكات بە كەركوك و خانەقینیشەوە، لە سەرتاسەری كوردستاندا ناوەندی هەیە و یەكێكە لە كۆمەڵە چالاكەكانی پاراستنی ژینگە لە کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان