عیراق، رۆژانە 23 ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاک بەرهەمدەهێنێت

11:04 - 2024-06-09
ژینگە
324 جار خوێندراوەتەوە
#عیراق لە فڕێدانی خۆڵ و خاشاکدا لە ریزبەندی پیسترین وڵاتانی جیهاندایە

ئا: فەرید دڵشاد


شۆڕشەكانی پیشەسازی ‌و تەكنۆلۆژیا، هەرچەندە بەرەوپێش دەچن و مایەی دڵخۆشیین، بەڵام كاریگەری خراپیان لەسەر ژینگە دروستكردووە، بەجۆرێك، چەند گەشەی ئابووری، ئاوەدانی، دەوڵەمەندی ‌و ئاستی گوزەران هەڵكشێن هێندەش رێژەی پیسبوونی ژینگە و پاشەڕۆ و پاشماوەكان زیاد دەكات، ئەوەش بە ئاشكرا دەركەوتووە كە شارەكان دوو بەرامبەری شارۆچكە و گوندەكان پاشەڕۆ فرێدەدەن.
لە جیهاندا زیاترن لە 50 جۆر پاشماوە هەن كە مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت و كۆیان دەكاتەوە، وەك ئەلیکترۆنی پلاستێك و گازە ژەهراویی و مادە پلاستیكیییەكان، ئەمانە لە جۆری پاشماوە مەترسیدارەكانن بۆ ژیانی مرۆڤ و ژینگە و ئاژەڵ و خاك و ئاوی ژێر زەوی، ئەوەشی جێگەی داخە عیراق لە فڕێدانی خۆڵ و خاشاکدا لە ریزبەندی پیسترین وڵاتانی جیهاندایە، هەر تاكێكی عیراقی رۆژانە زیاتر لە دوو كیلۆ پاشماوە فڕێ دەدات.
فازل غەراوی، سەرۆكی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عیراق رایگەیاند: هەر تاكێكی عێراقی رۆژانە زیاتر لە دوو كیلۆ خۆڵ و خاشاک فڕێدەدات، رێژەی پاشماوە دەگاتە 23 ملیۆن تۆن لە رۆژێكدا، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی كەشوهەوا و ژینگەی عیراق، بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لەلایەن كۆمپانیای IQ Air سویسرییەوە ئامادەكراوە، عیراق لە ریزبەندی دووەم وڵاتدایە لە ساڵی 2023 بۆ پیسترین وڵات لە جیهاندا.
لێكۆڵینەوەكە دەریدەخات رێژەی پیسبوون لە عیراق لەماوەی یەك ساڵدا نزیكەی دوو هێندە زیادیكردووە، لە ساڵی 2021-2022 بەڕێژەی 49.7 بووە، هەروەها لە ساڵی 2020-2021 عیراق پلەی دەیەم بووە لە لیستی پیسترین وڵاتدا بە رێژەی 39.6 مایكرۆگرام، ئەوەش لەكاتێكدایە تێكڕای چڕیی تەنۆلكە پیسبووەكان لە عیراقدا گەیشتووەتە 43.8 مایكرۆگرام بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەك.
لەگەڵ ئەوەی عیراق رۆژانە ئەو پاشماوە زۆرە فڕێدەدات هاوكات رووبەڕووی ئاڵنگارییەكی گەورە دەبێتەوە لە بەڕێوەبردنی پاشماوەدا، بەجۆرێك توانای وڵات بۆ چارەسەركردنی ئەم پاشماوەیە رۆژانە چەند تۆنێكە، ئەمەش كەلێنێكی گەورە لە بەڕێوەبردنی پاشماوەکاندا دروست دەكات، هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكان كار بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكەن بە دامەزراندنی كارگەی نوێی ریسایكلین كردنی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک، بەتایبەت پاشماوەی پلاستیكیی.
هاوکات عیراق لەڕووی چارەسەركردنی پاشماوەكانەوە چەند هەنگاوێكی ناوە لەوانە گۆڕینی پاشەڕۆ بۆ وزەی كارەبا، بەوتەی محەمەد ئەلڕوبەیعی بەڕێوبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەغدا، رۆژانە بەغدا 9 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک بەرهەم دەهێنێت، هەربۆیە هەوڵی ئەوەیانداوە پاشماوەکان بگۆڕن بۆ وزەی كارەبا، چونكە سوتاندنی پاشماوەکان لە سەعاتێكدا 40 مێگاوات كارەبا دەدات.

سەرچاوە: الا‌قتصاد نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان